پرسیار: ئایا دروستە بە کەسێک بڵێیت بە دەستی خۆم ئەتخەمە ناو ئاگری دۆزەخ، نموونە: ئەگەر بلێت هەر کەسێک غەیبەتم بکات بە دەستی خۆم ئەیخەمە ناو ئاگری دۆزەخ؟
وەڵام: زولم کردن و حەقی بەندەکان تەوبەی ڕاستیش بکەیت ئەگەر قەرەبووی نەکەیتەوە لە دونیا لە قیامەت قەرەبووی دەدەیتەوە، ئەمە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، وە کەس ناتوانێت ڕێگری لە فەزلی خوای گەورە بکات ئەگەر بیەوێت زولم لێکراوێک قەرەبوو بکاتەوە بە فەزلی خۆی لە لای خۆی.
خەڵک خستنە ناو ئاگر ئیشی بەندە نییە، بەندە کەسێکی لاوازە و دەبێت ئاگای لە زمانی خۆی بێت و خۆی لە جێگای خوای گەورە دانەنێت بۆ خەڵک خستنە ناو ئاگر، نەوەک کردەوەکانت پوچ ببێت وەک ئەو کەسەی سوێندی خوارد خوای گەورە لێت خۆش نابیت.
عن جندب بن عبد الله رضي الله قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: (قال رجل: والله لا يغفر الله لفلان، فقال الله عز وجل: من ذا الذي يتألى عليّ أن لا اغفر لفلان؟ إني قد غفرت له وأحبطت عملك) رواه مسلم.
واتە: جوندوبی کوڕی عبد اللە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) فەرمووی: (پیاوێک لە نەوەکانی ئیسڕائیل گوتی: واللە خوا لە فلان خۆش نابێت، خوداش فەرمووی: ئەوە کێیە (خۆی کردووە بە گەورە بەسەر منەوەو) سوێند دەخوات کە لە فلان کەس خۆش نابم، ئەوا من لێی خۆش بووم و کردەوەکەی تۆشم پووچەڵ کردەوە.)
وفي حديث أبي هريرة أن القائل رجل عابد، قال أبو هريرة: تكلم بكلمة أو بقت دنياه وآخرته.
واتە: لە فەرموودەکەی ئەبو هوڕەیڕەدا هاتووە کە ئەوەی قسەکەی کرد پیاوێکی خواپەرست بووە، ئەبو هوڕەیڕە فەرمووی: گوتەیەکی لە دەم هاتە دەر دونیا و قیامەتی لە دەست خۆی دا.
سەبارەت بە کەفارەتی غەیبەت هەندێک زانا دەلێن کەفارەتی غەیبەت کردن داوای لێ خۆش بوون کردنە بۆ ئەو کەسەی کە غەیبەتت کردووە، پێویست ناکات داوای لێبوردنی لێ بکەیت و گەردەنی خۆتی پێ ئازا بکەیت، کە ئەمە وتەی ابن تیمییە وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد، ابن قیم و ابن مفلح و سفارینی و چەند زانای ترە و ابن مفلح لە ابن تیمییە نقل دەکات دەلێت ئەمە وتەی زۆربەی زانایانە، بەلگە:
١- عن ٲنس عن النبی صلی الله علیه وسلم قال: (کفارة من غتبته ٲن تستغفر له). واتە: کەفارەتی ئەوەی کە غەیبەتت کردووە ئەوەیە کە داوای لێ خۆش بوونی بۆی بکەیت.
لەم فەرموودەیە تەنها باسی داوای لێ خۆش بوونی کردووە، بەلگەیە کە تەنها داوای لێ خۆش بوون بۆ کردن بەسە.
هەندێک زانا دەلێن فەرموودەکە لاوازە بەلام ماناکەی ڕاستە، وە هەندێکیش دەلێن فەرموودەکە ڕاستە، بەلام وتەی ڕاست فەرموودەکە لە سەنەد لاوازە.
٢- ئەگەر گەردنی خۆت بەو کەسە ئازا بکەی کە غەیبەتت کردووە زیانی زیاترە و زیاتر ئازاری دەدەیت.
٣- هەروەها ئاشکرا کردن کە من غەیبەتی تۆم کردووە و گەردەنم ئازا بکە دەبێتە هۆکار بۆ دوژمنایەتی و گەورەتر دەبێت.
٤- هەروەها ئاشکرا کردن کە من غەیبەتی تۆم کردووە گەردەنم ئازا بکە ئەو خۆشەویستییەی پێشتر ناهێلێت.
دین ڕێگای دوژمنایەتی و نەمانی خۆشەویستی یان کەم بوونی خۆشەویستی داخستووە.
دووەم : هەندێک زانا دەلێن داوای لێ خۆش بوون بۆ کردن بە تەنها بەس نییە، بەلکو دەبێت گەردەنی خۆی پێ ئازا بکات بۆ ئەوەی تەوبەکەی دروست بێت، کە ئەمە وتەی ابو حنیفە و شافعی و مالک و قرطبی و النووي و چەند زانای ترە، بەلگە:
١- قیاس دەکەن لەسەر حەقی مالی ، چۆن مال بردنی کەسێک دەبێت ئیلا گەردەنی خۆتی پێ ئازا بکەیت ئەمەش بە هەمان شێوە.
٢- هەروەها فەرمودەی دەلێت داوای لێخۆش بوون بۆ بکە لاوازە.
وتەی ڕاست زانایان دەلێن:
یەکەم: ئەگەر بزانێت یەقینت هەبێت ئەو کەسەی کە تۆ غەیبەتت کردووە کاتێک دەچیتە لای گەردەنی خۆتی پێ ئازا دەکەیت کەسێکی باش بێت و قبوول دەکات و تووڕە نابێت (واتە کەسێکی لێبوردەیە) دەبێت ئیلا گەردەنی خۆتی پێ ئازا بکەیت.
دووەم: ئەگەر بزانێت یەقینت هەبیت ئەو کەسەی کە غەیبەتت کردووە کەسێکی لێبوردە نییە، نابێت داوای گەردەن ئازای لێ بکەیت چونکە خراپتر دەبێت.
سێیەم: ئەگەر بەگومان بێت لەو کەسەی کە غەیبەتت کردووە ئایا لێبوردەیە یان نا لەم حالەتە نابێت داوای گەردەن ئازایی لێی بکەیت، چونکە ئەگەری زەرەری زیاتر و گەورەتری هەیە.
هیچ بەڵگە نەهاتوون بەندە بە دەستی خۆی خەڵک بخاتە ناو ئاگر، ئەم قسەیە هەڵەیەکی گەورەیە و ترسانەکە، لەوانەیە خوای گەورە لە کەسەکە خۆش بێت بێ ئەوەی سزای بدات.