پرسیار: کوڕێک دەڵێت من چەند جار چوومە داوای کچێک ڕازی نەبووە، فلان شێخ دوعای بۆ کردم ڕازی بوو، ئایا ئەمە شیرکە یان نە، ئایا ئەمە ڕێگەپێدراوە؟
وەڵام: باشتر وایە موسلمان خۆی داوا لەخوا بکات نەک داوا لە خەڵک بکات دوعای بۆ بکەن، هەر چەندە داوای دوعا لە خەڵک کردن ڕێگەپێدراویشە، داوا کردن لە خەڵک ڕێگەپێدراوە جا چ شێخ بێت یان هەر کەسێکی تر بێت، سەبارەت بە دوعای شێخ دوو ئەگەری هەیە:
١-لەوانەیە شێخەکە کەسێکی باش بێت و دوعای بۆت کردبێت، ئەمەیان هیچی تێدا نییە و کارێکی باشی کردووە پاداشت وەردەگرێت لەسەری.
٢-ئەگەر شێخەکە کەسێکی خراپ بێت بەهۆی نووشتە و سیحر ئەم کارەی کردبێت، ئەمەیان گومانی تێدا نییە شیرکە، چونکە سیحر کردن کوفرە.
سەبارەت بەو کەسەی دەچێتە لای شێخی خراپ بۆ سیحر و نووشتە، گومانی تێدا نییە تووشی کوفر بووە.
محمد بن عبدالرحمان الخمیس خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (سیحر لە زمانەوانی دا: شتێکی شاراوەیە و ھۆکاری دیار نییە.
لە ڕووی شەرعەوە: سیحر کردنە بە گرێدان و فوو کردن و خوێندنەوەی، کاریگەری لەسەر دڵ و لاشە ھەیە، ھەیە پێی نەخۆش دەبێت و ھەیە دەمرێت و ھەیە تەفرەقە دەخاتە نێوان پیاو و ژنەکەی.
حوکمی سەحر: حەڕامە چونکە کوفر کردنە بە خوا و شەریک بۆ بڕیاردانە، نەفی ئیمان و تەوحید دەکات، ڕووی داخلی بوونی سیحر بە شیرک لە دوو ڕووەوەیە:
١- لەڕووی خزمەتی شەیتانەکان کردن و پەیوەست بوون بە شەیتانەکانەوە.
٢- لەڕووی ئەوەی بانگەشەی عیلمی غەیب دەکات کە کەس نازانێت ئیلا خوا نەبێت و تایبەتە بە خوا). توضیحات الجلیة علی شرح العقیدة الطحاوية (٣/١٣١٣).
باشتر وایە موسلمان خۆی لەو شێخانە بەدوور بگرێت، چونکە کەم شێخ هەیە پیاوی باش بێت، زۆربەیان کوفر بەخوا دەکەن و دۆستی شەیتانەکانن، وە زۆربەیان کەسانی بێ ڕەوشتن، ئەگەر داوای دوعا لە کەسێک بکەیت داوا لە کەسێک بکە باش بێت.