پرسیار: کاتێک لە نوێژدا سورەتێک دەخوێنم ئایەتێکم بیر دەچێتەوە دەست دەکەم بە خوێندنی ئایەتەکانی دوای ئەو، کە تەواویش بووم سوجدەی سەهو دەبەم لەم حالەتەدا چی بکەم؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ئەگەر نوێژ خوێن هەڵەی کرد لە خوێندنەوەی قورئان جگە لە سورەتی فاتیحە پێویست ناکات سوجدەی سەهو ببات.
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەوەی واجب بێت سورەتی فاتیحەیە، ئەگەر سورەتی فاتیحەت خوێند ئەوە مەبەستەکەیە و داواکراوەکەیە سوپاس بۆ خوا، ئەگەر ئایەتی ترت خوێند یان دوو ئایەت یان ئایەتێکت خوێند لە شوێنی ئایەتی تر، یان ئایەتێکت لەبیر کرد، هەموو ئەمەنە زیانت پێ ناگەیەنن، نوێژت دروستە، لەسەرت نییە ڕەکاعەتەکە دووبارە بکەیتەوە، وە لەسەرت نییە نوێژت دووبارە بکەیتەوە). فتاوى نور على الدرب(2/783).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (مرۆڤ سوجدە نابات ئەگەر هەڵەی کرد لە خوێندنەوەی قورئان، چونکە ئەم هەڵەیە کاریگەری لەسەر گۆڕینی شێوەی نوێژ ناکات، بەڵکو ئەگەر هەڵەی کرد لەسەر ئەو کەسەیە کە گوێی لێ بووە بۆی ڕاست بکاتەوە). مجموع فتاوى ورسائل الشيخ محمد صالح العثيمين - المجلد الرابع عشر - كتاب سجود السهو.