سەردێری پرسیار:ئافرەتێک ئەگەر پێش خۆر ئاوابوون پاک بووە لە حەیز ئایا نوێژی نیوەڕۆ و عصر دەکاتەوە؟

بەرواری دانان :2020-09-18 کۆدی پرسیار:2178

پرسیار:

پرسیار: ئافرەتێک ئەگەر پێش خۆر ئاوابوون پاک بووە لە حەیز ئایا نوێژی نیوەڕۆ و عصر دەکاتەوە؟

دەقی وەڵام:



وەلام: جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە کردنەوەی هەردوو نوێژی نیوەڕۆ و عصر بۆ ئافرەت ئەگەر پاک بووەوە لە خوێن، دوو وتە هەیە:

یەکەم: زۆربەی زانایان دەلێن واجبە هەردوو نوێژ بکات، نوێژی نیوەڕۆ و عصر، بەلام ئەگەر ئافرەت پاک بووە دوای نوێژی نیوەڕۆ یان بەیانی یان مغرب تەنها نوێژی نیوەڕۆ و بەیانی ومغرب دەکات، چونکە ئەم سێ نوێژە کۆناکرێنەوە لەگەل نوێژی پێش خۆی، بەلگە:

١- ئەثەر نقل کراوەن لە ابن عباس و عبدالرحمان بن عوف و تابعین کە دەبێت هەردوو نوێژ بکات.

٢- کاتی نوێژی دووەم کاتی نوێژی یەکەمیشە ئەگەر عوزری هەبێت، دروستە کاتێ عوزرت هەبێت ئەم دوو نوێژە کۆ بکەیتەوە، کەواتە گەیشتن بە هەندێک کات هەروەک ئەوە وایە کە بە هەموو کات گەیشتبیت.

ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر ئافرەت پاک ببێتەوە پێش خۆر ئاوابوون ئەوە نوێژی عصر و نیوەڕۆ دەکات.

هەروەها ئەگەر پاک بووەوە پێش کاتی هاتنی نوێژی بەیانی نوێژی مغرب و عیشا دەکات، کە ئەمە نقل کراوە لە عبدالرحمان و ابن عباس و طاوس و مجاهد و نخعی و زهری و ربیعة و مالك و اللیث، شافعي و اسحاق و ابي ثور و ئیمام احمد دەلێت: زۆربەی تابعین ئەمەیان وتووە ئیلا حسن بەتەنیا نەبێت دەلێت: لەسەر ئافرەت واجب نییە ئیلا ئەو نوێژە نەبێت کە لەناو کاتی دایە، وە ئەمە وتەی ثوری یه، چونکە کاتی نوێژی یەکەم چووە عوزری هەبووە لە عوزر دابووە.

دووەم: هەندێک زانای تر دەلێن تەنها نوێژی عصر دەکات نەک نوێژی نیوەڕۆش، کە ئەمە وتەی حسن و ثوری و ابن عثیمینە و بەلگە:

١- کاتی نوێژی یەکەم چووە ئافرەت لە عوزردا بووە، چۆن شتێک لەسەری واجب دەکەی کەچی لەو کاتە لەسەری واجب نەبووە.

٢- پێغەمەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (من ٲدرك ركعة من العصر قبل أن تغرب الشمس فقد ٲدرك العصر). متفق علیە.

واتە: هەر کەسێک یەک ڕەکاعەت نوێژی ئێوارە پێی بگات پێش خۆر ئاوابوون ئەوە بە نوێژی ئێوارە گەیشتووە.

هەر کەسێک لەم فەرموودەیە وردبێتەوە فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە کە تەنها نوێژی عصر لەسەر واجب دەبێت نەک نوێژی نیوەڕۆش.

٣- بۆچی زۆربەی زانایان دەلێن ئافرەت ئەگەر تووشی حیض بوو دوای نوێژی نیوەڕۆ (واتە نوێژی نیوەڕۆی نەکرد تووشی حیض بوو) کاتێک پاک دەبێتەوە تەنها لەسەری واجبە نوێژی نیوەڕۆ بکات نەک عصریش، بەلام بۆ دوای نوێژی عصر ئەگەر پاک بووەوە دەبێت نوێژی عصر و نیوەڕۆ بکات؟! ئایا وتەکەیان دژی یەکتری تێدا نییە؟!

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کەسێک یەک ڕەکاعەت نوێژی عصر پێی بگات پێش خۆر ئاوابوون واجب نییە لەسەری نوێژی نیوەڕۆش بکات، ئەگەر ئافرەت پاک بێتەوە لە حیض پێش خۆر ئاوابوون بە یەک ڕەکاعەت یان دوو یان سێ، لەسەری واجبە تەنها نوێژی عصر بکات، وتەی ڕاست لەسەری واجب نییە نوێژی نیوەڕۆ بکات، چونکە نوێژی نیوەڕۆی بەسەر داهاتووە و چووە لەو کەسانە نەبووە کە نوێژی لەسەر بێت چونکە لە حیض دابووه، ئەگەر لەسەری واجب بوایا خوای گەورە ڕوونی دەکردەوە و پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت باسی دەکرد، لەبەر ئەوە دەفەرمووێت: "فقد ادرك العصر"، واتە: گەیشتووە بە نوێژی عصر، لەم فەرموودەیە باسی واجب بوونی نوێژی نیوەڕۆی نەکردووە، ئەگەر ئەمە وتەی زانایان بێت وتەی زانایان هەیە ڕاستە و هەیە هەلەیە.

لەبەر ئەوە وتەی ڕاست ئەوەیە ئافرەت ئەگەر پاک بووە پێش خۆر ئاوابوون لەسەری واجب نییە ئیلا نوێژی عصر نەبێت، ئەگەر پاک بووەوە پێش چوونی کاتی عیشا لەسەری واجب نییه ئیلا نوێژی عیشا نەبێت.

وتەی ئەوانەی دەلێن : لەسەری واجبە ئەو نوێژەش بکات کە پێکەوە کۆدەکرێنەوە (واتە جمع) چونکە لە کاتدا هاوبەشن، دەوترێت: وتەکەیان دژ بەیەکتری تێدایە، چونکە ئەگەر ئافرەت تووشی حیض ببێت دوای چوونە ناو کاتی نوێژی نیوەڕۆ، وە نوێژی نیوەڕۆی نەکرد تووشی حیض بوو، کاتێک پاک دەبێتەوە دەلێن واجب نییە لەسەری تەنها نوێژی نیوەڕۆ نەبێت، واتە تەنها نوێژی نیوەڕۆ دەکاتەوە). فتح ذي الجلال والإکرام (٢/٧٠-٧١).

وتەی ڕاست وتەی دووەمە کە تەنها نوێژی عصر دەکات و نوێژی نیوەڕۆ ناکات، واللە أعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام