سەردێری پرسیار:ئایا حوکمی ئەو ئافرەتە چییە کە گەنجێگ ئاشقی خۆی ئەکات، پاشان بە جێی ئەهێلێت بەناوی دینەوە ئەلێت حەڕامە، هەرچەند داوای زەواجیشی لێکرد بەڵام کچەکە قبوولی نەکرد ئەی بۆچی لە پێشان ئاگاداری نەکردەوە کە حەرامە، هەرچەندە کوڕەکە ئەتوانێ بۆ ماوەیەک قسە لەگەلی نەکات، بەلام ئەلێ هەموو شەو ڕۆژ بیرکردنەوەم تەنیا ئەو کچەیە ئەلێ تەنیا بیر لە خۆ کوشتن ئەکەمەوە؟

بەرواری دانان :2020-09-24 کۆدی پرسیار:2188

پرسیار:

پرسیار: ئایا حوکمی ئەو ئافرەتە چییە کە گەنجێگ ئاشقی خۆی ئەکات، پاشان بە جێی ئەهێلێت بەناوی دینەوە ئەلێت حەڕامە، هەرچەند داوای زەواجیشی لێکرد بەڵام کچەکە قبوولی نەکرد ئەی بۆچی لە پێشان ئاگاداری نەکردەوە کە حەرامە، هەرچەندە کوڕەکە ئەتوانێ بۆ ماوەیەک قسە لەگەلی نەکات، بەلام ئەلێ هەموو شەو ڕۆژ بیرکردنەوەم تەنیا ئەو کچەیە ئەلێ تەنیا بیر لە خۆ کوشتن ئەکەمەوە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: ئەم کردەوەیەی ئەو ئافرەتە هەمان کردەوەی شەیتانە تاوان بە مرۆڤ دەکات و مرۆڤ بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت، پاشان دەڵێت من بەریم لە تۆ و من لە خوای گەورە دەترسم ئەم کردەوەیە حەڕامە، کەچی لە ڕاستیدا درۆ دەکات و لەخوای گەورە ناترسێت.

خوای گەورە دەفەرمووێت: (كَمَثَلِ الشَّيْطَانِ إِذْ قَالَ لِلإِنسَانِ اكْفُرْ فَلَمَّا كَفَرَ قَالَ إِنِّي بَرِيءٌ مِنْكَ إِنِّي أَخَافُ اللَّهَ رَبَّ الْعَالَمِينَ) {الحشر:١٦}.

حوکمەکەی ئەوەیە تووشی تاوانێکی گەورە بووە پەنا بەخوا، بەڵام کوڕ دەبێت ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەیە لەم دەردە کوشندەیە ڕزگار ببێت، ئەویش ئەم ڕێگایانەن کە ابن قیم باسی کردوون.

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر عاشق ھیچ ڕێگای نەبوو بۆ ئەوەی بگات بە خۆشەویستەکەی لە ڕووی شەرع و قەدەرەوە، ڕێگری ھەبوو لەم دوو ڕووەوە ئەوا چارەسەر ئەمانەن:

یەکەم: دەرمان ئەوەیە خۆی لێ داببڕێت و چارەسەری ئەوەیە نەفسی خۆی لێ بێ ئومێد بکات، چونکە نەفس کەی بێ ئومێد بوو لە شتێک ئیسراحەت دەکات و ئاوڕی لێ نادەتەوە.

دووەم: ئەگەر نەخۆشی عیشق بەردەوام بوو لەگەڵ بێ ئومێد بوون، ئەوا سروشتی تووشی لادانێکی تووند بووە، دەبێت نقل بێت بۆ چارەسەرێکی تر ئەویش چارەسەری عەقلە، ئەویش ئەوەیە بزانێت دڵ پەیوەست بوون بە شتێک کە ھیچ ئومێد نییە بۆ بەدەست ھێنانی جۆرێکە لە شێتی، خاوەنەکەی وەک ئەوە وایە کە عاشقی خۆر بووبێت، ڕوحەکەی پەیوەستە بە بەرزی و بەدەوری خولانەوەی، ئەمەیان دیارە لای خاوەن عەقلەکان و ژیرەکان کە ئەمە لە کۆمەلەی شێتەکانە.

سێیەم: ئەگەر نەفسی تۆ ئەم دەرمانەشی قبول نەکرد، ئەوا بیر لە خراپە و شتە ناشرینەکانی خۆشەویستەکەت بکەوە، وە ئەو شتانەی وات لێ دەکات لێت دوور بخاتەوە، چونکە ئەگەر داوای بکەی و لێی ورد ببیتەوە ھەست بە چەندین شتی باش و جوانی دەکەیت، پرسیار لە دراوسێی بکە لەوەی شاراوەیە، چونکە شتی باش و جوانی ئافرەت ڕات دەکێشیت بۆ خۆش ویستنی و داوا کردنی، وە شتی خراپ و ناشرینی دوورت دەخاتەوە لێی.

چوارەم: ئەگەر ھیچ لەم دەرمانانە چارەسەر نەبوون ئەوا تۆ ھیچت نەماوە ئیلا گەڕانەوەیەکی ڕاست بۆ لای ئەوەی کە بە ھانای تەنگانە و لێ قەماو دێت، نەفسی خۆت بخە بەردەم خوای گەورە و لە دڵەوە داوای لێ بکە و خۆتی بۆ زەلیل بکە). زاد المعاد (4/251).

ئەو کەسەی تووشی عیشق دەبێت تووشی سزاو ئازار دەبێت، جا هەر کەسێک جگە لە خوا کەسێک بە ئەندازەی خودا خۆش ویست، ئەوا خوای گەورە هەر بەو شتە ئازار و چەرمەسەری و سزای تووش دەکات، بە بیر لێ کردنەوە، بە دەست نەخستنی و بە لە دەست دانی، بە تیا چوونی، ..... هتد، بێگومان ئازاری دلی عاشق لە هەموو ئازارەکان کوشندەترە.

عاشق دڵ و دەروونی دەبێتە کۆیلەی کەسانی تر، بەهۆی سەرخۆشی بوون و مەست بوونی بەو عیشقەوە ئاگادار نییە کە تووشی چی هاتووە، دڵی بە دەست کەسانی ترەوەیە وەک مناڵ یاری پێ دەکرێت و دیل و کۆیلەی دەستی کەسانی ترە.

تەقوای خوا بکە و بگەڕێوە بۆ لای خوای گەورە، ئەو عیشەی کردووتە هەمووی حەڕام بووە، ئەگەر تەوبە نەکەی لەسەری سزا دەدرێی، خۆکوشتن لەو عیشقە گەورەترە کە کردووتە ئاگادار بە، بزانە لەبەر چێ خۆت دەکوژیت؟! چ وەڵامت هەیە بۆ خوای گەورە؟! ئافرەت ئەوەندە دەهێنێت خۆتی بۆ بکوژیت؟! وەسواسی شەیتانە و پەنا بگرە بەخوا لە شەیتان، شەیتان فێلی لەتۆ کردووە و هەتا ئێرە تۆی گومڕا کردووە با هەتا ئێرە بەس بێت، چونکە دوژمنی تۆیە و مەسلەحەتی تۆی ناوێت.

ئەی گەنجان ئاگادار بن عیشق بنەماکانی سادەو ساکارن لەسەرەتادا، وە دواتر لەناوەندیدا تووشی سەرقاڵی مەستی دەبێت، پاشان سەر ئەنجامی شێتی و تیاچوون دەبێت کە بەم پێیە ستەم لە خودی خۆیی و بەرامبەر و چوار دەوریش دەکات.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام