سەردێری پرسیار:دەکرێت بە کورتی ڕوون کردنەوە بدەیت لەسەر کوفر؟

بەرواری دانان :2020-09-24 کۆدی پرسیار:2189

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت بە کورتی ڕوون کردنەوە بدەیت لەسەر کوفر؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن کوفر: ئینکاری کردن و داپۆشینی ڕاستی یە، وەک ئەوەی ئینکاری واجبی نوێژ بکەیت یان واجبی زەکات، یان رۆژووی ڕەمەزان.

زانایان سەبارەت بە کوفر دەڵێن:

١- کوفر حوکمێکی شەرعی یە بۆ کتابی خوا و سونەتی پێغەمبەر دەگەڕێندرێتەوە، بنیان نانرێت لەسەر هەواو و ئارەزوو و گومانی خراپ و تێگەیشتنی هەڵە.

ئەوانەی خوای گەورە و پێغەمبەری خوا کافریان کردوون بە دیارکراوی یان جنس یان وەسف واجبە کافریان بکەیت، ئەوان تر کەس ناتوانێت کافری بکات بێ سەنەدی شەرعی صحیح.

- ئەوانەی کافر کراون بە دیاریکراوی وەک ئیبلیس و فیرعەون.

- ئەوانەی کافر کراون بە جنس وەک گاور و جوولەکە و مەجوس و هاوشێوەکانیان.

- ئەوانەی کافر کراون بە وەسف وەک گاڵتە کردن بەخوا یان ئایەتەکانی یان پێغەمبەری، وە ساحر و کاهن و ئەوانەی بانگەشەی زانینی علمی غەیب دەکەن.

٢- کوفر وەک ئیمانە لە چەند بەش پێک هاتووە، هەروەها بەشەکانیش زۆرن و لێک جیاوازن، کوفر پلە پلەیە، هەیە کوفری گەورەیە، وەک: جنێودان بە خوا و پێغەمبەرەکەی و دینەکەی، هەشە کوفری بچووکە، وەک: جنێودان بە موسلمان و شەڕ لەگەڵ کردن و نیاحە.

٣- کوفر دوو جۆرە: کوفری گەورە لە دین دەردەچێت و کردەوەی پووچ دەبێت و لە دۆزەخ هەتا هەتایی دەبێت، لێخۆش بوون بۆ خاوەنەکەی نییە، نەفی ئەسلی ئیمان دەکات، وەک سیحر یان جنێودان بە خوا یان پێغەمبەری خوا یان دینی خوا یان کتابی خوا یان پشت کردن لە دینی خوا.

کوفر بچووک لەدین دەرناچیت و کردەوە پووچ ناکات و لە ئاکری دۆزەخ هەتا هەتایی نابێت، لەژێر ویستی خوای گەورە دایە، نەفی ئەسلی ئیمان ناکات، بەڵکو لە تاوانە گەورەکانە، وەک نیاحە لەسەر مردوو و تەعن دان لە نەسەب و شەڕ کردن لەگەڵ موسلمان.

٤- پەیوندی هەیە لەنێوا کوفر و شیرکی گەورە، پەیوەندییەک عموم و خصوصە، هەموو شیرکێک کوفرە بەڵام هەموو کوفرێک شیرک نییە.

5- ئەهلی سونە و جەماعە وشەی کوفر بە گەورە دادەنێن، کافر کردن تەنها بە حەقی خوا و پێغەمبەری خوا دادەنێن، نابێت کەس کافر بکەی ئیلا خوا و پێغەمبەری خوا بە کافریان دانابێت.

٧-ئەهلی سونە جیاوازی دەخەنە نێوان کافر کردنی مطلق و معین، هەروەها زانایان لە دەقە شەرعییەکان چەند مەرجیان دەرھێناوە بۆ کافر کردن، موسلمان تووشی کردەوەی کوفری دەبێت یان وتەی کوفری یان بیروباوەڕی کوفری، ئێمە حوکمی کوفری بەسەر نادەین ھەتا مەرجەکان دێنە دی کە ئەمانەن:

- دەبێت کوفر بە وتە یان کردەوە لە مرۆڤ بەدیار بکەوێت.

- دەبێت حوجەی پێ گەیشتبێت ، وە گومانی لەسەر لاچوو بێت.

- دەبێت ئەو حوجەیە لە لای جێگیر بووبێت.

- دەبێت عاقل بێت و بالغ بووبێت.

- نابێت معذور بێت بەوەی ئێستا موسلمان بووە.

- نابێت زۆری لێی کرابێت.

- نابێت نەزان بێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام