سەردێری پرسیار:گەر پارەت لە لای کەسێک بە قەرز بێت، لۆت بگەرینیتەوە بەڵام گومانت هەبێ لە حەڵاڵی پارەکە دەتوانی وەری بگریتەوە؟ گەر بە کاری حەڕام بەدەستی هێنابی لۆ منیش حەرام دەبێ؟

بەرواری دانان :2020-10-04 کۆدی پرسیار:2206

پرسیار:

پرسیار: گەر پارەت لە لای کەسێک بە قەرز بێت، لۆت بگەرینیتەوە بەڵام گومانت هەبێ لە حەڵاڵی پارەکە دەتوانی وەری بگریتەوە؟ گەر بە کاری حەڕام بەدەستی هێنابی لۆ منیش حەرام دەبێ؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان سەبارەت بە سەروەت و سامانی خاوەن مال دەلێن:

یەکەم: ئەگەر ھەموو ماڵی حەرام بێت نابێت پاڕەی لێ قەرز بکەیت.

دووەم: ئەگەر ھەموو ماڵی حەلال بێت دروستە پارەی لێ قەرز بکەیت.

سێیەم: ئەگەر ھەندێک مالی حەڕام بێت و ھەندێکی تر حەڵاڵ بێت، واتە حەڕام و حەڵاڵ تێکەڵ بە یەکتر بووبێت، ئەوە دروستە پارەی لێ قەرز بکەیت.

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیار لێی کراوە: ئایا دروستە مال لە کەسێک وەربگرم کە بازرگانییەکەی حەڕامە؟

لە وەلام دا دەفەرمووێت: (نابێت براکەم قەرز بکەیت لەم کەسە یان مامەلەی لەگەڵ بکەیت مادەم مامەلەی حەڕامە، کەسێک بەوە دەناسرێت مامەلەی حەڕام و ڕیبا دەکات نابێت مامەلەی لەگەڵ بکەیت، وە نابێت پارە بە قەرز لێی وەربگریت، بەڵکو دەبێت خۆتی لێ پاك بکەیتەوە و خۆتی لێ دووربخەیتەوە.

بەلام ئەگەر مامەلەی حەڕام و بێجگە لە حەڕام بکات، واتە مامەلەی پاک و پیسی تێکەڵ بووە، ئەمەیان ھیچی تێدا نییە، بەڵام تەرک کردنی باشترە:

- لەبەر وتەی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دع ما يريبك إلى ما لا يريبك) رواه الترمذي (2518) وصححه الألباني في صحيح الترمذي.

- لەبەر وتەی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (من اتقى الشبهات فقد استبرأ لدينه وعرضه). متفق عليه.

لەبەر وتەی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (الإثم ما حاك في نفسك وكرهت أن يطلع عليه الناس). رواه الترمذي (٢٣٨٩) وصححه الألباني في صحيح الترمذي.

ئیماندار خۆی دوور دەخاتەوە لە گومان، ئەگەر زانی ھەموو مامەلەی حەڕامە و ڕیبای تێدایە نموونەی وەک ئەمانە مامەلەی لەگەڵ مەکە و قەرزی لێ مەکە). مجموع فتاوى ابن باز (19/286) .

ھەندێک زانا دەلێن مالی حەڕام دوو جۆرە:

یەکەم: محرم لعینە: وەک عەرەق و بەراز و مالی دەست بەسەر داگرتوو و دزی و مالی تری ھاوشێوەی ئەمەنە، ئەمەیان نابێت مامەلەی لەگەڵ بکەیت، وە نابێت مال لێی وەربگریت بە ھەدیە یان کرێ یان قەرز، چونکە ئەم ماڵە خاوەنەکەی خاوەنی نییە و نابێتە مولکی.

دووەم: محرم لکسبە: ئەوەی مرۆڤ بە دەستی دەھێنێت وەک فرۆشتنی عەرەق و مامەلەی ڕیبا و کرێی گۆرانی و کرێی زینا، ئەمەیان بەدەست دێت بە ڕەزامەندی ھەردوو لا نەک بە دزی و دەست بەسەرداگرتن و فێل، ئەمەیان حەڕامە لەسەر ئەو کەسەی بە دەستی ھێناوە، ئەگەر کەسێک لێ وەربگرێت بە ڕێگای ڕێگەپێدراو دروستە، وەک ھەدیە یان کرێ لێوەرگرتن یان خێزانی پارەی لێ وەربگرێت بۆ مەسرەف.

وتەی ڕاست ئەگەر ماڵ حەرام بێت لعینە ئەوە نابێت قەرزی لێ وەربگریت، بەلام ئەگەر حەڕام بێت لکسبە ئەوە دروستە قەرزی لێ وەربگریت.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەندێک زانا دەلێن: ئەوەی حەڕام بێت لکسبە و بە دەست ھێنانی تاوانەکەی لەسەر کاسبەکەیە نەک لەسەر ئەو کەسەی وەردەگرێت لێی، پێچەوانەی ئەوەی کە حەڕام لعینە بێت، وەک: عەرەق یان دەست بەسەر داگرتن و شتی تری وەک ئەمانە، ئەم وتەیە بەھێزە، بە بەلگەی ئەوە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت خواردنی کڕیوە لە جوولەکە بۆ مالی خۆی، وە وەلامی دەعوەتی جوولەکەی داوەتەوە، ئەوەی زانراو بێت جوولەکە ڕیبا و حەڕام دەخوات). القول المفيد على كتاب التوحيد (٣/١١٢).

سەبارەت بە قەرز وەرگرتنەوە دوو ئەگەری هەیە:

١-یان هەندێک مالی حەڕامە و هەندێکی تریشی حەڵاڵە، لەم حاڵەتە دروستە مافی خۆتی لێ وەربگریتەوە.

٢-ئەگەر هەموو مالی حەڕام بێت دەڵێین حەڕام دوو جۆرە:

ٲ- ئەگەر حەڕام لکسبە بێت دروستە مافی خۆتی لێ وەربگریتەوە، واتە دروستە قەرزی خۆتی لێ وەربگریتەوە.

ب- ئەگەر حەڕام لعینە بێت نابێت وەربگریتەوە، باشتر وایە خۆتی لێ بپارێزیت مالێک وەربگریتەوە مافی خەڵکی تر نەبێت، واللە ٲعلم.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام