سەردێری پرسیار:حوکمی وەسواس کاتی داخوازی هاتن بۆ ئافرەت؟

بەرواری دانان :2020-10-13 کۆدی پرسیار:2221

پرسیار:

پرسیار: من خوشکێکم زۆر قەلەقە لەزەواجا، ئێستا کەسێک هاتووە سێ جار هاتۆتە پێشەوە نوێژ ئەکا بەس بەجماعەت نا، وە جگەرە ئەخوا بەس ئەڵێ تەرکی ئەکەم وچیت بوێ بۆت ئەکەم، بەڵام ئەمساڵی خوێندن ماوە و ئیشیشی نییە جارێ خوشکەکەم حەزەکا مولتەزیم بێت بەدینەوە، بەس ئەشڵێ باڵای بۆی بۆتە کێشە ئەو باڵای زۆر بەرزە و خوشکەکەم باشە زۆر بەرز نییە ئەڵێ جوان نییە ئاوا؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زۆر لە کچان کاتێک داخوازی بۆیان دێت تووشی وەسواس و خەم و خەفەت دەبن خوازبێنی ڕەت دەکەنەوە و شوو ناکەن، ئەگەر لێی بپرسی بۆچی ڕازی نیت یان بۆچی ڕەتی دەکەیتەوە، هیچ بەلگەیەکی لای نییە تەنها دوودڵی و وەسواس و خەم و خەفەت نەبێت کە لە شەیتانەوە بۆی هاتووە.

زانایان دەلێن ئەم وەسواسە لە شەیتانەوەیە و دەبێت پەنا بگریت بە خوا لە وەسواسی شەیتان، وە دەبێت پشت بەخوا ببەستیت و گومانی باش بە خوای گەورە ببەیت، ئەگەر خوازبێنی هات لە دین و ڕەوشتی ڕازی بوون و خەڵک مەدحی ئەو کوڕەیان کرد لە دین و ڕەوشت شووی پێ بکە و دوای مەخە، واز لە وەسواسی شەیتان بهێنە، شەیتان دوژمنی مرۆڤە و چاکەی بۆ مرۆڤ نایەوێت.

بەداخەوە چەندین کچ چەندین خوازبێنیان ڕەت کردۆتەوە لە کۆتاییدا ماونەتەوە یان شوویان کردووە بە پیاوێکی بەساڵاچوو یان مەمنوونن تەنها شوو بکەن جا پیاوەکە چۆن بێت کێشە نییە، ئەمەش هەموو بۆ هەڵەی کچ دەگەڕێتەوە کە تێڕوانین و بیرکردنەوەی ورد نییە لەم بابەتە.

ئەوەی گرینگ بێت و زۆر هەستیار بێت ئەوەیە کە کچ وەک کوڕ نییە، ئەگەر زوو شوو نەکات بەشوو چوونی زەحمەتە، دەبێت سەیری ئەوەش بکات ڕێژەی کچان زۆر زۆر زیاترن لە هی کوڕان، ئەگەر ئافرەت دەرفەتی بۆ ڕەخسا با دوای نەخات و ڕەتی نەکاتەوە، چونکە کوڕ زیاتر هەڵی بۆ دەڕەخسێت لە کچ، کوڕ دەتوانێت لە دەرگای چەندین ماڵ بدات بۆ کچ، بەلام کچ ناتوانێت لە دەرگای ماڵ بدات بۆ کوڕ.

زانایان دەلێن چارەسەر بۆ لاچوونی وەسواسی شوو کردن:

١- بیر لەوە بکەیتەوە کە ئەمە لەشەیتانەوەیە و دوژمنی مرۆڤە، وە شەیتان چاکەی بۆ مرۆڤ نایەوێت، کەواتە نابێت بەگوێ ئەم وەسواسە بکەیت.

٢- زۆر دوعا کردن بۆ ڕزگار بوون لەم وەسواسە، هەروەها کردنی نوێژی ئیستیخارە، هەروەها پەناگرتن بەخوا لە وەسواسی شەیتان.

٣- گەشبین بە و گومانی باش بە خوای گەورە ببە، ئەوەی خێرو چاکە و نیعمەت بێت خوای گەورە بە قسمەتت دەکات، خوای گەورە شەڕی بۆ بەندەی خۆی ناوێت، خوای گەورە بە بەزەیی ترە لە دایک بۆ مناڵ.

سەبارەت بەوەی نوێژ دەکات بەڵام بە جەماعەت ناکات، نوێژ نەکردن بە جەماعەت گومانی تێدا نییە کەم و کوڕییە لەدین، چونکە نوێژی جەماعەت شعائیرێکی گەورەی ئیسلامە، هەروەها لەسەر ئەو وتەیەی دەڵێت نوێژی جەماعەت واجبە تاوانباریش دەبێت، هەروەها جگەرە کێشان گومانی تێدا نییە حەڕامە و کەم و کوڕییە لە دین.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام