پرسیار: حوکمی ئەلقە چییە، واتە ئەلقەی پەنجە ئەوەی کە بووک لەکاتی مارەکردن لە دەستی دەکەن؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ئەلقە لە پەنجە کردن کاتی مارە کردن ئافرەت عادەتێکە لە گاورەکان وەرگیراوە، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت وە ھاوەڵان و پێشینەکان ئەمەیان نەکردووە وەک نیشانە بۆ ژن ھێنان، ئەلقە لەپەنجە کردن ئەم دوو حالەتەیە:
حالەتی یەکەم: ئەگەر باوەڕیان وابێت ئەم ئەلقە ھۆکارە بۆ پێکەوە ژیان و زیاد بوونی خۆشەویستی نێوانیان و لێک جیا نەبوونەوەیان، ئەوە جۆرێکە لە جۆرەکانی شیرک و حەڕامە.
حالەتی دووەم: ئەگەر بیروباوەڕی پاک بێت و ھیچ مەبەستی نییە ئیلا وەک عادەتێک دەیکات لەم حالەتە دەڵێن باش نییە.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (الدبلة: عیبارەیە بۆ خاتەمی پیاو بە خێزانی خۆی دەدات، خەڵک ھەیە لە دەستی خێزانی دەکات ئەگەر ویستی ژن مارە بکات یان ئەگەر مارەی کرد، ئەم عادەتە زانراو نەبووە لا ئێمە پێشتر، شێخ ئەلبانی باسی دەکات عادەتی گاورەکان بووە، قسیس ژن و پیاو لای ئامادە دەبن ئافرەت لە پەنجەی خنصر و بنصر و ناوەندە دەکات، چۆنییەتییەکەی نازانم بەڵام دەڵێت: ئەمە لە گاورەکان وەرگیراوە، گومانی تێدا نییە تەرک کردنی باشترە، بۆ ئەوەی خۆمان نەچوێنین بە کەسانی تر، زیاتر لەمە ھەندێک خەڵک بیروباوەڕیان لەگەڵ ئەم ئەلقەیە ھەیە، پیاو ناوی خۆی دەنووسێت لەسەر ئەو خاتەمەی دەیەوێت بدات بە خێزانەکەی، وە ئافرەتیش ناوی خۆی دەنووسێت لەسەر ئەو خاتەمەی کە ھاوسەرەکەی لە دەستی دەکات، باوەڕیان وایە مادەم ئەم ئەلقەیە لە دەستی ژن و پیاوەکەیە و ناوی ژن و پیاوەکەی لەسەرە، ئەوە لێک جیابوونەوە نییە لەنێوانیان، ئەم بیروباوەڕە جۆرێکە لە شیرک، لە تیوەلەیە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ژن و پیاو لای یەکتر خۆشەویست دەکرێن، بەم بیروباوەڕە حەڕامە، کەواتە ئەم ئەلقە دوو شتی تێدایە:
یەکەم: شتێکە لە گاورەکان وەرگیراوە.
دووەم: ئەگەر پیاو بیروباوەڕی وابێت ئەمە ھۆکاری بەستنەوەی خۆی و خێزانەکەیەتی، ئەوە جۆرێکە لە جۆرەکانی شیرک، لەبەر ئەوە ئێمە وای دەبینین باش نییە). اللقاء الشهري (١/٤٦).
ھەروەھا دەفەرمووێت: (ئەوەی من دەیبینم ئەم ئەلقە لەدەست کردنە کەمترین حالەت ئەوەیە بڵێیت باش نییە، چونکە لە بێجگە لە موسلمانان وەرگیراوە، بە ھەر حال موسلمان دەبێت نەفسی خۆی بەرز دابنێت لە شوێن کەوتنی کەسانی تر لەم حالەتە). مجموع الفتاوى (18/112).
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەو ئەلقەی ئەم ئافرەتە پرسیاری کردووە نەمان زانیووە ئەصلی ھەبێت، ئەوەی دیار بێت خۆ چوواندنە بە کافرەکان، چونکە عاداتی ئەوانە ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە نابێت بیکەین، ئیشارەت کردن بۆ زەواج بە داواکردن و ڕێک کەوتنی داواکار و داواکراو دەبێت، ئەمە بەسە پێویستی بە ئەلقە نییە، کەی عەقدی شەرعی تەواو بوو ھەموو شتێک کۆتایی ھات، سەبارەت بە ئەلقە پێویست ناکات، وە پێویست ناکات خۆت بچووێنی بە دوژمنەکانی خوا، نە گاورەکان و نە کەسانی تر، واجبە خۆت بەدوور بگریت لە دوژمنەکانی خوا لە ھەموو شتێک). نور علی الدرب.