سەردێری پرسیار:جیاوازی نێوان سوجدەی قورئان خوێندنەوە و شوکر و سەهو کردن؟

بەرواری دانان :2020-10-18 کۆدی پرسیار:2229

پرسیار:

پرسیار: جیاوازی نێوان سوجدەی قورئان خوێندنەوە و شوکر و سەهو کردن؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان سەبارەت جیاوازی نێوان ئەم سوجدانە دەڵێن:

سوجدەی سەهو کرد:

١-سوجدەی سەهو ئەو کاتە دەبردرێت ئەگەر سەهو ڕوویدا لەنوێژ، جا چ بە زیاد کردن بێت یان کەم کردن یان گومان دروست بوون.

٢- سوجدەی سەهو واجبە لەسەر وتەی زۆربەی زانایان، کە ئەمە وتەی ڕاستە.

٣- سوجدەی سەهو لەناو نوێژدا هەمان مەرجی نوێژ مەرجە بۆی، هەروەها لە دەرەوەی نوێژیش دوای سەلام دانەوە، چونکە تابعە بۆ نوێژەکە، نابێت دوای ماوەیەکی زۆر دوای سەلام دانەوە سوجدەی سەهو ببەیت.

٤-سوجدەی سەهو دوو سوجدەیە پێش سەلام دانەوە یان دوای سەلام دانەوە دەبردرێت، ئەگەر دوای سەلام دانەوە بوو دوو سوجدەیە بێ تەحیات، پاشان سەلام دەدەیەتەوە. ٥- هەمان ئەو زیکرانە دەخوێنی کە لە سوجدەی نوێژ دەخوێندرێت.

٦- سوجدەی سەهو پێش سەلام دانەوە و پاش سەلام دانەوە دەبردرێت، لەبەر ئەوە دەبردرێت سەهو لەناو نوێژ ڕوویداوە.

سوجدەی شوکر:

١- سوجدەی شوکر دەبردرێت بۆ نیعمەتێکی نوێ، یان لاچوونی ناخۆشییەک، بێجگە لە نیعمەتی بەردەوام، وەک بینین و بیستن و شتی تر، ئەگەر ئێمە بە مرۆڤێک بڵێین: سونەتە سوجدە ببەیت بۆ نیعمەتی بەردەوام، ئەوە مرۆڤ دەبێت بەردەوام لە سوجدە دابێت.

٢- سوجدەی شوکر سونەتە لەسەر وتەی زۆربەی زنایان، کە ئەمە وتەی ڕاستە.

٣- وتەی ڕاست سوجدەی شوکر وەک نوێژ نییە و هەمان مەرجی نوێژ بۆ سوجدەی شوکری مەرج نیین، نموونە: دەست نوێژ و ڕوو لە قیبلە کردن مەرج نیین بۆ سوجدەی شوکر.

٤-سوجدەی شوکر یەک سوجدەیە، وتەی ڕاست سەبارەت بە شێوەی سوجدەی شوکر تەکبیرە لە سەرەتا و کۆتایی سوجدە واجب نییە، هەروەها تەحیات و سەلامی نییە، کە ئەمە وتەیەکە لە وتەکانی شافعی و ئەحمەد، چونکە هیچ لە پێغەمبەر و هاوەڵان جێگیر نەبووە.

٥- واجب نییە هیچ زیکرێکی دیارکراو بکەیت لە سوجدەی شوکردا، بەڵکو ڕێگەپێدراوە بۆ ئەو کەسەی سوجدە دەبات هەر زیکرێک بکات گونجاو بێت لەگەڵی، وەک سوپاسی خوای گەورە کردن و دوعا و استغفار کردن.

٦- وتەی ڕاست سوجدەی شوکر نابێت لەناو نوێژ ببات ئەگەر هەواڵی خۆشی پێ گەیشت، ئەگەر سوجدە ببات بە ئەنقەست نوێژی بەتاڵ دەبێتەوە، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلەیە، چونکە سوجدەی شوکر نوێژ نییە و پەیوەندی بە نوێژەوە نییە.

سوجدەی قورئان خوێندنەوە:

١-سوجدەی قورئان خوێندنەوە لە چەند شوێنێکی تایبەتی قورئان دەبردرێت کە هێماکەی دیارە لەسەر قورئان، هۆکارەکەی خوێندنەوەی قورئانە یان گوێ لە قورئان گرتنە.

٢- زۆربەی زانایان دەلێن سوجدەی قورئان خوێندنەوە سونەتە نەک واجب، ھەر کەسێک تەرک بکات جا چ لە ناو نوێژ بێت یان دەرەوەی نوێژ یان تاوانبار نابێت.

٣- وتەی ڕاست سوجدەی قورئان خوێندنەوە وەک نوێژ نییە و هەمان مەرجی نوێژ بۆ سوجدەی قورئان خوێندنەوە مەرج نیین ئەگەر لە دەرەوەی نوێژ خوێندرا، نموونە: دەست نوێژ و ڕوو لە قیبلە کردن مەرج نیین بۆ سوجدەی شوکر.

٤-سوجدەی قورئان خوێندنەوەی یەک سوجدەیە هیچ تەحیات و سەلام دانەوەی لەگەڵ نییە.

٥- هەمان ئەو زیکرانە دەخوێنی کە لە سوجدەی نوێژ دەخوێندرێت.

٦- سوجدەی قورئان خوێندنەوە لەناو نوێژ و دەرەوەی نوێژ دەبردرێت، ئەگەر لەناو نوێژ قورئان خوێندرا سونەتە سوجدە ببەیت ئەگەر ئایەتی سوجدەت خوێندەوە، ئەگەر لە دەرەوەی نوێژیش خوێندتەوە سونەتە سوجدە ببەیت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام