پرسیار: ئایا دروستە دەست نوێژ بگریت بەو ئاوە کە بۆ خواردنەوە دەست نادات؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ھەر ئاوێک شتێکی خاوێن بکەوێتە ناوی ئەم سێ حالەتانەن:
١- ئەگەر شتێکی خاوێن کەوتە ناو ئاو، تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاوی نەگۆڕی، ئەوا دروستە دەست نوێژ بەو ئاوە ھەلبگریت بە یەک دەنگی ھەموو زانایان، وەک: پاقلە یان گوڵ یان ھەر شتێکی تری پاک بکەوێتە ناو ئاو، تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاو نەگۆڕێت.
٢- ئەگەر شتێکی خاوێن کەوتە ناو ئاو، تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاوی گۆڕی و ناوی ئاوی لەسەر لاچووە بەو گۆڕینە، ئەوا دروست نییە دەست نوێژ بەو ئاوە گۆڕدراوە بگریت بە یەک دەنگی ھەموو زانایان.
٣- ئەگەر شتێکی خاوێن کەوتە ناو ئاو، تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاوەکەی گۆڕی بەڵام گۆڕینەکە زۆر نەبوو و ناوی ئاوی لەسەر لانەچوو (واتە ھەر پێی دەڵێن ئاو ناوی نەگۆڕدرا )، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بەم ئاوە دوو وتە ھەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان دەڵێن ئاوەکە پاکە بەڵام پاککەرەوە نییە، کەواتە ناتوانیت دەست نوێژ بەو ئاوە ھەڵبگریت و خۆتی پێ بشۆیت و پیسای پێی لابدەیت.
دووەم: ھەندێک زانا دەڵێن ئاوەکە پاکە و پاککەرەوەیە، کەواتە دەتوانیت دەست نوێژ بەو ئاوە ھەڵبگریت و خۆتی پێ بشۆیت و پیسایی پێی لابدەیت، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن حزم و ابن منذر و ابن تیمییە و ابن باز و ابن عثیمینە، ئەمە وتەی ڕاستە واللە أعلم.
زانایان دەڵێن ئاو ئەگەر پیسایی بکەوێتە ناوی ئەم سێ حالەتانەن:
١- ئاوێک ئەگەر پیسایی کەوتە ناوی چ زۆر بێت یان کەم، ئەگەر تام یان بۆن یان ڕەنگی گۆڕدرا، ئەوا پیس دەبێت بە یەک دەنگی ھەموو زانایان.
٢- ئاوێکی زۆر ئەگەر پیسایی کەوتە ناوی، ئاوەکەی نەگۆڕی، نە تام و نەبۆن و نە ڕەنگی ئاو نەگۆڕدرا، ئەوە ئەم ئاوە خاوێنە بەیەک دەنگی ھەموو زانایان.
٣- ئاوێکی کەم ئەگەر پیسایی کەوتە ناوی، ھیچ لە تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاوەکەی نەگۆڕی، وەک ئەوەی دلۆپە میزێک بکەوێتە ناو سەتلە ئاوێک، جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان، وتەی ڕاست ئاوەکە پیس نابێت ئیلا ئەگەر تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاو بگۆڕێت، کە ئەمە وتەی مالک و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن تیمییە و ابن قیم و ابن باز و ابن عثیمینە، واللە أعلم.
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر ئاوێک بۆ دەست نوێژ و خۆشۆردن بگونجێت بۆ خواردنەوەش دەگونجێت). نور علی الدرب.