پرسیار: حوکمی بەکارهێنانی ئەو بۆنانەی کحولی تێدایە؟
وەڵام: جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە حوکمی ئەو بۆنانەی کحولی تێدایە، جیاوازییەکه بۆ دوو شت دەگەڕێتەوە:
١- ئایا ئەو بۆنانەی کحولی تێدایە مرۆڤ سەرخۆش دەکات یان نە، واتە ئەگەر بخۆیتەوە پێش ئەوەی تێکەڵی بۆن بکرێت سەرخۆش دەبیت یان نە.
٢- ئایا عەرەق پیسە یان خاوێنە، زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون پیسە.
ئەگەر سەرخۆشکەر بێت دروست نییە ئەو بۆنە بەکار بێنیت، ئەگەر سەرخۆشکەر نەبێت دروستە بەکاری بێنیت.
ئەگەر بڵێین عەرەق پاکە، مانای ئەوە نییە دروستە بەکاری بهێنیت، چونکە بابەتەکە تەنها لەسەر پاکی و پیسی عەرەق نەوەستاوە، بەڵکو لەسەر ئەوەیە سەرخۆشکەرە یان نە، ئەگەر جێگیر بوو سەرخۆشکەرە حەڕامە بەکاری بهێنی ئەگەر چی عەرەقی لا پاکیش بێت.
شێخ ئەلبانی یەکێکە لەو زانایانەی دەڵێت عەرەق پاکە، بەڵام لەگەڵ ئەمەش دەڵێت ئەگەر سەرخۆشکەر بێت حەڕامە بەکاری بێنی، چونکە ئەو فەرموودانەی هاتوون گشتین لەسەر نەهی کردن لە کڕین و فرۆشتن و بەکارهێنانی هۆشبەرەکان.
صالح الفوزان خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (ئەو بۆنانەی هۆشبەرن حەڕامە بەکاری بێنی، دروست نییە نوێژ بەو جلەوە بکەیت هەتا ئەو شوێنە دەشۆیت کە بۆنی بەرکەوتووە، چونکە پیسە و عەرەقە). المنتقى من فتاوى الفوزان (١٧/٤٨).