سەردێری پرسیار:حوکمی خواردنی شتی مەولود؟

بەرواری دانان :2020-10-29 کۆدی پرسیار:2246

پرسیار:

پرسیار: حوکمی خواردنی شتی مەولود؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن یادی لەدایک بوونی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت داھێنراوە، وە ئەسڵیش وایە خواردن و خواردنەوەش حەڵاڵە ئیلا بەڵگە ھاتبێت بۆ حەڕامی.

خواردن ئەگەر گۆشتی ئاژەڵ بێت یان ئاژەڵ سەر بڕین بێت ئەم دوو حالەتەیە:

حالەتی یەکەم: ئەگەر مەبەست لە سەر بڕین نزیک بوونەوە بێت لە بێجگە لە خوا، جا چ بۆ پێغەمبەر بێت یان کەسی تر، ئەمەیان شیرکە و حەڕامە گۆشتی ئەو ئاژەڵە بخۆیت.

حالەتی دووەم: ئەگەر مەبەست لە سەر بڕین تەنھا خوا بێت، ناوی خوای لەسەر ھێنا بێت کاتی سەر بڕین، وە بەسەر ھەژارەکان دا دابەش دەکات، ئەمەیان داھێنراوە، بەڵام خودی گۆشتەکە حەڕام نییە، چونکە بۆ بێجگە لەخوا سەر نەبڕاوە و ئەسڵ وایە حەڵاڵە، بەڵام دەبێت ئینکاری خراپە بکرێت و بەژدار نەبن لەگەڵیان.

سەبارەت بە خواردنی تر بێجگە لە ئاژەڵ ، وەک شیرینی و کێک و هەر شتێکی تر، ئەسڵ وایە حەڵاڵن، بەڵام دەبێت بە کردەوە ئینکاری بیدعە بکات، چونکە وەرگرتن نیشانەی قبول کردن و بێ دەنگ بوونە لەسەر بیدعە.

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەو ئاژەڵەی سەر دەبڕدرێت لە ڕۆژی لە دایک بوون ئەگەر بۆ کەسەکە بێت، ئەمە شیرکی گەورەیە، بەڵام ئەگەر ئاژەڵەکە بۆ خواردن بێت، ئەمەیان ھیچی تێدا نییە، بەڵام دەبێت لێی نەخوات، وە موسلمان ئامادەی نەبێت وەک ئینکاری کردن بە وتە و کردەوە، ئیلا ئەگەر ئامادە بێت بۆ ئامۆژگاری کردن، بێ ئەوەی بەژدار بێت لەگەڵیان بۆ خواردن و شتی تر). مجموع الفتاوی (9/74) .

زانایان دەڵێن ڕەتکردنەوەی خواردن یان وەرنەگرتن دەبێت بەجوانترین شێوە بێت و خەلک ھۆشیار بکرێتەوە لەم داھێنراوە و ئامۆژگاری بکرێت، نەک فیتنە دروست بکەیت برایەتی تێک بدەیت، وە بەھیچ شێوەیەک نابێت خواردن یان گۆشت فڕێ بدەیت، چونکە خودی خواردنەکە حەڕام نییە، بەڵکو لەبەر ئەوە خواردن وەرناگرین چونکە داھێنراوە، وە وەرنەگرتنی خواردن ئینکاری کردن و ڕازی نەبوونە بەو کردەوەیە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام