سەردێری پرسیار:گەیشتن بە ڕکوع بە ڕەکاعەت حساب دەکرێت؟

بەرواری دانان :2020-10-31 کۆدی پرسیار:2248

پرسیار:

پرسیار: کەسێک ڕەکاعەتێکی نوێژی جەماعەتی لێ چووە چۆن تەواو دەکات لەگەڵ ئیمام، یان ئەگەر لە ڕکوع بە نوێژ گەیشت بە ڕەکاعەت گەیشتووە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن گەیشتن بە جەماعەت گەیشتنە بە ڕکوع لەگەڵ ئیمام، گەیشتن بە تەحیات یان پێش تەحیات بە گەیشتن بە نوێژی جەماعەت یان ڕەکاعەت حساب ناکرێت، کە ئەمە وتەی شافعی و وتەیەکە لە وتەکانی ئەحمەد و ابن تیمییە و ابن عثیمینە، بەڵگە:

١- عن أبي هريرة رضي الله عنه أن النبي صلى الله عليه وسلم قال: (من أدرك ركعة من الصلاة فقد أدرك الصلاة). رواه البخاري في المواقيت، باب من أدرك من الصلاة ركعة ( ٥٨٠ ) ومسلم ( ٦٠٧ ).

واتە: لە ئەبو ھوڕەیڕە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی: (ھەر کەسێک فریای ڕەکاعەتێک نوێژ بکەوێت، ئەوە فریای نوێژ کەوتووە).

٢- عن أَبِي بَكْرَةَ رضي الله عنه، أَنَّهُ انْتَهَى إِلَى النَّبِي صلى الله عليه وسلم وَهْوَ رَاكِعٌ، فَرَكَعَ قَبْلَ أَنْ يَصِلَ إِلَى الصَّفِّ، فَذَكَرَ ذَلِكَ لِلنَّبِي صلى الله عليه وسلم فَقَالَ: (زَادَكَ اللَّهُ حِرْصًا، وَلاَ تَعُدْ). رواه البخاري (٧٨٣).

واتە: لە أَبِي بَكْرَةَ دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت چوو بۆ لای پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت لە ڕکوعدا بوو "واتە: نوێژی دابەست بوو بە ڕکوعەوە بەرەو ڕیزی نوێژ دەچوو"، ڕکوعی برد پێش ئەوەی بگات بە ڕیزی نوێژ، ئەمەی بۆ پێغەمبەر باس کرد، فەرمووی: (خوای گەورە حەریسیت بۆ سونەت زیاد بکات بەڵام جارێکی تر وا مەکە).

ئەبو بەکرە لەبەر ئەوە پەلەی کرد بۆ ڕکوع بردن بۆ ئەوەی بە ڕەکاعەت بگات، ڕیوایەت ھاتووە خۆی دەفەرمووێت: (خشیت أن تفوتني الركعة)، واتە: ترسام نەوەک ڕەکاعەتم بڕوات.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کەسێک بگات بە ڕکوع ئەوە گەیشتۆتە ڕەکاعەت، ئەم بابەتە جیاوازی ھەیە لەنێوان ئەھلی عیلم.

ھەندێک دەڵێن: نەگەیشتووە بە ڕەکاعەت، چونکە خوێندنەوەی فاتیحە ڕوکنە بۆ نوێژ و بۆ ھەموو ڕەکاعەتەکان، لەبەر وتەی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت بە مسيء الصلاة فەرمووی: "وافعل ذالك في صلاتك كلها"، لەوانە قورئان خوێندنەوە، ئەم پیاوە فاتیحەی نەخوێندۆتەوە، ئەگەر گەیشتە ڕکوع ئەوە نەگەیشتۆتە ڕەکاعەت، چونکە فاتیحەی نەخوێندووە.

ھەندێکی تر دەڵێن: گەیشتووە بە ڕەکاعەت، چونکە خوێندنەوەی فاتیحە بۆ مأموم سونەتە نەک واجب بێت، لەسەر ئەم وتەیە بابەتەکە ڕوونە.

ھەندێکی تر دەڵێن: ئەگەر گەیشتە ڕکوع ئەوە گەیشتووە بە ڕەکاعەت، نەک لەبەر ئەوە فاتیحە واجب نییە لەسەر مأموم، بەڵکو لەبەر ئەوەیە فاتیحە لەسەری لاچووە لەم حالەتە، بەجۆرێک نەگەیشتووە بە قیام لە شوێنی قورئان خوێندن لەسەری لاچووە، ئەوەی دیار بێت لەم فەرموودەیە گەیشتووە بە ڕەکاعەت، چونکە ئەبو بەکرە پەلەی کرد بۆ ئەوەی بە ڕەکاعەت بگات ، ھەروەک بە ھەندێک ڕێگا ھاتووە لە فتح ئاماژەی بۆ کردووە دەفەرمووێت: "ترسام ڕەکاعەتم بڕوات" ئەمە بەڵگەیە پەلەی کردووە بۆ ئەم مەبەستە ، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمانی نەکرد بە قەزاکردنەوەی ئەم ڕەکاعەتە، ئەگەر فەرمانی پێ کرابوایا نقل دەکرا، پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت ئەگەر کەسێکی دیتبا ھەڵەی کردووە ئاگاداری دەکردەوە لەسەر ھەڵەکەی، نموونە ئەو پیاوەی نوێژ کرد بێ طمأنینە پێی فەرمووی: "ارجع فصل فإنك لم تصل"، ئەگەر ئەبو بەکرە بە ڕەکاعەت نەگەیشتبا فەرمانی دەکرد بە قەزاکردنەوەی، چونکە پەلەی نەکردووە ئیلا بۆ ئەوە نەبێت ھەتا بگات بە ڕەکاعەت، ئەمە وتەی ڕاستە، لەگەڵ ئەمەش من وای دەبینم خوێندنەوەی سوڕەت فاتیحە واجبە لەسەر مأموم لە ھەموو ڕەکاعەتێک نوێژی سڕی و جەھری، بەڵام فەرموودەکە ڕوون و ئاشکرایە بۆ ئەم بابەتە). فتح ذي الجلال والإكرام (/٥١٦-٥١٧).

کەسێک ڕەکاعەتێکی لێ چووە لەگەڵ ئیمام، لە دوای سەلام دانەوەی ئیمام ڕەکاعەتێک تەواو دەکات.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام