پرسیار: ئایا دروستە لەکاتی نوێژ دەنگت بەرز بکەیت بۆ قورئان خوێندنەوە بۆ ئەوەی ئاگات لە نوێژ بێت؟
وەڵام: زانایان دەلێن ئەسل وایە لە نوێژی ڕۆژدا قورئان بە نھێنی دەخوێندرێ و نوێژی شەویش قورئان بە ئاشکرا دەخوێندرێ ئیلا ئەو نوێژانە نەبێت کە بەلگەی لەسەر ھاتووە بۆ خوێندنەوەی بە نھێنی یان ئاشکرا، وەک نوێژی خۆر گیران و مانگ گیران و باران بارین بە ئاشکرا قورئانی تێدا دەخوێندرێ.
خاوەنی کشاف القناع دەفەرمووێت: (باش نییە بۆ ھەموو نوێژخوێنێک قورئان بە دەنگ بخوێنێتەوە لە نوێژی سونەت گەر لە ڕۆژدا بکات جگە لە نوێژی خۆر گیران و مانگ گیران و نوێژی باران بارین نەبێت، وە نوێژی سونەت لە شەو دا سەیری مصلەحەت دەکات ئەگەر یەکێک لە لای بێت یان لێی نزیک بێت و بە دەنگی بێزار دەبێت ئەوا بە نھێنی دەبێت بخوێنێ، وە ئەگەر بە دەنگ بەرز کردن کەسێک سوودی لێ وەربگرێ ئەوا دەنگی بەرز دەکات). كشاف القناع (1/441).
لە الموسوعە الفقھیە باس کراوە دەلێت: (جیاوازی نییە لە نێوان زانایان سەبارەت بە سونەتی دەنگ نزم کردن لە نوێژی سونەتی ڕۆژدا). الموسوعة الفقهية (16/189).
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەگەر مرۆڤ نوێژ بۆ خۆی بکات ڕێگە پێدراوە بۆی ئەوە بکا کە بۆ دڵی چاکە لە دەنگ بەرز کردن و نزم کردن بۆ قورئان خوێندنەوە لە نوێژی شەو ئەگەر کەس بێزار نەبێت پێی، ئەگەر ئەوانەی دەورووبەری ھەست بە ئازار بکەن وەک ئەوەی نوێژخوێن لێی نزیکن یان قورئان دەخوێننەوە یان خەوتوون ئەوا دەبێت دەنگی نزم بکات.
سەبارەت نوێژی ڕۆژ وەک نوێژی چێشت تەنگاو یان نوێژی ڕەواتب یان نوێژی نیوەڕۆ و عصر، ئەمانە سونەتە دەنگت نزم بکەیت تێیدا، وە دروستە ئیمام ھەندێک جار لە نوێژی سڕی "واتە ئەو نوێژانەی قورئان بە نھێنی تێیدا دەخوێنرێ" ھەندێک ئایەت بە دەنگ بخوێنێت، لەبەر فەرموودەی ئەبو قتادە دەلێت : پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت ھەندێک جار ئایەتێکی بە بەر گوێمان دەخست، واتە لە نوێژی نیوەڕۆ و عصر). مجموع فتاوى الشيخ ابن باز (11/126) .
پوخـــتــــەی وەلامــــــــی زانــــایـــــان:
١- ئەسل وایە نوێژی ڕۆژ بە نھێنی قورئان تێیدا دەخوێندرێ و نوێژی شەویش بە دەنگ واتە ئاشکرا .
٢- جیاوازی نییە لە نێوان زانایان سەبارەت بە سونەتی دەنگ نزم کردن لە نوێژی سونەتی ڕۆژدا.
٣- دروستە لە نوێژی ڕۆژدا جار جار ئیمام ئایەتێک یان دوو ئایەت بخاتە بەر گوێی ئەوانەی نوێژی بەدوای دەکەن.
٤ نوێژی شەو کامەی سوودی ھەبوو ئەو ھەلدەبژێرێ، ئەگەر دەنگ بەرز کردن بۆ دڵ چاکتر بوو و کەس بێزار نەکات ئەوا باشترە دەنگی بەرز بکات، وە ئەگەر کەسی لە لابێت و بێزار بن لێی باشترە دەنگی نزم بکات.