پرسیار: خۆم جلی مۆدە لەبەر دەکەم بۆ زانکۆ، دەمەوێت جلی شەرعی بپۆشم بەڵام وا بیر دەکەمەوە ئەگەر ئەو جلە لەبەربکەم نابێ جلی کوردی و مەکسی لەبەر بکەم، چونکە جلی کوردی و مەسکی تەسک و تەنک و ناشەرعین، ئەگەر وابکەم واهەست دەکەم دووڕوو دەردەکەوم، چی بکەم ئێستا؟
وەڵام: زانایان دەلێن حیجاب یەکێکە لە گرینگترین شیعاری ئیسلام کە ئافرەت موسلمانی پێی بناسرێتەوە و جیا بکرێتەوە لە ئافرەتانی تر .
سەبارەت بەوە: (دەمەوێت جلی شەرعی بپۆشم بەڵام وا بیر دەکەمەوە ئەگەر ئەو جلە لەبەربکەم نابێ جلی کوردی و مەکسی لەبەر بکەم، چونکە جلی کوردی و مەسکی تەسک و تەنک و ناشەرعین، ئەگەر وابکەم واهەست دەکەم دووڕوو دەردەکەوم).
ڕاستە ئەگەر ئافرەت حیجابی کرد دەبێت بۆ هەموو شوێنێک بیکات، هەروەها ئەگەر جلی کوردیشی لەبەرکرد دەبێت جلەکە شەرعی بێت، تەرک کردنی حیجاب بە یەکجاری خراپترە لەوەی هەندێک جار حیجاب تەرک بکەیت، ئەمە وەسواسی شەیتانە نابێت موسلمان تەسلیمی شەیتان بێت.
ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین زۆر لە ئافرەتان حیجابیان لا شتێکی ئاساییە و تەنھا بۆ نوێژ حیجاب لەبەر دەکەن، یان تەنها لە هەندێک شوێن و هەندێک کات حیجاب دەکەن، وە نییەتیشیان پاکە نوێژ دەکەن و ڕۆژووش دەگرن و ڕۆژانە قورئان دەخوێننەوە و بەڵکو قورئانیش لەبەر دەکەن و گوێ لە وتاری ئایینیش دەگرن.
زانایان دەلێن ئیسلام واتە تەسیلم بوون بۆ خوای گەورە لە دڵ و ڕووکەشدا، ڕاستە مەرج دڵە بەڵام ئەگەر دڵ پاک بێت و ڕاست بێت ڕووکەشیش پاک دەبێت و ڕاست دەبێت و تەسلیم دەبێت بۆ حیجاب.
ئەی خۆشکی بەڕێز قورئان فەرمانی کردووە بە حیجاب، قورئان یان دەبێتە بەلگە بۆت یان دەبێتە بەلگە لەسەرت، گوێڕایەلی خوای خۆت بکە پێش ئەوەی ڕۆژێک بێت پەشیمان ببیتەوە و بلێی خۆزگە لە دونیا حیجابم کردبا.
زۆر ئافرەت ھەن حەز دەکەن حیجاب بکەن بەڵام دەورووبەری زۆرینەیان ئافرەتی حیجاب نین و شەرم لە خەلک و دەوروبەری دەکەن و لە لۆمەی لۆمە کاران دەترسن، شەرم لە خەلک مەکە بەڵکو شەرم لە خوای خۆت بکە کە سەرپێچی خوای خۆت دەکەیت کە حیجاب ناکەیت.
ئافرەتێکی کافری ڕووسی موسلمان دەبێ و لەناو ولاتی کافرەکان موسلمان دەبێت و دوای خۆی دەکاتە نیقاب و چەندین نەخۆشی و ئازاری دەچێژێت لە بەر دایک و باوکی و خزم و کەس و کاری، ئافرەتێکی ڕاست بووە ھەموو شتێکی کردووە لە پێناو خوای گەورە ھەتا مال و دایک و باوک و خزم و کەس و کاری خۆی بەجێ ھێشت لە ڕێگای خوا چونکە مەبەستی کوشتنی ئەو ئافرەتەیانی ھەبوو، وە لە ولاتی تر لە غەریبی دا دەژیت و بەردەوام دوعا بۆ دایک و باوک و خزم و کەس و کاری خۆی دەکات و بەردەوام بانگەوازی بۆ ئیسلام دەکات و بووە کەسێکی پێگەیشتوو و تێگەیشتوو لە ئیسلام.
کوا ئافرەتی موسلمان و حیجابەکەی؟! ئەی ئافرەت موسلمان تۆ لەکوێ دەژی و خەریکی چی و بێ ئاگایی ھەتا کەی؟! کوا ئیمانی ئافرەتی موسلمان و تەسلیم بوونەکەی بۆ خوای خۆی؟! کوا ئەو عیبادەتەی کە چەندین سالە دەکات ئیمانی نەگەیشتۆتە ئەو پلەیە کە تەنھا بۆ خوای خۆی تەسلیم بێت و لە لۆمەی لۆمە کاران نەترسێت؟! سوێند بەخوا چەندین موسلمان کاتێک ئەم جۆرە کافرانە دەبینن بۆ موسلمان بوون و پابەند بوون بە دینی ئیسلام، خۆیان دەلێن ئێمە بە گومانین لە ئیسلام خۆمان تۆ بلێی ئێمە کافر نەبین؟! وە بەڕوونی دان بەوە دەنێن و دەلێن ئیمانەکەمان ڕاست نییە و ئێمە ڕاست نین لەگەڵ خوای خۆمان، ئەوا چەندین ساڵە موسلمانین کەچی نەگەیشتووینە ئەم پلە و ئەو خۆشییەی کە ئەمانە باسی دەکەن.
خوای گەورە ھەندێک مرۆڤی دروست کردووە ڕاستن لەگەڵ خوای خۆیان و ژیان و مردنیان ھەر بۆ ئەوە و خۆشترین ژیانیان ھەیە لە دونیا و قیامەت، خۆشی بۆ ئەوانە کە خەلکانێک دژایەتی دەکەن و وا گومان دەبەن ئەمانە ژیانیان لەخۆیان تاڵ کردووە بەم نیقابە و دینیان تووند گرتووە و ئەمانە ئیسلامین، بەلام لە ڕاستی دا ھەر خوا دەزانێت ئەمانە لە چ خۆشییەک دان، تەسلیم بوون بۆ خوای گەورە و حیجاب لەبەر کردن و ھەر عیبادەتێک کردن پێویستی بە ئیمان ھەیە، سوێند بەخوا ئەگەر ئافرەت خۆشەویستی خوای گەورەی گەیشتبێتە ئەو ڕادەیە کە دڵی پەنگی خواردبێتەوە ئیلا حیجاب دەکات و لە لۆمەی لۆمە کران ناترسێت.
ئەی خوشکی بەڕێز ئەمڕۆ لە دونیا دەژیت و سبەی لە قیامەت لێپرسینەوەت لەگەڵ دەکرێت بۆ ئەم حیجابە، ئایە بەرگەی کەمترین سزا دەگریت کە جووتێ نەعل لە قاچت دەکرێ مێشکی سەرت دەکوڵێ لەگەلی؟! ئایە بەرگەی ئاگرێک دەگریت کە حەفتا ئەوەندە لە ئاگری دونیا گەرمترە؟! ئایە بەرگەی شەرمەزاری ڕۆژی قیامەت دەگری بەرامبەر خوا و لە پێش چاوی ھەموو دروست کراوەکان؟!
خوشکی بەڕێز مەترسە و پشت بەخوا ببەستە و گەش بین بە و دەست بکە بە حیجاب کردن، ڕاستە سەرەتا کەمێک قورسە بەڵام خوا پشت و پەنات بێت ھەموو شتێک لات سووک دەبێت دوای ماوەیەک لای خەلکیش دەبێتە شتێکی ئاسای و دوای ماوەیەک ڕۆژێک دێت باسی حالی خۆت دەکەیت دەلێیت: سەردەمێک حەزم دەکرد حیجاب بکەم بەلام لەبەر دەورووبەر نەم دەتوانی، بەلام ئێستا سوپاس بۆ خوا حیجابم و من خەلکیش ھان دەدەم بۆ حیجاب کردن و ڕووکردنە دینی خوا.