سەردێری پرسیار: حوکمی دەست نوێژ گرتنەوە بۆ دوو نوێژی واجب؟

بەرواری دانان: 2020-11-16 کۆدی پرسیار: 2259

پرسیار:

پرسیار: ئەگەر نوێژێکمان درەنگ کرد بۆ نموونە نوێژی مەغریب بیست دەقە یان نیو سەعاتێکی مابوو، ئایا بۆ نوێژی عیشا باشترە دەست نوێژ تازەکەینەوە؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن سونەتە دەست نوێژ نوێ بکرێتەوە بەڵام دەبێت نوێژی کردبێ بەدەست نوێژی پێشوو، جا چ نوێژی سونەت بێت یان واجب .

ئیمام النووی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەموو ھاوەڵانی ئێمە یەك دەنگن لەسەر سونەتی نوێ کردنەوەی دەست نوێژ، ئەویش ئەوەیە دەست نوێژت ھەیە، پاشان دەست نوێژ دەگریت بێ ئەوەی دەست نوێژت شکا بێت). المجموع (١/٤٩٥).

زانایان دەڵێن لەم دوو حالەتە سونەت نییە دەست نوێژ نوێ بکرێتەوە:

حالەتی یەکەم: ئەگەر نوێژێک تابع بوو بۆ نوێژێکی تر، ئەوا سونەت نییە دەست نوێژ نوێ بکرێتەوە لەم حالەتە، وەک: سونەتی ڕواتب لەگەڵ نوێژی واجب، یان نوێژی تەڕاویح لەگەڵ نوێژی ویتر.

حالەتی دووەم: ئەگەر دوو نوێژ کۆ کرابنەوە (واتە: جمع)، وەک: نوێژی نیوەڕۆ و عصر، یان نوێژی مغرب و عیشا.

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نوێکردنەوە دەست نوێژ سونەتە ئەگەر نوێژی کردبێ بە دەست نوێژی یەکەم، ئەگەر نوێژی کرد بە دەست نوێژ پێشوو، سونەتە دەست نوێژ نوێ بکاتەوە بۆ نوێژی نوێ.

نموونە: دەست نوێژ گرت بۆ نوێژی نیوەڕۆ و نوێژی نیوەڕۆ کرا، پاشان کاتی نوێژی عصر ھات و دەست نوێژی ماوە "واتە نەشکاو"، ئەو کات سونەتە دەست نوێژ بگریتەوە دەست نوێژێکی نوێ، چونکە نوێژی کردووە بە دەست نوێژێ پێشوو، دەست نوێژ نوێ کردنەوەی عصر بۆی ڕێگەپێدراوە، ئەگەر نوێژی بەو دەست نوێژە نەکردبێت، وەک ئەوەی دەست نوێژ بگرێت بۆ عصر پێش ھاتنی کاتی عصر، وە نوێژی نەکردووە بەم دەست نوێژە، پاشان کاتێ بانگی عصر درا دەست نوێژی نوێ کردەوە، ئەمەیان ڕێگەپێدراو نییە، چونکە نوێژی نەکردووە بە دەست نوێژی یەکەم). الشرح الممتع.

بەڵێ بۆ نوێژی عیشا باشتر وایە دەست نوێژ بگریتەوە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام