پرسیار: ئایا جائیزە کچەکی تازە پێگەیشتوو بەتەلەفۆن دەرس لای مامۆستایەکی پیاو بخوێنێت؟ واتە ڕووبەڕوو نەبێ هەر بەئینتەرنێت تەنها گوێیان لەدەنگی یەکتر بەتەنیاش نەبێ خوشکانی دیکەش لەگەڵیدا گوێی لێ دەگرن؟ تەئکیدیش بێت کە ئەو مامۆستایە ئەهلی سوننە و جەماعەیە و دڵنیابیت لێی کە کەسێکی ئەمینە سیقەت پێی هەبێ جگە لە دەرسیش قسەی دیکە ناکەن، نموونە مامۆستایەکە کتێب بۆیان شەرح بکاتەوە؟ ئایا هیچ مەرجێکی هەیە؟ جائیزە دەرسی لا بخوێنن؟
وەڵام: سونەتی خوای گەورە سەبارەت بە درستکراوەکانی وایە پیاو ئارەزووی بۆ ئافرەت دەڕوات، هەروەها ئافرەتیش ئارەزووی بۆ پیاو دەڕوات لە قۆناغێک لە قۆناغەکانی تەمەن، خوای گەورە هەندێک ڕێنمایی و پەرژینی داناوە بۆ ئەوەی مرۆڤ تووشی حەڕام نەبێت.
زانایان دەلێن نابێت قسە لەگەڵ ئافرەتی بێگانە بکەیت، هەروەها نابێت ئافرەتیش قسە لەگەڵ پیاوی بێگانە بکات، چونکە سەر دەکێشیت بۆ فیتنە، دەبێت موسڵمان خۆی لێی بپاڕێزێت ئیلا لەم دووحالەتە نەبێت:
حالەتی یەکەم: ئەگەر قسەکردنە سوودی بۆ دین هەبێت دروستە، وەک پرسیار کردن یان بانگەوازی کردن و دەرس خوێندن ئەگەر ترسی ئەوەی نەبێت تووشی فیتنە بێت.
حالەتی دووەم: ئەگەر سوودێکی ڕێگە پێدراوی هەبێت بۆ دونیا.
بەلام زانایان دەلێن لەم دوو حالەتەش:
١- دەبێت قسە بکەیت بە پێی پێویست، نابێت درێژەی پێ بدەیت.
٢- نابێت ئەو قسانە بکات ئاماژە بۆ خۆشەویستی بکات یان ورژاندنی ئارەزوو.
٣- دەبێت خۆی بەدوور بگرێت لە گاڵتەکردن و پێکەنین.
٤- دەبێت دەنگی خۆیان ناسک نەکەن و کار لەیەکتر بکەن بەتایبەتی ئافرەت.
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەسڵ وایە هەر شتێک هۆکار بێت بۆ فیتنە نابێت، چونکە هەر شتێک سەر بکێشیت بۆ فەساد دەبێت ڕێگری لێ بکرێت). مجموعە فتاوی (١٥/٤١٩).
دەرس خوێندن لای مامۆستای پیاو دروستە بەو مەرجانە، بەڵام ئافرەت ئەگەر لای ئافرەت بخوێنێت باشترە، لەگەڵ ڕێزم بۆ ئافرەت هەندێک ئافرەت ئەگەر مامۆستاکە پیاو نەبێت دەرس ناخوێنن.