پرسیار // ئایا دەتوانی نوێژ کورت بکەیتەوە پێش ئەوەی لەشار دەربچیت بۆ سەفەر ؟ وە دەتوانی کۆبکەیتەوە پێش ئەوەی بچیت بۆ سەفەر ؟
وەلام // سەبارەت بە نوێژ کورت کردن پێش ئەوەی لەشار دەربچیت بۆ سەفەر دوو وتە هەیە :
یەکەم / زۆربەی زانایان (جماهیر ) دەلێن نابێت نوێژ کورت بکەیت بۆ سەفەر ئیلا دەبێت لەشاری خۆت دەربچیت .
دووەم / هەندێک دەلێن دروستە نوێژ کورت بکەیت بو سەفەر ئەگەر هێشتا لەشاری خۆت دەرنەچوو بیت لە مالەوە بیت ، بەلگە:
(ٲ) پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ٳنما الاعمال بالنیات....)) واتە : هەموو کردەوەیەک بە نییەتە ، مادەم نییەتی سەفەرت هێنا بۆت دروستە کورت بکەیت ئەگەر لە مالیش بیت.
(ب) لەبەر ئەوە روخسەت دراوە نوێژ کورت بکەیت هەتا ئاسان بێت و نەبێتە بارگرانی ، چونکە مسافر ماندوو دەبێت پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت (( السفر قطعة من العذاب )) واتە : سەفەر کردن بەشێکە لە سزا و ماندوو بوون ، ئەگەر لە مالەوە نوێژ کورت بکات بۆی زۆر ئاسان ترە ، چونکە لەوانەیە ڕێگای زۆر دوور بێت ، وە شوێن نوێژ کردن و دەست نوێژ هەلگرتنی دەست نەکەوێت .
وتەی ڕاست ووتەی یەکەمە وتەی زۆربەی زانایانە کە نابێت نوێژ کورت بکەیەوە وە ڕۆژووش بشکێنی ئیلا دەبێت لەشار دەر بچیت، وە وتەی دووەم وتەیەکی شازە، بەلکو هەندێک اجماع نقل دەکەن ، بەڵگە :
(ٲ) خوای گەورە دەفەرمووێت : (( ومن کان مریضا ٲو علی سفر .....)) هەرکەسێک نەخۆش بوو یان لە سەفەر بوو ، وه ئەو حەدیسانەی باسی کورت کردنەوە دەکەن باسی سەفەر دەکەن ، نەک لەمالەوە بیت، ئەگەر یەکێک هێشتا لە مالەوە بێت مسافر نییە ئیلا دەبێت لە شار دەربچێت، ڕۆژووش بەهەمان شێوە .
(ب) فەرموودەی : (( انما الاعمال بالنیات)) نابێتە بەلگە بەلکو وەلام بۆیان ، چونکە کردەوەی نەکردووە لە شار دەرنەچووە ، ڕاستە هەندێک کردەوە هەن ئەگەر بەکردەوەش نەکەیت بەلام نییەتت هەیە پاداشتت بۆ دەنووسرێ ، بەلام ئەمە جیاوازە بە نییەت کەس نابێتە مسافر ئەگەر لە شاری خۆی دەرنەچوو بێت.
(ج) دەلێین ڕاستە لەبەر ئەوە ڕوخسەت دراوە بۆ کورت کردنی نوێژ وە کۆکردنەوەی نوێژ بۆ ئەوەی ئاسان بێت تووشی بارگرانی نەبن ، بەلام ئاسانکارییەکە بۆ سەفەرە هێشتا سەفەرت نەکردووە و نەبوویتە مسافر ، وە دەتوانیت لەڕێگا نوێژ بکەی ئەگەر مزگەوت و ئاو و ئاودەستیشت دەست نەکەوت ، چونکە زەوی هەمووی پاکە و شوینی نوێژ کردنە وە دەتوانیت تەیەممووم بکەی ئەگەر ئاویشت دەست نەکەوت ، وه دەتوانێت خۆی پاک بکاتەوە بە بەرد یان هەرشتێکی تر مرۆڤ خاوێن بکات بێجگە لە ئێسک و پیسای ئاژەل.
سەبارەت بە کۆکردنەوە ی نوێژ دەلێین کورت کردنەوەی نوێژ تایبەتە بەسەفەر بەلام کۆکردنەوەی نوێژ تایبەت نییە بەسەفەر ، دەتوانیت نوێژی نیوەڕۆ و عصر لە شاری خۆت پێکەوە بکەیت و پاشان سەفەر بکەیت.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ