پرسیار: ئایا دروستە لەناو نوێژی واجب لە سوجدەدا سەلاوات لێبدرێ و دوعا بکەی بۆ زەواج؟
وەڵام: هەندێک زانا دەڵێن دروستە سەلاوات لە سوجدە بخوێنی پاشان دوعا بکەیت، چونکە:
١- حمد و مەدح و سەلاوات پێش دوعاکردن سونەتە و هۆکارە بۆ قبوڵ بوونی دوعا.
٢- ئەو دەقانەی هاتوون گشتین تەحیات و سوجدە و دەرەوەی نوێژیش دەگرێتەوە.
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (دروستە پێش دوعا کردن حەمد و مەدحی خوای گەورە بکەیت و سەلاوات بخوێنی هەتا ئەگەر لە سوجدەش بیت، چونکە فەرموودەکە گشتی یە، هەروەها سونەتە لە سوجدە زۆر دوعا بکەیت، هەروەک پێغەمبەر ﷺ، "أقرب ما يكون العبد من ربه وهو ساجد فأكثروا الدعاء".
پێغەمبەر ﷺ دەفەرمووێت: "إذا دعا أحدكم فليبدأ بتحميد ربه والثناء عليه، ثم يصلي علي ثم يدعو".
ئەمە گشتییە هەتا سوجدەش دەگرێتەوە، دەڵێیت: اللهم لك الحمد، الحمد لله على كل حال، اللهم صل على محمد وعلى آل محمد، پاشان دوعا دەکەیت). نور علی الدرب.
باشتر وایە ئەمە لە تەحیات بکرێت نەک سوجدە، چونکە فەرموودەکە باسی تەحیاتە، ڕاستە سوجدە شوێنی دوعا کردنە بەڵام نەقل نەکراوە سەلاوات لە سوجدە خوێندرابێت.
عَنْ فَضَالَةَ بنِ عُبَيْدٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ قَالَ: سَمِعَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ رَجُلًا يَدْعُو فِي صَلاتِهِ وَلَمْ يَحْمَدِ اللَّهَ وَلَمْ يُصَلِّ عَلَى النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَ: (عَجِلَ هَذَا) ثُمَّ دَعَاهُ فَقَالَ: (إِذَا صَلَّى أَحَدُكُمْ فَلْيَبْدَأْ بِتَحْمِيدِ رَبِّهِ وَالثَّنَاءِ عَلَيْهِ، ثُمَّ يُصَلِّي عَلَى النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، ثُمَّ يَدْعُو بِمَا شَاءَ). أخرجە أبو داود (١٤٨١) في کتاب "الصلاة" باب "الدعاء" والترمذي (٣٧٤٤) والنسائي (٣/٤٤-٤٥) وأحمد (٣٩/٣٦٣) وابن ماجە (١٩٦٠) .
واتە: لە فَضَالَةَ بنِ عُبَيْدٍ دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم گوێی لە پیاوێک بوو لە تەحیات دوعای دەکرد، نە سوپاسی خوای کرد و نە سەلاواتی لەسەر پێغەمبەر دا، پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (ئەمە پەلەی کرد)، پاشان بانگی کرد پێی گوت: (ئەگەر یەکێک لە ئێوە ویستی دوعا بکات با بە سوپاسی خوا و مەدح دەست پێ بکات، پاشان سەلاوات لەسەر پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم بدات، پاشان دوعا بکات بەوەی بییەوێت).
ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە بۆ ئادابێک لە ئادابەکانی دوعا کردن، ئەویش پێش خستنی سوپاسی خوای گەورە کردن و مەدح کردنە، پاشان سەلاوات لێدانە لەسەر پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم، پاشان دوعا کردنە، ئەمەیان سونەتە لە دوای تەحیات و دەرەوەی نوێژ.
هەروەها پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم دەفەرمووێت: (كل دعاء محجوب حتى تصلي على النبي صلى الله عليه وسلم). رواه الطبراني في "الأوسط" (1/220)، وصححه الشيخ الألباني في "صحيح الجامع" (4399).
ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (چونکە هیچ شوێنێک لە نوێژ نییە دروست بێت مەدحی خوا بکەیت و پاشان سەلاوات لەسەر پێغەمبەر بدەیت، پاشان دوعا بکەیت ئیلا تەحیاتی کۆتایی نوێژ نەبێت، چونکە ئەمە نە لە قیام دروستە نە لە رکوع و سوجدە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، بەمە دەزانرێت مەبەست پێی کۆتایی نوێژ کاتی دانیشتن بۆ تەحیاتی کۆتایی). جلاء الأفهام لاپەڕە (١٨٩).
کەواتە باشتر وایە دوعا لە سوجدە بکەی بێ ئەوە سەلاوات بخوێنی، واللە أعلم.