پرسیار: ئامۆژگاریتان چیە بۆ ئەو خۆشکانە کە زێدەڕەوی دەکەن لە وێنەگرتن بە عەبا و نیقاب؟ ئایا بێجگە ڕەنگی ڕەش دروستە لەبەربکات؟ ئایا دروستە ئافرەتێک دوکانێک دابنێت عەباو نیقاب بفروشێت لەگەڵ ئەوە ئافرەتێک ڕیکلام بکات بەفیدیۆ قسە لەسەر بکات؟
وەڵام: سەبارەت بە جل و بەرگی ڕەش مەرج نیە بۆ حیجاب، بەڵکو جل و بەرگ هەر ڕەنگێک بێت مەرجەکانی حیجابی شەرعی تێدا بێت دروستە.
حیجابی ئافرەت چەند مەرجی ھەیە:
١- دەبێت حیجاب ھەموو لاشەی ئافرەت داپۆشێت.
٢- دەبێت ئەستوور بێت و نابێت تەنک بێت ژێرەوەی دیار بێت.
٣- دەبێت فراوان بێت نابێت تەسک بێت.
٤- نابێت گولاوی لێ دابێت بۆنی ھەبێت.
٥- نابێت جل و بەرگی وەک ھی پیاوان بێت.
٦- نابێت جل و بەرگی وەک ھی کافرەکان بێت.
٧- نابێت وێنەی ڕوح لەبەری لەسەر بێت وە خاچ و ھەر ھێمایەکی تر بیروباوەڕێکی پووچ.
٨- نابێت جل و بەرگێک بێت شاز بێت و پێی بەناو بانگ بێت، واتە نابێت جل و بەرگی ناوبانگی بێت.
٩- نابێت جل و بەرگێک بێت سەرنجی پیاوی ڕابکێشێت.
دانانی وێنە و فیدیۆی ئافرەت لتۆڕی کۆمەڵایەتی بۆ ڕیکلام حەڕامە، چونکە:
١-نەفی ئەو خۆ داپۆشینە دەکات کە خوای گەورە فەرمانی کردووە و سونەت باسی کردووە.
٢-بە بڵاوکردنەوەی ئەم وێنە و ڤیدیۆیانە فیتنە دروست دەبێت، پیاو تووشی فیتنە دەبێت و ئافرەتەکەش تووشی فیتنە دەبێت.
سەبارەت بەوە ئەگەر ئافرەت نیقاب بێت تەنها چاوی دیار بێت ئەگەر دانەنرێت باشترە، چونکە جار وایە چاو زۆر جوانە پیاوی بێگانە تووشی فیتنە دەکات، بەڵکو هەندێک دەڵێن چاو ترسناکترین ئەندامە و شەڕی گەورە لەسەر چاوە، هەندێک زانایان شافعی مەزهەب دەقیان هەیە حەڕامە سەیری ئافرەتی نیقاب بکەیت، بەتایبەتی ئەگەر جوان بێت.
سەبارەت بەوە دروستە ئافرەت دوکان دابنێت کەل و پەل بفرۆشێت، ئەسل وایە دروستە ئەگەر پابەند بێت بە حیجابی شەرعی و تووشی بێ شەرعی نەبێت.
سەبارەت بە زۆر وێنە گرتن ئەمە دەردێکە زۆر لە موسڵمان تووشی بوون، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە هەندێک لە پیاوانیش تووشی هەمان دەرد بوون، تەقوای خوا بکەن و خۆتان سوک مەکەن بە زۆر وێنە گرتن، ئەمە هەنگاوەکانی شەیتان، شەیتان تەنها بەمە ڕازی نابێت تووشی حەڕامت دەکات و ئەگەری فیتنەی هەیە، ئەو ئافرەتەی وێنە دەگرێت بە عەبا یان نیقاب ئەگەر جل و بەرگی جوان نەبێت و سەرنج ڕاکێش نەبێت وێنە ناگرێت، چونکە دەڵێت جوان نیە، یان لەبەر ئەوە وێنە دەگرێت چونکە چاوەکانی جوان بەدیار دەکەون لە وێنەی نیقاب، مەرجی حیجابی شەرعیش ئەوەیە نابێت سەرنج ڕاکێش بێت.