پرسیار: ئافرەتێک پیاوی مردووە لە ماوەی عیدەدایە، ئایا دەتوانێ کل لەچاو بکات ئەگەر چاوی ژان بکات؟
وەڵام: سەبارەت بە کل لەچاو کرد دوو حالەتە:
یەکەم: بۆ جوانی کل لەچاو دەکات، ئەمەیان دروست نییە لەماوی عیدە و تەعزیەدا بە یەک دەنگی هەموو زانایان.
دووەم: کل لە چاو دەکات وەک چارەسەر، جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان دوو وتە هەیە:
-زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون دروستە، بەشەو کل لەچاو دەکات و بەڕۆژ لایدەدات، کە ئەمە وتەی هەر چوار مەزهەبەکانە، بەڵگە:
فەرموودەی ئوم سەلەمە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم فەرمووی: (کل لەچاو مەکە مەگەر بەشەو، بە ڕۆژ لابدە). رواە أبو داود (٢٣٠٥)، والنسائي (٦/٢٠٤-٢٠٥).
-هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون دروست نییە، کە ئەمە وتەی ابن حزم و وتەیەکە لە وتەکانی مالکی، بەڵگە:
لە ئوم سەلەمە دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: ئەی نێردراوی خوا کچەکەم پیاوەکەی مردووە، چاوی ژانی هەیە ئایا کل لەچاو بکات؟ فەرمووی: (نەخێر). أخرجە البخاري (٥٣٣٦)، ومسلم (١٤٨٨).
وتەی دووەم بەهێزە بە تایبەت لەم سەردەمە چەندین دەرمان هەن چارەسەری چاو دەکەن وەک کل، سەبارەت بەو فەرموودەیەی زۆربەی زانایان دەکەنە بەڵگە وەڵام بۆیان فەرموودەکە لە سەنەد و مەتن لاوازە، سەبارەت بە سەنەد:
-مخرمة بن بکیر گوێی لە باوکی نەبووە.
-مغیرة بن ضحاک مجهولە، کەس بە متمانەی دانەناوە جگە لە ابن حبان.
-أم حکیم بن أسید مجهولە.
سەبارەت بە مەتنەکەی پێچەوانەی فەرموودەی بوخاری و مسلیمە.