سەردێری پرسیار: حوکمی (نتر) دادۆشینی زەکەر کاتی میز کردن بۆ ئەوە تووشی پاش میز نەبیت؟

بەرواری دانان: 2020-12-29 کۆدی پرسیار: 2295

پرسیار:

پرسیار: حوکمی (نتر) دادۆشینی زەکەر کاتی میز کردن بۆ ئەوە تووشی پاش میز نەبیت؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: عَنْ عِيسَى بنِ يَرْدَادَ (يَزْدَادَ) عَنْ أَبِيهِ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا قَالَ: قَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: (إِذَا بَالَ أَحَدُكُمْ فَلْيَنْتُرْ ذَكَرَهُ ثَلاثَ مَرَّاتٍ) رَوَاهُ ابْنُ مَاجَهْ بِسَنَدٍ ضَعِيفٍ.

واتە: لە عیسایی کوڕی یەزدادەوە دەگێڕنەوە فەرمووی: باوکم خوا لێی ڕازی بێت فەرمووی: پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی: (ئەگەر یەکێک لە ئێوە میزی کرد، با سێ جار زەکەری لە بنەوە دادۆشێ و دەستی پێدا بھێنێ، "تا میزی تێدا نەمێنێت و نەبێتە پاش میز").

ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە سونەتە زەکەر دابدۆشی دوای میز کردن، بۆ ئەوەی پاک بێتەوە و میزی تێدا نەمێنێتەوە و نەبێتە پاش میز. جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بە نتر ، دوو وتە ھەیە: یەکەم: ھەندێک زانا بۆ ئەوە چوون نتر سونەتە ، کە ئەمە وتەی شافعی و حەنابلە یە، بەڵگە:

١- فەرموودەی عیسایی کوڕی یەزداد.

٢- پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت فەرمووی: (إنهما ليعذبان، وما يعذبان في كبير؛ أما أحدهما فكان لا يستنزه من بوله).

دووەم: ھەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون نتر سونەت نییە، کە ئەمە وتەی ابن تیمییە و ابن قیم و ابن عثیمینە، بەڵگە:

١- ھیچ فەرموودەی صحیح نەھاتوون بۆ نتر، ئەو فەرموودەی ھاتووە لاوازە.

٢- نتر کردن دەرگای وەسواس دەکاتەوە.

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (نتر بیدعەیە لەسەر وتەی ڕاستی زانایان، ئەو فەرموودەی ھاتووە ھیچ ئەصل و ئەساسی نییە، میز دەردەچێت بە طبیعەتی خۆی ، کاتێک تەواو دەبیت لە میز کردن خۆی قطع دەبێت بە سروشتی خۆی). مجموعە الفتاوی (٢١/١٠٦).

ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (گەڕامەوە بۆ لای مامۆستای خۆم "واتە: ابن تیمییە" سەبارەت بە نتر ئەو پێی دروست نەبوو ، فەرمووی : فەرموودەکە صحیح نییە). إغاثة اللهفان (١/٦٤).

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەم فەرموودەیە سوپاس بۆ خوا لاوازە، ھیچ شتی صحیح لە پێغەمبەرەوە نقل نەکراوە درود و سەلامی خوای لێ بێت، ئەگەر وابێت نتر سونەت نییە، لەبەر ئەوە ابن تیمییە بە ڕوونی دەڵێت نتر بیدعەیە ، لەبەر ئەوە ھیچ فەرموودەی صحیح نەھاتوون، وە لەبەر ئەوە سەردەکێشێت بۆ ئەوەی مرۆڤ میزی بەردەوامی ھەبێت، یان سەردەکێشێت بۆ وەسواس ھەروەک ئەمە زانراوە.

نموونەی تری وەک ئەمە کە ھەندێک زانا باس دەکەن دەڵێن: دەبێت زەکەر لە بنەوە مەسح بکەی ھەتا سەری زەکەر، ئەمەش بیدعەیە). فتح ذي الجلال والإكرام (١/٥٥٢).

وتەی ڕاست وتەی دووەمە نتر سونەت نییە، چونکە: - فەرموودەکە لاوازە.

- فەرموودەی ابن عباس باسی ترسناکی ئاسانکاری کردن لە میز دەکات، وە ئاماژەی بۆ خۆ پاک کردنەوە لە میز و شۆردنی دەکات، نەک باسی نتری کردبێت.

بەڵا ئەگەر کەسێک میزی بمێنێتەوە لە بۆڕی میز دوای میز کردن، ئەوە ئەم کەسە حوکمێکی تایبەتی ھەیە، دەتوانێت خۆی لەم میزە ڕزگار بکات بەم ڕێگایانە:

- دەست لە بنەوەی زەکەر بدات و مەسح بکات ھەتا سەرەوەی زەکەر، بۆ ئەوەی میزی بێتە دەرەوە.

- پەنجە لە سەری زەکەر بدات، بۆ ئەوەی میزی بێتە دەرەوە. - ھەستێتەوە سەر قاچ.

- بکۆخێت، یان ھەندێک زەخت لە خۆی بکات.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام