پرسیار // ئایا دروستە جنازە دوای بخەی بۆ چەند ڕۆژێک یان بۆ ئەوەی زۆرترین کەس نوێژی لەسەر بکەن ؟
وەلام // زانایان دەلێن نابێت مردوو بۆ ماوەیەکی زۆر دوا بخەیت بۆی ئەوەی خەلکانێکی زۆر نوێژی لەسەر بکەن کە سوودی هەیە بۆ مردوو ، ئەی چۆن دەبێت مردوو دوا بخەی لە شاردنەوە بۆ هۆکارێک کە سوودی بۆ مردوو نەبێت ؟!
عن ٲبی هریرة عن النبی صلی الله علیه وسلم قال : (( ٲسرعوا بالجنازة ، فٳن تك صالحة فخیر تقدمونها ٳلیه ، وٳن تك سوی ذالك فشر تضعونه عن رقابكم )) متفق علیە .
واتە : پەلە بکەن لە بردن و ناشتن و نوێژ لەسەر مردوو کردن ، چونکە ئەگەر باش و خواناس بێت ئەوا بەرەو خۆشی و شادی دەبەن ، بەلام ئەگەر وانەبوو ئەوا شەڕو خراپەیەکە لە کۆل و گەردەنی خۆتانی دەکەنەوە .
((ٲسرعوا بالجنازة )) واتە پەلە بکەن لە جنازە ، دوو وتە هەیە :
یەکەم : هەندێک زانا دەلێن مەبەست پێی پەلە کردنە لە ئامادەکردن و نوێژ لەسەر کردن ، بەلگە ، پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : ((.... لاینبغی لجیفة مسلم ٲن تحبس بین ظهراني ٲهله )) رواە ابو داود (۳۱٥۹) ، واتە : نابێت لاشەی مردووی موسلمان بهێلرێتەوە ( بمێنرێتەوە ) لەناوی خزم و کەس و کاری .
دووەم : زۆربەی زانایان دەلێن مەبەست پێی پەلە کردنە لە مردوو بردن بەرەو گوڕستان و شاردنەوەی ، بەلگە ، (( فشر تضعونه عن رقابكم )) واتە ئەگەر وانەبوو ئەوا شەڕ و خراپەیەکە لە کۆل و گەردەنی خۆتانی دەکەنەوە ، ئەمە بەلگەیە کە مەبەست پێی کۆل و گەردەن ئەو کاتەیە کە مردوو هەلگیراوەو بەرەو گوڕستان دەیبەن .
ابن ملقن ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەمە وتەی دیارە ، وتەی زۆربەی زانایانە )) شرح العمدة ج٤ لاپەڕە ٤۷۰
هەندێک زانا دەلێن هیچ ڕێگری نییە هەردووکیان داوا کراو بن ، ئەگەر پەلە کردن لەکاتی بردن بەرەو گۆرستان فەرمانی پێ کراو بێت ، پەلە کردن بۆ ئامادەکردنی مردوو ( شوشتن و کفن کردن ) نوێژ لەسەر کردن لەپێشترە پەلەی لێ بکرێت ، چونکە پەلە نەکردنی ئەمانە درێژترە لە پەلەنەکردنی بردنی مردوو بۆ گۆڕستان کاتێک لەسەر شان بێت ، کە ئەمە وتەی قرطبی المفهم ج۲ لاپەڕە ٦۰۳ ، ابن باز مجموعە فتاوی ابن باز ج۱۳ لاپەڕە ۱٨۲
هەروەها زانایان وەلامی وتەی دووەم دەدەنەوە و دەلێن :
(۱) لەم فەرموودەیە مەبەست پێی لە کۆل و گەردەن کردنەوە پێی المعانی یە نەک الذوات ، کەواتە مەبەستی فەرموودەکە وایە ئێوە ئیسراحەت دەکەن چونکە ئەمانەتی سەرشانی خۆتان جێ بە جێ کرد کە هەلگرتن و شوتن و کفن کردن و شاردنەوەیە .
(۲) فەرموودەکە دەلێت ئێوە ، ئەوانەی مردوویان هەلگرتووە هەموو هەلیان نەگرتووە ، بەلکو چەند کەسانێک هەلیان گرتووە .
ابن قدامە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سونەتە پەلە بکەی لە ئامادەکردنی مردوو تا کۆتای شاردنەوە ......بەلام دروستە بۆ ماوەیەک دوابخرێ بۆ ئەوەی خەلک کۆبێتەوە و نوێژی لەسەر بکرێت ، ئەگەر ترسی لەسەر مردوو نەبێت ( لاشەی بۆن نەگرێت ) وە بارگرانی نەبێت بۆ خەلک ، ئیمام احمد وتەی هەیە )) المغنی ج ۳ لاپەڕە ۳٦٦
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( هەندێک خەلک جنازە دوا دەخەن بۆ ئەوەی منالەکانی نوێژی لەسەر بکەن یان بێجگە لە منالەکانی ؟
وەلام / ئەمە پێچەوانەی سونەتە ، سونەت وایە پەلە بکرێت ، بەلام ئەگەر دواخرا بۆ ماوەیەک کە درێژ نییە و سوودی هەیە دروستە ، زانایان دەلێن : دروستە دوابخرێ بۆ ئەوەی خەلکانێکی زۆر کۆببنەوە )) شرح بلوغ المرام ج ٥ لاپەڕە ٥٤٤
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت پرسیاری لێ دەکرێ ئایا دروستە جنازە دوا بخەی لە شاردنەوە بۆ ئەوەی خەلکانێک بێن نوێژی لەسەر بکەن ئەگەر ماوەکە کەمتر بێت لە دە(۱۰) دەقە ، ئەگەر لە مزگەوت نوێژی لەسەر کرابوو ؟
لە وەلامدا دەفەرمووێت : پەلە کردن لە جنازە ئەمە سونەتە ، باشتر وایە چاوەڕێی کەس نەکرێت ، ئەوانەی دێن دوا کەوتوونە نوێژی لەسەر دەکەن ئەگەر مردوو نێژرا بێت ، چونکە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت نوێژی لەسەر ژنێک کردووە دوای ناشتن )) مجموعە فتاوی ابن عثیمین ج ۱۷ لاپەڕە ۱۳۹
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ