سەردێری پرسیار: دەکرێت ئەم ئایەتە تەفسیر بکەن: (هُوَ ٱلَّذِي خَلَقَكُم مِّن طِينٖ ثُمَّ قَضَىٰٓ أَجَلٗاۖ وَأَجَلٞ مُّسَمًّى عِندَهُۥۖ ثُمَّ أَنتُمۡ تَمۡتَرُونَ)؟

بەرواری دانان: 2021-01-08 کۆدی پرسیار: 2301

پرسیار:

پرسیار: دەکرێت ئەم ئایەتە تەفسیر بکەن: (هُوَ ٱلَّذِي خَلَقَكُم مِّن طِينٖ ثُمَّ قَضَىٰٓ أَجَلٗاۖ وَأَجَلٞ مُّسَمًّى عِندَهُۥۖ ثُمَّ أَنتُمۡ تَمۡتَرُونَ)؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: خوای گەورە دەفەرمووێت: (هُوَ ٱلَّذِي خَلَقَكُم مِّن طِينٖ ثُمَّ قَضَىٰٓ أَجَلٗاۖ وَأَجَلٞ مُّسَمًّى عِندَهُۥۖ ثُمَّ أَنتُمۡ تَمۡتَرُونَ)[الأنعام:٢].

واتە: خوا ئه‌و زاته‌یه که ئێوه‌ی له قوڕێک دروست کردووه له‌وه‌ودوا کاتێکی بڕیاریدا، و کاتێکی دیاریکراوی تریشی لای خۆی بڕیارداوه، (که‌چی پاش ئه‌و هه‌موو به‌ڵگانه بۆ ده‌سه‌ڵاتی بێ سنووری خوا) ئێوه ئینکاری زیندوو بوونه‌وه ده‌که‌ن و هه‌ر له گوماندان!!

ڕاڤەی وشەکانی ئایەتەکە:

(هُوَ ٱلَّذِي خَلَقَكُم مِّن طِينٖ): ئەم خطابە بۆ کافرەکانە، واتە تەنها خوای گەورە ئێوەی دروستکردووە لە قوڕ.

(ثُمَّ قَضَىٰٓ): قەزا مەبەست پێی قەزای کەونی یە.

(أَجَلٗاۖ): الأجل: کات و ماوە، واتە: کاتی بۆ بڕیارداوە لەم دونیایە، هەموو مرۆڤێک کات و تەمەنی بۆ دانراوە لەم دونیایە هەتا مردن.

(وَأَجَلٞ مُّسَمًّى عِندَهُۥۖ): واتە: کاتێکی دیارکراوتریشی دیارکردووە، ئەویش ڕۆژی قیامەت و زیندووبوونەوە و لێپرسینەوەیە.

سوودی ئایەتەکە:

١-ئەسلی ئادەم علیە السلام قوڕە، واتە لە قوڕ دروستکراوە، لەبەر وتەی: (هُوَ ٱلَّذِي خَلَقَكُم مِّن طِين).

ئەسلی ئادەم علیە السلام خۆڵ بووە، پاشان ئاوی بەسەردا کرا بوو بە قوڕ، پاشان وشک بۆتەوە بۆتە فەخار، ئەمە بەڵگەیە لەسەر گەورەیی و تەواوی توانای خوای گەورە.

٢-قەزاو و قەدەری خوای گەورە، کات و تەمەنی هەموو مرۆڤێکی دیارکردووە لەم دونیایە هەتا مردن، لەبەر وتەی: (ثُمَّ قَضَىٰٓ أَجَلٗا).

٣-دیارکردنی کاتی زیندووبوونەوە و قیامەت و لێپرسینەوە و پاداشت دانەوە لەسەر کردەوەی بەندەکان، لەبەر وتەی: (وَأَجَلٞ مُّسَمًّى عِندَهُۥۖ).

٤-دروستکردنی یەکەم لەخۆل کردنە بەڵگە بۆ زیندووبوونەوە دوای ئەوە کە مرۆڤ دەمرێت دەبێت بە خۆڵ، لەبەر وتەی: (هُوَ ٱلَّذِي خَلَقَكُم مِّن طِين)، هەروەها وتەی: (وَأَجَلٞ مُّسَمًّى عِندَهُۥۖ).

٥-وردی سیستەمی ئەم کەونە لە دروستکردن و سەرەتا و کۆتاییدا، ئەمە بەڵگەیە لەسەر گەورەیی خالق و تەواوی توانای خوای گەورە.

٦-سەیری ئینکاری کردنی موشریکەکان لە قیامەت، چونکە ئەسلی ئەوان لە خۆڵ و قوڕ بووە، مرۆڤ کاتێک دەمرێت دەبێتە بە خۆڵ، ئەوان دەیانزانی ئەسلی خۆیان خۆڵ بووە سەیرە ئینکاری زیندووبوونەور دەکەن، لەبەر وتەی: (ثُمَّ أَنتُمۡ تَمۡتَرُونَ).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام