پرسیار: ئایا خواردنی مالی نوێژنەکەر دروستە کە ئیمانی پێنەبێت؟ ئەگەر دروست بێت ئایا بۆچی لە میراتدا موسڵمان لەکافر وەرناگرێت و کافریش لەموسڵمان وەرناگرێت؟ لەگەڵ ئەوەش دروستە ماڵی بخوات نەک سەربڕاوی دەستی؟
وەڵام: موسڵمان ئەگەر نوێژ نەکات ئەم سێ حالەتانەن:
١- نوێژ ناکات باوەڕی پێی نییە، یان دەلێت واجب نییە یان دەلێت نوێژ نەکردن باشتڕە لە نوێژ کردن، ئەمەیان کافرە بە یەک دەنگی هەموو زانایان، وە حەڕامە و بە هیچ شێوەیەک دروست نییە ئافرەت شوو بەو کوڕە بکات.
٢- نوێژ ناکات بە یەکجاری، بەلام باوەڕی بە نوێژ هەیە و دەزانێت تاوانبارە و نوێژ کردن باشترە و دەزانێت واجبە بەلام لە تەمبەلی ناکات، ئەمەیان جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان ئایا کافرە یان مسولمانە؟ زۆربەی زانایان دەلێن موسڵمانە، هەندێک زانای تر بۆ ئەوە چوون کافرە.
٣- هەندێک جار نوێژ دەکات و هەندێک جار نوێژ ناکات لە تەمبەلی، ئەمەیان وتەی ڕاست ئەوە کە موسلمانە، ئەگەر ئافرەت شووی پێ بکات عەقدی زواج دروستە، بەلام گومانی تێدا نییە باشتر وایە شووی پێ نەکات و کەسێکی باش هەلبژێرێت لە دین و ڕەوشت، وە پیاویش ئەو جۆرە ئافرەتە مارە نەکات.
سەبارەت بە خواردنی مالی نوێژنەکەر:
١- ئەگەر ھەموو ماڵی حەرام بێت نابێت مالی بخۆیت.
٢- ئەگەر ھەموو ماڵی حەلال بێت دروستە مالی بخۆیت.
٣- ئەگەر ھەندێک مالی حەڕام بێت و ھەندێکی تر حەڵاڵ بێت، واتە حەڕام و حەڵاڵ تێکەڵ بە یەکتر بووبێت، ئەوە دروستە مالی بخۆیت.
ھەندێک زانا دەلێن مالی حەڕام دوو جۆرە:
محرم لعینە: وەک عەرەق و بەراز و مالی دەست بەسەر داگرتوو و دزی و مالی تری ھاوشێوەی ئەمەنە، ئەمەیان نابێت بخۆیت.
محرم لکسبە: ئەوەی مرۆڤ بە دەستی دەھێنێت وەک فرۆشتنی عەرەق و مامەلەی ڕیبا و کرێی گۆرانی و کرێی زینا، ئەمەیان بەدەست دێت بە ڕەزامەندی ھەردوو لا نەک بە دزی و دەست بەسەرداگرتن و فێل، ئەمەیان حەڕامە لەسەر ئەو کەسەی بە دەستی ھێناوە، ئەگەر کەسێک لێ وەربگرێت بە ڕێگای ڕێگەپێدراو دروستە، وەک ھەدیە یان کرێ لێوەرگرتن یان خێزانی پارەی لێ وەربگرێت بۆ مەسرەف.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ھەندێک زانا دەلێن: ئەوەی حەڕام بێت لکسبە و بە دەست ھێنانی تاوانەکەی لەسەر کاسبەکەیە نەک لەسەر ئەو کەسەی وەردەگرێت لێی، پێچەوانەی ئەوەی کە حەڕام لعینە بێت، وەک: عەرەق یان دەست بەسەر داگرتن و شتی تری وەک ئەمانە، ئەم وتەیە بەھێزە، بە بەلگەی ئەوە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت خواردنی کڕیوە لە جوولەکە بۆ مالی خۆی، وە وەلامی دەعوەتی جوولەکەی داوەتەوە، ئەوەی زانراو بێت جوولەکە ڕیبا و حەڕام دەخوات). القول المفيد على كتاب التوحيد (٣/١١٢).
وتەی ڕاست ئەگەر ماڵ حەرام بێت لعینە ئەوە نابێت بخۆیت، بەڵام ئەگەر حەڕام بێت لکسبە ئەوە دروستە بخۆیت.
سەبارەت بە میرات هەموو زانایان یەک دەنگن کافر میرات لە موسڵمان وەرناگرێت، بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان سەبارەت میرات وەرگرتنی موسڵمان لە کافر، ئەو وتەیەی دەڵێت موسڵمان میرات لە کافر وەردەگرێت وتەیەکی بەهێزە، واللە أعلم.
دەڵێن خواردن ماڵ جیاوازە لە میرات لەیەکتر وەرگرتن، چونکە دەق لەسەری هاتووە و دوو بابەتی لێک جیاوازن.