پرسیار: ئایا دەنگدان دروستە وەک ئەم دەنگدانەی لە وڵاتی خۆمان دەکرێت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن دەنگدان و خۆهەڵبژاردن لەژێر نیزامێک کە حوکم بەقورئان نەکات ئەم دوو حاڵەتانەن:
یەکەم:خۆی هەڵدەبژێرێت یان کەسێکی تر هەڵدەبژێرێت وەک دان پێدانان بۆ ئەم نیزامە، وە بۆ ئەوەی ئەم حوکم کردنەی بێجگە لەقورئان بەردەوام بێت، ئەمە دروست نییە و لەمەترسییەکی گەورەدایە.
دووەم: خۆی هەڵدەبژێرێت یان کەسێکی تر هەڵدەبژێرێت و دەنگی پێ دەدات لەژێر ئەم نیزامە بۆ ئەوەی بێتە بەڵگه بەسەریانەوە بەگوێرەی توانا ئینکاری بکات و شەڕ کەم بکاتەوە و چاکسازی بکات، ئەمەیان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ئایا دروستە یان نە، دوو وتە هەیە:
یەکەم: هەندێک زانایان دەڵێن دروستە، بەڵکو هەندێکیان دەڵێن واجبە.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەوەی من دەی بینم هەڵبژاردن واجبە، دەبێت ئێمە کەسێک دیاری بکەین خێری تێدابێت وباش بێت، چونکە ئەگەر کەسانی باش پاشەکشەیان کرد کێ شوێنی ئەوان دەگرێتەوە؟ کەسی خراپ شوێنی دەگرێتەوە یان خەڵکانێک جێگایان دەگرێنەوە کە نەخێریان تێدایە و نەشەڕیان تێدایە، کەواتە دەبێت ئێمە کەسێک دیاری بکەین باش بێت.
ئەگەر یەکێک بڵێت : کەسێکمان دیاری کردووە زۆربەی ئەنجوومەنەکە پێچەوانەی ئەون، ئێمە دەڵێن: هیچ ڕێگری نیە، ئەو تاک کەسە ئەگەر خوای گەورە بەرەکەتی خستە ناوی وشەی حەق دەگەیەنێت لەو دانیشتنە کە کاریگەری لەسەریان دەبێت، بەڵام ئێمە ڕاستگۆیمان کەمە لەگەڵ خوا، پشت دەبەستن شتی مادی و بە هەست پێکراو ئێمە سەیری ووشەی حەق ناکەین.
هەڵبژێرە ئەوەی دەیبینی خێری پێوەیە ، توکل بخە سەر خوای گەورە). لقاءات الباب المفتوح.
دووەم: هەندێ زانای تر دەلێن نابێت و دروست نیە دەنگ بدەیت، چونكە حوكم كردنە بە بێجگە لە قورئان، وە چۆن دەبێت دەنگی کەسێکی خراپ و باش وەكو یەك بن، یان دەنگی پیاو ژن یان دەنگی كەسێكی دروست و كەسێکی شێت.
وتەی ڕاست دەنگ دان مەجالی تێدایە، چونكە بابەتەكە بۆ مەسلەحەت و مەفسەدەت دەگەڕێتەوە، وە نیەت ڕۆلی هەیە و مەبەستی ئەوە نییە حوکمی کوفر هەلبژێرێ، هەروەها هەردوولا دەبێت ڕێز لە وتەی زانایان بگرن کەس بە دەنگدان و نەدان لە دین دەرناچێت، وە موسڵمان بەمەش لە بازنەی ئەهلی سونە دەرناچێت.
ئەوەی گرینگ بێت پاراستنی برایەتییە لەنێوان موسلمانان، دەبێت موسڵمان سینگی فراوان بێت ئەگەر كەسێک دەنگ بدات یان نەدات چونكە بابەتەكە ئیجتیهادی یە.
گرینگترین شت ئەوەیە خۆمان چاک بکەین و دوعای هیدایەت و خێر و چاکە بۆ کاربەدەستان و تێکڕایی موسڵمانان بکەین، ئەگەر ئێمە باش بین ئەوانیش باش دەبن، ئەگەر خەڵک خراپ بێت خوای گەورە کاربەدەستی خراپی بۆیان دەنێرێت.
لەوانەیە یەکێک بڵێت دەنگدانی ئێرە هەمووی بڕاوەتەوە و فێلی تێدایە، دەنگ بدەی و دەنگ نەدەی وەک یەک وایە کاریگەری لەسەر ئەنجامی دەنگدانەکە ناکات.
ئەگەر فێل بکرێت و نەکرێت موسڵمان دەنگ بدات و نەدات باشتر وایە بڕواتە سەر سندوقی دەنگدان، واللە أعلم.