سەردێری پرسیار:ماوەی پرسە و سەرە خۆشی چەندە ؟

بەرواری دانان :2018-10-04 کۆدی پرسیار:232

پرسیار:

پرسیار // خوشکی ھاوڕێیەکم مردووە ئایا دروستە ئێستا بچم بۆ پرسە و سەرە خۆشی دە ڕۆژ تێپەڕیوە بەسەر مردنی ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // جیاوازی نییە لە نێوان زانایان سەبارەت بە سەرەخۆشی کردن لە کەسێک تووشی موسیبەت بووە ، وە چەند فەرموودە ھاتوون باسی پاداشتی سەرەخۆشی کردن دەکەن کە ھەندێک زانا دەلێن فەرموودەکان ڕاستن .

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( مَن عزَّى مصابًا فله مثلُ أجْرِه» واتە : ھەر کەسێک سەرەخۆشی لە کەسێک بکات تووشی موسیبەت بووە ئەوە پاداشتی بۆی ھەیە وەک ئەو .

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : " ما من مؤمن يعزِّي أخاه بمصيبةٍ إلاَّ كساه اللَّه من حُلَل الكرامة يوم القيامة» واتە : ھەر ئیماندارێک سەرە خۆشی برای خۆی بکات لە موسیبەتێک خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەتا جل و بەرگی ڕێز و کەڕامەتی لەبەری دەکات .

چونکە دڵ دانەوەی تووش بوو بە موسیبەت حەقێکی ئیسلامییە دەبێت موسلمان پێ ھەستێت ، لەبەر ئەوە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( اصنعوا لأهل جعْفرٍ طعامًا، فإنَّه قد جاءهم ما يشغلهم»؛ رواه أبو داود والترمذي وقال: هذا حديث حسن صحيح. واتە : خواردن بۆ ال جعفر دروست بکەن ، چونکە شتێکیان بۆ ھاتووە سەر قاڵ بووینە .

سەبارەت بە ماوەی تەعزییە زۆربەی زانایان دەلێن ماوەکەی سێ ڕۆژە ، بەلگە :

پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت دەفەرمووێت -: «لا يحلُّ لامرأة تؤمن باللَّه واليوم الآخر أن تحدَّ على ميِّت فوق ثلاث، إلاَّ على زوج: أربعة أشهر وعشرًا» متفق علیە

ھەندێک زانا دەلێن دوای سێ ڕۆژ تەعزییە باش نییە ، چونکە مەبەست لە تەعزییە دڵ دانەوە و ئارام کردنەوەی ئەو کەسەیە کە تووشی موسیبەت بووە ، بەزۆری دوای سێ ڕۆژ ئارام دەبێتەوە .

ھەندێک زانا دەلێن تەعزییە ماوەی دیاری کراوی نییە .

زانایان دەلێن باشترین کات بۆ تەعزییە دوای شاردنەوەی مردووە ، چونکە پێش شاردنەوە خەریکی ئامادکردنی مردوون .

ئیمام النووی ڕەحمەت خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( سەبارەت بە کاتی تەعزییە ھاوەڵانی ئێمە دەڵێن : لە کاتی مردن ھەتا شاردنەوە وە سێ ڕۆژ دوای شاردنەوە ، ابە محمد الجوینی دەلێت : ئەم کاتە بە نزیکەییە نەک دیار کردن ، وە باش نییە تەعزییە دوای سێ ڕۆژ ....)) المجموع

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( تەعزییە ھیچ ڕۆژێکی دیاری کراوی نییە ، بەلکو ڕێگە پێدراوە کاتی دەرچوونی ڕووح پێش نوێژ لەسەر کردن و دوای نوێژ لەسەر کردن ، ھیچ ماوە بۆی دانەنراوە جا چ شەو بێت یان ڕۆژ ، لە مالەوە بێت سەردانی بکەیت یان لە ڕێگا بیبینی یان لە مزگەوت بیبینی یان لە گۆرستان یان ھەر شوێنێکی تر بێجگە لەم شوێنانە ))

زانایانی اللجنة الدائمة دەلێن : (( تەعزییە کاتی دیاری کراوی نییە و شوێنی دیاری کراویشی نییە .))

وتەی ڕاست تەعزییە ماوەی دیاری کراوی نییە چونکە :

(١) تەعزییە باس کراوە بە شێوەیەکی گشتی بێ ئەوەی تایبەت کرا بێت بە کات و شوێن ، پاشان دوای سێ ڕۆژ کەس و کاری مردوو ھەر پێویستیان بە دڵ دانەوە ھەیە ، وە یەکێک لە مەبەستەکانی تەعزییە ئەوەیە تا کەس و کاری مردوو ھەست بەوە بکەن لەگەلی دانە ھاو خەمیانن و موسلمان ھەموو وەک یەک لاشە وان .

(٢) سەبارەت فەرموودەکە مەبەست پێی خەمبارییە نەک تەعزییە ھیچ پەیوەندی بە ماوەی تەعزییەوە نییە .

زانایان دەلێن دەتوانی پرسە و سەرەخۆشی لە کەس و کاری مردوو بکەیت بە ھەر ڕێگایەک جا چ بە نامە نووسین بێت یان تەلەفۆن کردن بێت یان بە کەسێک بلێی وەک وەکیل ، چونکە مەبەست لە تەعزییە دڵ دانەوە و ئارام گرتنە لەسەر قەدەری خوای گەورە ، وە پێغەمبەر سەلامی خوای لێ بێت کەسێکی ناردووە کە پەیامی پێیان بگەینێت خۆی نەچووە ، کەواتە مەرج نییە ئیلا سەردانی بکەیت و بیبینی .

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەگەر ویستت پرسە و سەرەخۆشی لێیان بکەیت نامەیان بۆ بنێرە یان تەلەفۆنیان بۆ بکە یان سەردانیان بکە کە ئەمەیان تەواوترە . )) "مجموع الفتاوى" (13/408).

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام