سەردێری پرسیار:حوکمی گەیشتن بە ھەندێک لە نوێژی جەنازە ؟

بەرواری دانان :2018-10-04 کۆدی پرسیار:233

پرسیار:

پرسیار // ئایە ئەگەر لە نوێژی جنازە دوابکەوم یەک تەکبیر یان چەند تەکبیری نوێژم لێ بڕوات ، کاتێک ئیمام سەلام دەداتەوە منیش لەگەل ئیمام سەلام دەدەمەوە یان نوێژ تەواو دەکەم ؟

دەقی وەڵام:



وەلام // زانایان دەلێن نابێت لەگەل ئیمام سەلام بداتەوە چونکە نوێژی تەواو نییە ، بەلکو دەبێت نوێژی تەواو بکات ، بەلگە :

عن ابي هریرة رضی الله عنه عن النبي صلی الله علیه وسلم قال : (( ........فما ٲدرکتم فصلوا ، وما فاتكم فٲتموا )) متفق علیە ، واتە : ئەوەی گەیشتن بە نوێژ بیکەن ، وە ئەوەی لێتان ڕۆیشتووە تەواوی بکەن .

بەلام جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بەو نوێژەی کە لە سەرەتاوە پێی نەگەیشتووە ئایا ئەوەی ماوە دەگێرێتەوە یان تەواوی دەکات ، دوو وتە هەیە :

یەکەم : هەندێک زانا دەلێن ئەوەی مٲموم سەرەتا دەست پێ دەکات بۆی سەرەتای نوێژ ، وە ئەوەی تەواو دەکات بۆی تەواوکەر و کۆتای نوێژە ، کە ئەمە وتەی چەندین هاوەڵان ، تابعین ،شافعی ، وتەیەکە لە وتەکانی مالک و احمد ، ابن عثیمین ،ابن باز ، بەلگە :

(۱) زۆربەی ڕوایەتەکان کە هاتوونە دەلێن : (( وما فاتکم فٲتموا )) واتە : ئەوەی لە ئێوە ڕۆیشتووە تەواوی بکەن .

تەواو کردن مەبەست پێی کۆتاییە ، هەروەها ئەو ڕوایەتەی هاتووە دەلێت : (( وما فاتکم فاقضوا )) واتە : ئەوەی لێتان ڕۆیشتووە بیگێڕنەوە ، ئەم ڕوایەت دەلێن لاوازە یان مەبەست پێی تەواو کردنە ، کە ئەمە وتەی ابن المنذره له كتابی الاوسط ج٤ لاپەڕە ۲٤۰ ، وە وتەی ابن حجرە لە کتابی فتح الباری ج۲ لاپەڕە ۱۱۹ ، وتەی ابن عثیمینه له شرح بلوغ المرام ج٤ لاپەڕە ٥۳۷ ــ٥۳٨

دووەم : هەندێک زانا دەلێن ئەوەی پێ گەیشتووە بۆی کۆتایی نوێژە ( واتە وەک ئیمام بۆی حسابە ئیمام لە چ ڕەکاعەتێک بێت بۆ ئەویش هەمان ڕەکاعەتە ) وە ئەوەی ماوە سەرەتای نوێژە ، کە ئەمە وتەی ابو حنیفە ، وتەیەکە لە وتەکانی مالک و احمد ، بەلگە :

(۱) ڕوایەت هاتووە دەفەرمووێت : (( وما فاتکم فاقضوا )) واتە : ئەوەی لێتان ڕۆیشتووە بیگێڕنەوە .

ئەمە بەلگەیە دەبێت ئەوەی پێی گەیشتووە کۆتاییەکەیەتی ، وە ئەوەی ماوە سەرەتاکەیەتی دەبێت بیگێڕێتەوە .

بۆ تێگەیشتن لەم جیاوازییە ، نموونە : کەسێک گەیشت بە نوێژی عیشا دوو ڕەکاعەتی کۆتای ، لەسەر وتەی یەکەم دوو ڕەکاعەتی لەگەل ئیمام دەکات بۆی بە دوو ڕەکاعەتی یەکەم حساب دەکرێن وە ئەو دوو ڕەکاعەتەی تەواو دەکات بۆی بە دوو ڕەکاعەتی کۆتای حساب دەکرێن ، بەلام لەسەر وتەی دووەم دوو ڕەکاعەتی لەگەل ئیمام بۆی بە دوو ڕەکاعەتی کۆتای حساب دەکرێن ( وەک ئیمام ) واتە بۆی بە ڕەکاعەتی سێیەم و چوارەم حساب دەکرێن ، وە ئەو دوو ڕەکاعەتەی ماوە دەیگێڕێتەوە واتە ڕەکاعەتی یەکەم و دووەمە دەیکات .

وە بۆ نوێژ جنازەش هەمان جیاوازی هەیە لەنێوان زانایان ، دوو وتە هەیە :

یەکەم : نوێژ تەواو دەکات ، واتە ئەگەر دوو تەکبیری لێ چوو بێت ، ئەوە ئیمام لە تەکبیری سێیەمە ئەو بۆی بە تەکبیر یەکەم حساب دەکرێت فاتحە دەخوێنێت ، پاشان ئیمام لە تەکبیر چوارەمە ئەو سەلاوات دەخوێنێت پاشان ئیمام سەلام دەداتەوە ئەویش تەواو دەکات دووعا بۆ مردوو پاشان لە تەکبیری کۆتایی سەلام دەداتەوە .

دووەم : نوێژ دەگێڕێتەوە ، واتە : ئەگەر لە تەکبیری سێیەم بە نوێژ گەیشت ، ئەوە ئەویش لە تەکبیری سێیەمە و لەگەل ئیمام دوعا بۆ مردوو دەکات کاتێک لە چوارەم سەلام دەداتەوە ئەو دوو تەکبیری تر دەکات کە هی یەکەم و دووەمە وە فاتحە دەخوێنێ لە هی یەکەم وە سەلاوات لێ دەدات لە هی دووەم پاشان سەلام دەداتەوە

ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( هەر کەسێک تەکبیری نوێژی جنازەی لێ بڕوات دەیگێڕێتەوە ، وە گێڕانەوەش بەم شێوەیەیە ، ئەگەر کەسێک گەیشت بە ئیمام لە تەکبیری سێیەم ئەو فاتیحە دەخوێنێ ، وە لە تەکبیری چوارەم ئەو سەلاوات دەخوێنێ ، وە ئەگەر ئیمام سەلامی داوە ئەو دوعا بۆ مردوو دەکات ، پاشان تەکبیریکی تر دەخوێنێ بۆ سەلام دانەوە . )) مجموعە فتاوی ابن باز ج۱۳ لاپەڕە ۱٤۹

وتەی ڕاست وتەی یەکەمە . واللە اعلم

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام