سەردێری پرسیار: چارەسەری پاش میز چییە بێزار بووم؟ من بۆ هەموو جارێک خۆم دەگۆڕم؟

بەرواری دانان :2021-02-03 کۆدی پرسیار:2332

پرسیار:

پرسیار: چارەسەری پاش میز چییە بێزار بووم؟ من بۆ هەموو جارێک خۆم دەگۆڕم؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان دەڵێن ھاتنی دلۆپە میز دوای میز کردن یان دوای دەست نوێژ گرتن دوو حالەتە:

یەکەم: زۆر جار ھیچ حەقیقەتی نییە و وەسواسێک لە شەیتانەوە، لەم حالەتە گوێ نادەیتە وەسواس، وە کاتی تارەت گرتن دەوروبەری زەکەرت دەپڕژێنی، بۆ ئەوەی لەو گومانە ڕزگار ببیت و وا گومان ببەیت ئەو تەڕاتی یە ھی پڕژاندنە.

دووەم: جاریش ھەیە حقیقەتە، لەم حالەتە پەلە مەکە ھەتا بەتەواوی میز دەکەیت، ئەگەر دوای تەواو بوون ھەر ھات، لەم حالەتە زەکەرت دەشۆیت و دەست نوێژ دەگریت.

ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (هەر کەسێک نەتوانێت دەست نوێژی خۆی ڕابگرێت بۆ نوێژ و کاتی نوێژ، ئەمەیان دەست نوێژ دەگرێت و نوێژ دەکات وە ئەوەی لێ دەردەچێت هیچ زیانی پێ ناگەینێت لەناو نوێژدا، بەمەیان دەست نوێژی ناشکێت بە یەک دەنگی هەموو زانایان، وە زۆربەی زانایان بۆ ئەوە چوون کە دەست نوێژ دەگرێت بۆ هەموو نوێژێک). مجموعة الفتاوی (٢١/٢٢٠-٢٢١).

ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەوەی تووشی میز هاتن دەبێت دوو حالەتە :

حالەتی یەکەم: ئەگەر میز هاتن لێی بەردەوام بێت و بەجۆرێک ناوەستێت، هەر کاتێک شتێک کۆبێتەوە لە مثانة دێتە خوارەوە، ئەمەیان دەست نوێژ دەگرێت ئەگەر کاتی نوێژ هات، وە خۆی دەپارێزێت بەوەی کە شتێک لەسەر فەرجی دابێت (پارچە پەڕۆیەک لەسەر جلی ژێرەوەی "شۆرتی " دابنێت)، وە نوێژ دەکات هەر شتێک دەربچێت زیانی پێ ناگەینێت.

حالەتی دووەم: ئەگەر بوەستێت دوای میز کردنی ئەگەر دوای دە خولەکیش بێت یان پازدە خولەک، ئەمەیان چاوەڕێ دەکات هەتا دەوەستێت پاشان دەست نوێژ دەگرێت پاشان نوێژ دەکات، چاوەڕێ دەکات هەتا میزی دەوەستێت ئەگەر نوێژی جەماعەتیش لێی بڕوات). أسئلة الباب المفتوح (س 17، لقاء 67).

چارەسەر ئەوەیە پشت گوێی بخەیت و ئاوڕی لێ نەدەیتەوە، چونکە ئەگەر بەدوای بڕۆیت ئەویش بەدواتدادێت، هەروەها دەبێت ئارام بگریت ئەم تاقیکردنەوەیەکە لەلایەن خوای گەورە، هەر کەسێک ئارام بگرێت پاداشتێکی بێ حساب بۆی هەیە.

سەبارەت بە هەمووجار خۆگۆڕین پێویست ناکات، چونکە دین ئاسانە و نایەوێت خەڵک تووشی بارگرانی بێت، هەموو جار خۆ گۆڕین داوا نەکراوە لە موسڵمان.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام