سەردێری پرسیار:حوکمی دڵ تووندی کاتی داخوازی؟

بەرواری دانان :2021-02-16 کۆدی پرسیار:2343

پرسیار:

پرسیار: کج لە کاتی داواکاری دڵی زۆر توند بێت و نەتواتێت بڕیاری زەواج بدات و بیری زۆر ناخۆشی بۆ بێت چی بکات باشە لەم کاتەدا؟ چ سوڕەتێک بخوێنێت بۆ ئەم مەبەستە؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زۆر لە کچان کاتێک داخوازی بۆیان دێت تووشی وەسواس و خەم و خەفەت و دڵ تووندی دەبن، خوازبێنی ڕەت دەکەنەوە یان ناتوانن بڕیار بدەن و شوو ناکەن، ئەگەر لێی بپرسی بۆچی ڕازی نیت یان بۆچی ڕەتی دەکەیتەوە، هیچ بەڵگەیەکی لەلا نییە تەنها دوودڵی و وەسواس و خەم و خەفەت نەبێت کە لە شەیتانەوە بۆی هاتووە.

زانایان دەلێن ئەم وەسواسە لە شەیتانەوەیە و دەبێت پەنا بگریت بە خوا لە وەسواسی شەیتان، وە دەبێت پشت بەخوا ببەستیت و گومانی باش بە خوای گەورە ببات، ئەگەر خوازبێنی هات لە دین و ڕەوشتی ڕازی بوون و خەڵک مەدحی ئەو کوڕەیان کرد لە دین و ڕەوشت شووی پێ بکە و دوای مەخە، واز لە وەسواسی شەیتان بهێنە، شەیتان دوژمنی مرۆڤە و چاکەی بۆ مرۆڤ نایەوێت.

زانایان دەلێن چارەسەر بۆ لاچوونی وەسواسی شوو کردن:

١- بیر لەوە بکەیتەوە کە ئەمە لەشەیتانەوەیە و دوژمنی مرۆڤە، وە شەیتان چاکەی بۆ مرۆڤ نایەوێت، کەواتە نابێت گوێڕایەلی ئەم وەسواسە بیت.

٢- زۆر دوعا کردن بۆ ڕزگار بوون لەم وەسواسە، هەروەها کردنی نوێژی ئیستیخارە، هەروەها پەناگرتن بەخوا لە وەسواسی شەیتان.

٣- گەشبین بە و گومانی باش بە خوای گەورە ببە، ئەوەی خێرو چاکە و نیعمەت بێت خوای گەورە بە قسمەتت دەکات، خوای گەورە شەڕی بۆ بەندەی خۆی ناوێت، خوای گەورە بە بەزەیی ترە لە دایک بۆ مناڵ.

٤- بیر لەوە بکەوە چەندین ئافرەت شوویان کردووە و پیاوەکانیان مامەڵەیان زۆر باشە لەگەڵیان و خۆشترین ژیانیان هەیە، خۆت بە دوور بگرە لە بیرکردنەوە لەو نموونانەی زەواجیان کردووە نموونەی خراپ بوون و بەردەوام کێشە و شەڕیانە و ستەم لە ئافرەت دەکەن.

ڕاستە ئافرەت لاوازە وەک پیاو نییە بەڵام نابێت یەکجار وا لاواز بێت نەتوانێت هیچ بڕیارێک بدات، نابێت ئافرەت لە داهاتوو و چارەنووسی خۆی بترسێت، چونکە ئەمە کەم و کوڕییە لە ئیمان هێنان بە قەزا و قەدەر، هەندێک لە سوود و بەرووبومی ئیمان هێنان بە قەدەر ئەمانە:

-پشت بەخوا بەستن بۆ ئیماندار دروست دەکات، چونکە هەموو شتێک لەژێر قەزا و قەدەری خوای گەورەیە.

-خەم و خەفەت ناخوات بەوەی بەسەری هاتووە، چونکە چونکە دەزانێت لە خواوەیە و لە ڕەحم و حیکمەتی خوایە.

-دڵی ئارام دەبێت و هەست بە خۆشی دەکات، چونکە هەر چیەک توشت بووەو و هاتووە بەسەرتا نەدەبوو توشت نەبێت و نەیەت بەسەرتدا،هەر چیەکیش کە توشت نەبووە و نە هاتووە بە سەرتدا، نەدەبوو توشت نەبێت و نەیەت بە سەرتدا.

سەبارەت بە خوێندنەوەی سورەتێک بۆ ئەم حالەتە هیچ بەڵگەی نەهاتوون خوێندنەوە سورەتێکی تایبەت کردبێت بۆ ئەم حالەتە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی قورئان شیفایە بۆ دڵ و لاشە، بە قورئان خوێندنەوە خەم و دڵ تووندی لادەچێت، دەتوانی قورئان بخوێنیتەوە هەر سورەتێک بێت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام