پرسیار: ئایا ڕاتان چییە لەسەر جەژنی نەورۆز ئایا ئەم بۆنەیە جائیزە یان کوفرە یان حەڕامە؟ ئایا لە نەورۆز چوونە سەیران جائیزە نەک لە بەر ئەوەی جەژنە بەڵکو لەبەر ئەوەی رۆژێکی خۆشە و کەس ئیش و دەوامی نییە؟
وەڵام: لەزمانی عەرەبیدا بە جەژن دەلێن عید، لأنە یعود و یتکرر، چونکە دەگەڕێتەوە و دووبارە دەبێتەوە.
نوروز وشەیەکی فارسی یە بە مانای ڕۆژێکی نوێ دێت، یەکێکە لە جەژنەکانی فارس، بەڵکو بە یەکێک لە گەورەترین جەژنەکانی فارس دەژمێردرێت، دەلێن یەکەم کەس ئەم جەژنەی داناوە جمشید بووە، یەکێکە لە سەرکردەکانی فارس، هەروەها یەکەم ڕۆژی سەری سالە.
موسلمانان هیچ جەژنیان نییە جگە لە جەژنی ڕەمەزان و قوربان، هەر جەژنێک دابنرێت و بکرێت یان لاسایی بکرێت نابێت حەڕامە.
ئەنەس خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پێغەمبەر صلی اللە علیە وسلم هاتە شاری مەدینە، ئەوان دوو ڕۆژیان هەبوو یاریان تێدا دەکرد، وتی: ئەم دوو ڕۆژە چین؟ وتیان : ئێمە یاریمان تێدا دەکرد لەسەردەمی نەزانین، وتی: (خوای گەورە ئەم دوو ڕۆژەی بۆ ئێوە گۆڕیوە بە دوو ڕۆژی باشتر، ڕۆژی جەژنی قوربان وڕۆژی جەژنی ڕەمەزان ). رواە ابوداود ( ۱۱۳٤)، و النسائی ( ۱٥٥٦).
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت لە شەرحی ئەم فەرموودەیە دەفەرمووێت : (( ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە نابێت هیچ جەژنێک دابنرێت لە ساڵ دا ئیلا ئەوەی خوای گەورە دایناوە ، ئەویش جەژنی قوربان و ڕەمەزانە ، ئەگەر بۆ گالتە و یاری بێت نابێت ، ئەی چۆن دەبێت دایبنێیت وەک عیبادەت وەک جەژنی لە دایک بوون ؟! ...)) شرح بلوغ المرام ج٥ لاپەڕە ۱۹۳
قاضی خان ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (پیاوێک شتێک بکڕێت لە ڕۆژی نەورۆز لە ڕۆژەکانی تر ناکڕێت جگە لەو ڕۆژە نەبێت، ئەگەر مەبەست پێی بە گەورە دانان بێت وەک بە گەورە دانانی کافرەکان ئەمە کوفرە، ئەگەر پارە سەرف بکات بۆ خۆشی نەک بە گەورە دانانی ئەم ڕۆژە ئەوە کوفر نییە).
کەسێک دەچێت بۆ خۆشی و سەفەرە لەو ڕۆژەدا لەبەر ئەوە ئەو ڕۆژانە ڕۆژی پشوون و تەنها لەو ڕۆژانەدا کاتی هەیە، لەم حالەتە دروستە و هیچی تێدانیە، بەڵام باشتر وایە ڕۆژەکە گەورە نەکرێت و لەو ڕۆژەدا دەرنەچێت چەند بۆی دەکرێت، بەتایبەتی لەم ساڵەدا دەتوانێ ڕۆژی هەینی و شەمە یان ڕۆژانی تری دوای نەورۆز سەفرەی خۆی بکات کە ڕۆژانی پشوون نەک لە ڕۆژانی نەورۆزدا.