پرسیار: حوکمی دەست نوێژ گرتن بە قوڕاو؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ھەر ئاوێک شتێکی خاوێنی بکەوێتە ناو ئەوا لەیەکێک لەم سێ حاڵەتانەيه:
حالەتی یەکەم: ئەگەر شتێکی خاوێن بکەوێتە ناو ئاوە، تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاوەکە نەگۆڕێ، ئەوا دروستە دەست نوێژ بەو ئاوە بشۆردرێت بە یەک دەنگی ھەموو زانایان، وەکو: پاقلە یان گوڵ یان زەعفەران یان ھەر شتێکی تری پاک كه بکەوێتە ناو ئاوەکە، بەمەرجێک تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاوەکەی نەگۆڕيبێت.
حالەتی دووەم: ئەگەر شتێکی خاوێن بکەوێتە ناو ئاو، تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاوەکەی گۆڕیبێت و ناوی ئاوی لەسەر لاچووبێت بەو گۆڕانكاريه، ئەوا دروست نییە دەست نوێژ بەو ئاوە گۆڕدراوە بشۆردرێت بە یەک دەنگی ھەموو زانایان.
حاڵەتی سێیەم: ئەگەر شتێکی خاوێن بکەوێتە ناو ئاو، تام یان بۆن یان ڕەنگی ئاوەکەی بگۆڕێ بەڵام گۆڕینەکە زۆر نەبێت، واتە ھەر پێی بگوترێ "ئاو" و ناوی نەگۆڕدرێت، ئەوا جیاوازی ھەیە لەنێوان زانایان سەبارەت بەم ئاوە، وتەی ڕاست ئەوەیە دەتوانیت دەست نوێژ بەو ئاوە بگریت و خۆتی پێ بشۆیت و پیسایی پێی لابدەیت، کە ئەمە وتەی ئەبو حەنیفە و ئەحمەد و ابن حزم و ابن منذر و ابن تیمییە و ابن باز و ابن عثیمینە.
سەبارەت بە قوڕاو ناوی ئاوی لەسەر لاچووە، بۆیە دروست نییە دەست نوێژ بەو ئاوە بگریت، واللە أعلم.