پرسیار // ئایا زەوی لاشەی شەهید دەخوات ( واتە لاشەیان تێک دەچێت دوای شاردنەوەیان ) ؟
وەلام // گومانی تێدا نییە فەرموودە هاتوون کە زەوی لاشەی پێغەمبەران نایخوات ، واتە لاشەیان تێک ناچێت و وەک خۆیان دەمێنێتەوە ، بەلگە :
عن ٲوس بن ٲوس قال : قال رسول اللە صلی الله علیه وسلم : (( ٳن اللە حرم علی الارض ٲجساد الانبیاء )) رواە ابوداود (۱۰٤۷) ، و صححه الالبانی فی صحیح ابو داود .
واته : خوای گەورە حەڕامی کردووە لەسەر زەوی لاشەی پێغەمبەران بیخوات .
بەلام سەبارەت بە شەهید هیچ بەلگەی ڕاست نەهاتوون کە ئاماژەی بۆ ئەوە کردبێت لاشەی شەهید وەک خۆی بمێنێتەوە و تێک نەچێت ، جگە لەوە نەبێت هەندێک زانا دەلێن لاشەی شەهید تێک ناچێت کە بە ڕووداو بینراوە لەکۆنەوە هەتا ئێستا ، بگرە هەتا لەناو هاوەلانیش ئەمە بینراوە ، بەلگە :
جابر خوای لێی ڕازی بێت باسی چیڕۆکی باوکی دەکات کاتێک شەهید دەبێت لە ئوحد ، وە دەی نێژن پاشان دوای شەش مانگ دەری دەهێنن ڵاشەی وەک خۆیەتی ...رواە البخاری (۱۳٥۱) .
قرطبی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( زەوی لاشەی شەهیدەکان ناخوات و وە بانگدەریش ئەگەر بە پاکی بۆ خوای بێت ، ئەمەش بە ڕووداو بە دیار کەوتووە شەهیدیان بینووە دوای شاردنەوەی بە ماوەیەکی درێژ لاشەی وەک خۆی ماوە ، هەروەها لە مێژوو و بێجگە لە مێژوو باس کراوە )) المفهم شرح مسلم ج۷ لاپەڕە ۳۰۷
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( شەهید و ڕاستگۆ و پیاو چاکان ئەمانە هەندێکیان زەوی لاشەیان ناخوات وەک کەڕامەت بۆیان ، ئەگەر نا ئەسل وایە زەوی لاشەی دەخوات هیچ نامێنێت ئیلا ئێسکی کلێژە نەبێت )) لقاءات الباب المفتوح ( ۲۰٤ / سؤال رقم ۱ )
بەلام زانایان دەلێن ئێمە نالێین هەتا ڕۆژی قیامەت لاشەی وەک خۆی دەمێنێتەوە ، چونکە فەرموودە هاتووە دەلێت لاشەی مرۆڤ هیچ نامێنێت بێجگە لە ئێسکی کلێژە نەبێت ، وە نالێین لاشەی هەموو شەهیدێک بەم شێوەیە دەمێنێتەوە ، بەلکو لاشەی هەندێکیان نەبێت ، هەروەها زانایان دەلێن تێک نەچوونی لاشەی نابێتە بەلگە کە لە پیاو چاک و شەهیدەکانی تر باشترە کە لاشەیان تێک چووە .
هەروەها لاشەی ئەو کەسەی کە قورئانی لەبەر کردووە بە هەمان شێوە هیچ بەلگە نەهاتوون کە لاشەیان تێک ناچێت ، بەلکو ئەگەر چاک بێت (صالح بێت ) لاشەی هەندێکیان بۆ ماوەیەک تێک ناچێت وەک کەڕامەت بۆی ، بەلام ئەوەی گرینگ بێت بۆ مرۆڤ ئەوەیە کە لەناو گۆڕدا لەناو خۆشی دابێت و سزا نەدرێت ، جا لاشەی دوای شاردنەوەی لەناو گۆڕدا تێک بچێت یان بمێنتەوە .
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : (( ئەوەی لە هەمووی گرینگ تر بێت ئەوەیە مرۆڤ لە ناو گۆڕدا لە خۆشی دابێت ، جا لاشەی لەناو گۆڕدا بمێنێتەوە ( واتە تێک نەچێت ) یان نەمێنێتەوە ( تێک بچێت ) لقاء الباب المفتوح (۲۰٤/ ۱۰) .
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ