پرسیار: حوکمی بەڕۆژوو بوونی ئافرەتی دووگیان؟
وەلام: زانایان دەلێن ئافرەتی دووگیان وەک کەسانی تر داوای لێکراوە بە ڕۆژوو بێت ئیلا ئەگەر ترسی لەسەر نەفسی خۆی ھەبێت یان مناڵەکەی، ئەو کات ڕێگە پێدراوە بۆی بە ڕۆژوو نەبێت، ڕۆژوو شکاندن ئەم سێ حالەتانەن:
یەکەم: دروستە بۆی ڕۆژووی بشکێنێت ئەگەر ڕۆژووگرتن لەسەری گران بوو و زیانی بۆی نەبوو.
دووەم: واجبە لەسەری ڕۆژوو بشکێنێت ئەگەر ڕۆژوو زیانی بۆ ئافرەت ھەبێت یان بۆ مناڵی.
سێیەم: حەڕامە لەسەری ڕۆژوو بشکێنێت ئەگەر ڕۆژوو لەسەری گران نەبوو و و زیانی نەبوو بۆی .
ابن عثيمين ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئافرەتی دوو گیان لەم دوو حالەتە زیاتر نییە:
یەکەم:ئافرەت توانای ھەیە بەڕۆژوو بێت و ڕۆژوو کاریگەری لەسەر منالی نییە، ئەم ئافرەتە واجبە بەڕۆژوو بێت، چونکە عوزری نییە بۆ تەرک کردنی ڕۆژوو.
دووەم: ئافرەت توانای نییە بەڕۆژوو بێت لەبەر گرانی حەمل لەسەری، یان لەبەر لاوازی لاشەی یان هۆکاری تر جگە لە ئەمانە، لەم حالەتە ڕۆژوو دەشکێنێت بە تایبەتی ئەگەر زیانی ھەبوو بۆ مناڵ، ئەو کات واجبە ڕۆژوو بشکێنێت). فتاوى الشيخ ابن عثيمين (١/٤٨٧).