پرسیار: بێزەحمەت ئەتوانن ئەو حەدیسانەمان پێ بڵێن کەهاتووە لەسەر حەرامی ڕەنگ کردن بە ڕەنگی ڕەش بۆ قژ؟
وەڵام: زانایان دەلێن قژ ڕەش کردن حەڕامە، لەبەر ئەوە چەند فەرموودەیەک لەسەر هاتوون لەوانە:
-عن ابن عباس رضی الله عنهما قال : قال رسول اللە صلی الله علیه وسلم قال: (یكون قوم یخضبون في اخر الزمان بالسواد كحواصل الحمام، لایریحون رائحة الجنة). رواە ابو داود (٤۲۱۲).
واتە: خەلکانێک دێن لە کۆتایی زەمان قژی خۆیان ڕەش دەکەن وەک سینگی کۆتر، ئەمانە بۆنی بەهەشت ناکەن.
هەروەها فەرموودەی ابی الدرداء هەندێک زانا دەلێن ڕاستە و هەندێکی تر دەلێن لاوازە، دەفەرمووێت: (من خضب بالسواد سود الله وجهه یوم القیامة). اخرجە الطبراني.
واته: هەر کەسێک قژی ڕەش بکات خوای گەورە ڕووی ڕەش دەکات ڕۆژی قیامەت.
زانایان دەلێن بە قژ ڕەش کردن کەس کافر نابێت، ڕاستە فەرموودە هاتووە دەلێت بۆنی بەهەشت ناکات بەڵام زانایان دەلێن:
١- مەبەست پێی ترساندن و دوورخستنەوەیە (تهدید).
٢- ئەمە باسی ئەو کەسەیە کە ڕەش کردن بە حەڵاڵ دادەنێت، ئەو کاتە حەلال کردنی هەر حەڕامێک یان حەڕام کردنی هەر حەلالێک کوفرە ئەگەر بێ بەلگە و شوێن هەواو ئارەزوو کەوتن بێت.
٣- ئەمە باسی پێش چوونە بەهەشتە وەک : ناو گۆڕ یان ڕاوەستان لە گۆڕەپانی مەحشەر یان ئاگر .
سەبارەت بەوەی ئایا حیکمەت چییە لە حەڕامی ڕەنگی ڕەش، زانایان دەلێن ڕەنگی ڕەش تێکەلی و گۆرینی زیاترە وە نزیکترە لە خۆ چوواندن بە گەنج.
ابن باز ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (لەوانەیە حیکمەت خۆ دوور خستنەوە لە ڕەنگی ڕەش ئەوە بێت خوا زاناترە ڕەنگی ڕەش تێکەلی و گۆرینی زیاترە لە ڕەنگەکانی تر، و خۆ چوواندنە بە گەنج و تێکەلی و شاردنەوەیە کە گەنجە و لە تەمەنی گەنجاتییە، بەڵام سۆر و زەرد بە دیار دەکەوێ کە قژی سپی بووە ڕەنگی کردووە، هەر لەبەر ئەوەش ڕەنگی کردووە، هەروەک ئەوە وایە فێل بکات و بلێت من پیر نەبووم و گەنجم، ئەمەش جۆرێکە لە جۆرەکانی درۆ بە کردەوە، پێچەوانەی ڕەنگی سۆر و زەرد کە ڕوون و ئاشکرایە). فتاوی نور علی (٢/٥٩٢).