پرسیار: مانای ئەم ئایەتە چییە: ﴿الرَّحْمَنُ عَلَى الْعَرْشِ اسْتَوَى٥﴾ [طه: 5]، (الاستواء) مانای چییە؟
وەڵام: خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿الرَّحْمَنُ عَلَى الْعَرْشِ اسْتَوَى٥﴾ [طه: 5]، واتە: خوای گەورە بەرز و بلند بووەوە بۆ سەر عەرشی خۆی.
بەرز بوونەوەیەکە کە شایەن و شیاو و گونجاو بێت بە گەورەیی و مەزنی خوای گەورە لە بەرزبوونەوەلە هیچ لە دروستکراوەکانی ناچێت، چۆنیەتی خوای گەورە خۆی نەبێت کەس نازانێت.
پرسیار لە ئیمام مالک کراوە سەبارەت بە (ئیستوا) فەرمووی: (ئیستوا زانراوە " چونکە قورئان باسیکردووە"، و چۆنیەتییەکەی نەزانراوە "چونکە باس نەکراوە"، ئیمان هێنان پێی واجبە و پرسیار لە چۆنیەتی بەرز بوونەوەی خوای گەورە بۆ سەر عەرش بیدعەیە).
گۆڕینی مانای (الاستواء) بە (استولی) کە مانای زاڵ بوون و دەست بەسەر داگرتن دێت هەڵەیە، چونکە بەگوێرەی ئەم لێک دانەوەیە دەبێت پێش خوای گەورە کەسێکی تر دەستی بەسەر عەرشدا گرتبێت کە مرۆڤی ژیر ئەم قسەیە ناکات.
ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: ئەو لامەی کە زیادی دەکەن لە (استوی) دەکەن بە (استولی) لەو (نونە) دەچێت کە جولەکە زیادیان کرد کە خوای گەورە فەرمووی بڵێن: (حطة)، ئەوان وتیان: (حنطة)، خوای گەورە غەزەبی لێگرتن، ئەو کەسانەی سیفەتی خوای گەورە دەگۆڕن و بە مانای تر لێک دەدەدنەوە با لەخوای گەورە بترسن نەک وەک نەوەی ئیسرائیل خوای گەورە غەزەبیان لێ بگرێت.
ابن تیمیە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەسلی "استواء" لەسەر عەرش جێگیر بووە لە کتێب و سونەت و یەک دەنگی پێشینەکان و پێشەوایانی سونە، بەڵکو جێگیر بووە لە هەموو کتێبەکان خوای گەورە دایبەزاندووە بەسەر هەموو پێغەمبەران). مجموع الفتاوی (٢/١٨٨).