سەردێری پرسیار: پەیامتان چییە بۆ ئەوانەی باسی فرەژنی دەکەن لەلای خێزانەکانی خۆیان و ئازاریان دەدەن و ژنیش ناهێنن؟

بەرواری دانان :2021-05-19 کۆدی پرسیار:2406

پرسیار:

پرسیار: پەیامتان چییە بۆ ئەوانەی باسی فرەژنی دەکەن لەلای خێزانەکانی خۆیان و ئازاریان دەدەن و ژنیش ناهێنن؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: سەرەتا خوای گەورە ڕێگە بە هەر شتێک بدات ئیلا سوود و قازانجی بۆ خەڵک هەیە، خوای گەورە حەکیم و خەبیرە زانستی بە هەموو شتێک هەیە و باش دەزانێت چ شتێک بۆ مرۆڤ گونجاوە و باشە، فرەژنی ستەم نییە لە ئافرەت هەروەک هەندێک خەڵک وا گومان دەبەن، ئەوەی ڕێگەی بە فرەژنی داوە خۆی فەرموویەتی من ستەمم لەخۆم حەڕام کردووە.

دەبێت ئافرەت بزانێت فرەژنی شەرعی خوایە و دژی شەرع نەوەستێت، دەبێت ڕازی بێت بە شەرعی خوا و تەسلیم بێت و ڕقی لێ نەبێتەوە، ئافرەت فرەژنی پێی خۆش نییە دوو ئەگەری ھەیە:

-سروشتی ئافرەت وایە حەز ناکات ژنی تری بەسەر بێت، و تەسەلیمە بۆ وتەی خوای گەورە، ئەمەیان تاوانبار نابێت بەڵام واجبە تەسلیم بێت و ڕێگری پیاوی نەکات.

-ئەگەر فرەژنی پێی خۆش نەبێت وەک ئەوە کە خوای گەورە ڕێگەی پێدراوە و ئایەت دابەزیووە، ئەوا کوفرە پەنا بەخوا لە دین دەردەچێت.

بەداخەوە پیاو هەیە مامەڵەی لەگەڵ ئافرەت وا خراپە داوای ژنی دووەمیش دەکات دەتوانی بڵێی ژنی یەکەمیشی لێی زیادە و شایستەی یەک ژنیش نییە، حەڕامە لەسەر پیاو خێزانی خۆی ئازار بدات، جا ئازاردانەکە ئازاری لاشە بێت یان نەفسی بێت.

موسڵمان دەبێت تەقوای خوا بکات و دڵی خێزانی خۆی ڕابگرێت و مامەڵەی باش بێت و قسەی خۆشی بۆ بکات، پیاو دەتوانێت ژنی تریش بێنێت و دڵی خێزانەکانی ڕابگرێت و بەجوانی بۆیان ڕوون بکاتەوە بێ ئەوە ناخۆشی بکەوێتە نێوانیان.

بەداخەوە ئەوانەی باسی فرەژنی دەکەن لای خێزانەکانی خۆیان یان لەناو خەڵک، یان ئەوانەی ژنی دووەم دەهێنن زۆرینەیان پێشەوای باش نین، بۆیە ئافرەتیش لە فرەژنی ترساوە و دەبێتە ڕێگر بۆ فرەژنی، زۆر لە پیاوەکان نییەتیان پاک نییە تەنها مەبەستیان ناوبانگە، هەر شتێک مرۆڤ بە پاکی بۆ خوا بکات ئیلا خوای گەورە بۆی ئاسان دەکات.

فرەژنی بەرپرسیاریەتیەکی گەورەیە حساب و کتاب و لێپرسینەوەی لەسەرە ئەو کەسە هەستی پێ دەکات کە ئەهلی تەقوایە، نەک تەنها ڕابواردن و شەهوەت تەواو کردن بێت، بۆیە هەندێک زانا دەڵێن باشتر وایە زیاتر لە یەک ژن نەھێنیت ئەگەر ژنی یەکەم بتپارێزێت "واتە بەشت بکات”، چونکە ئەگەری تووش بوون بە حەڕامی تێدایە ئەویش دادپەروەری نەکردنە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام