سەردێری پرسیار:ئەو هەشت صنفەی زەکاتیان پێ دەشێت کێن؟

بەرواری دانان :2021-05-26 کۆدی پرسیار:2410

پرسیار:

پرسیار: ئەو هەشت صنفەی زەکاتیان پێ دەشێت کێن؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: خوای گەورە دەفەرمووێت: (إِنَّمَا الصَّدَقَاتُ لِلْفُقَرَاءِ وَالْمَسَاكِينِ وَالْعَامِلِينَ عَلَيْهَا وَالْمُؤَلَّفَةِ قُلُوبُهُمْ وَفِي الرِّقَابِ وَالْغَارِمِينَ وَفِي سَبِيلِ اللَّهِ وَابْنِ السَّبِيلِ فَرِيضَةً مِنَ اللَّهِ وَاللَّهُ عَلِيمٌ حَكِيمٌ). (التوبة:60)

واتە: زەکات ھەر بۆ ھەژار و بێ نەوایان و کرێکارانی کۆکەرەوەی زەکات و بەوانەی ئومێد ھەیە لە ئاییندەدا دڵیان بە ئیسلامەوە ھۆگربێ، وە بۆ ئازادکردنی بەندە و ئەسیرەکان وە بۆ قەرزارەکان و ئەوانەی لە پێناو خوای گەورە دەجەنگن و بۆ ڕێبوارەکان، ئەمە شتێکە خوای گەورە دیاری کردووەو بڕیاری لەسەر داوە و خوا زانایە و کار بەجێ و لە کارزانە.

یەکەم: هەژارەکان:

ئەوانەن کە هیچیان نییە، هیچ پیشە و موچەیان نییە، لەبەر پێویستی ئەم دەستەیە خوای گەورە بە هەژارەکانی دەست پێکردووە، بۆیە هەژار لەپێشترین کەسە بۆ زەکات، باشتر وایە ئەوەندەی پێ بدرێت بەشی ساڵێک هەتا بێ نیاز بێت تا ساڵی دواتر.

دووەم: المساکین (بێ نەوایان):

ئەوانەن کە هەیانە بەڵام بەشیان ناکات، مسکین ئەوەیە پێویستی یەکانی وای لێ کردووە لە دابنیشێت و ئارام بێت، ئەگەر پیشەشی هەبێت و موچەشی هەبێت مادەم بەشی نەکات و پێویستی پێی هەبێت ئەوە مسکینە، خوای گەورە دەفەرمووێت: (أَمَّا السَّفِينَةُ فَكَانَتْ لِمَسَاكِينَ يَعْمَلُونَ فِي الْبَحْرِ) [الكهف: 79].

لەناو کەشتی یەکە کەسانێک ئیشیان دەکرد لەگەڵ ئەوەش مسکین بوون، کەواتە ناو نراوە بە مسکین لەگەڵ ئەمەش ئیشیان دەکرد، مسکینی ڕاستەقینە ئەوەیە گومانی پێ دەبردرێت پێویستی بە هیچ نییە.

سێیەم: کرێکارانی کۆکەرەوەی زەکات:

ئەو کرێکارانە دەگرێتەوە کە لەسەر کۆکردنەوە و حساب کردن و پاراستنی زەکات و دابەش کردنی زەکات ئیش دەکەن، یان کۆکردنەوەی زەکات بۆ بیت المال هەتا دابەشی بکەن، ئەمانە زەکاتیان پێ دەدرێت بەگوێرەی پیشەیان ئەگەر چی دەولەمەندیش بن ئەگەر موچەیەکی تری نەبێت لە بیت المال، ئەگەر موچەی هەبێت نابێت پێی بدرێت.

چوارەم: ئەوانەی ئومێد ھەیە لە ئاییندەدا دڵیان بە ئیسلامەوە ھۆگربێ:

گەورە و شەریفی قەومەکان دەگرێتە زەکاتیان پێ دەدرێت ئومێدی خێری هەیە یان خێری بۆ کەسانی تر یان لادانی شەڕی یان لادانی شەڕ لەسەر کەسانی تر، ئەویش چەند جۆرن:

١- کەسێک ئومێدی هەیە موسلمان بێت، زەکاتی پێ دەدرێت بۆ ئەوەی بەرەو ئیسلام بێت.

٢- کەسێک ئیمانی لەناو ئیسلام لاوازە، زەکاتی پێ دەدرێت بۆ ئەوەی ئیمانی بەهێز بێت و زیاد بێت.

٣- کەسێک کافرە زەکاتی پێ دەدرێت بۆ ئەوەی شەڕی لابدرێت.

پێنجەم: ئازادکردنی بەندە و ئەسیرەکان:

زەکاتیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی ئازاد بن، و دەدرێت بەوانەش کە ئەسیرن لەژێر دەستی کافرەکان، و ئەوانەش دەگرێتەوە کە گرێبەستیان کردووە لەگەڵ گەورەی خۆیان بە قسط بۆ ئازاد بوون.

شەشەم: قەرزارەکان:

ئەوانە دەگرێتەوە کە قەرزارن، قەرزار بوونیش دوو جۆرە:

١-کەسێک قەرزار بووە بۆ پێویستی خۆی، مالی نییە قەرز بداتەوە، ئەمەیان زەکاتی پێ دەدرێت ئەگەر قەرزی چەند زۆریش بێت.

٢-کەسێک قەرزار بووە بۆ بەرژەوەندی کەسانی تر، قەرزار بووە بۆ سولح کردن لەنێوان موسڵمانان، یان قەرزار بووە بۆ کوژاندنەوەی فیتنە.

حەوتەم: ئەوانەی لە پێناو خوای گەورە دەجەنگن:

زەکات دەدرێت بە موجاهد بەشی خۆی و ماڵ و مناڵی ئەگەر موچەی نەبێت لە بیت المال، هەروەها بۆ پێویستی یەکانی جەنگ، هەروەها دەدرێت بە قوتابی زانستی شەرعیش، چونکە ئەمەش جۆرێکە لە جۆرەکانی جیهاد کردن.

هەشتەم: ڕێبوارەکان:

موسافر ئەگەر مالی پێ نەما زەکاتی پێ دەدرێت هەتا دەگەڕێتەوە شاری خۆی ئەگەر چی لە شارەکەی خۆی دەولەمەندیش بێت، نابێت پابەند بکرێت بەوە ئەگەر گەیشتە شارەکەی خۆی مالەکەی بگەڕێنێتەوە، چونکە ئەو کاتەی وەریگرتووە شایسەتی زەکات بووە و زەکات پێ چووە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام