پرسیار: دەکرێت ڕوونکردنەوە بدەن لەسەر ئەم فەرموودەیە: عن جابر رضي الله عنه أن رسول الله صلى الله عليه وسلم سئل عن النشرة فقال: (هي من عمل الشيطان)؟
وەڵام: عن جابر رضي الله عنه أن رسول الله صلى الله عليه وسلم سئل عن النشرة فقال: (هي من عمل الشيطان). رواه أحمد بسند جيد. وأبو داود، وقال: سئل أحمد عنها فقال: ابن مسعود يكره هذا كله.
واتە: لە جابر دەگێڕنەوە خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: پرسیار لە پێغەمبەری خوا کرا دروود و سەلامی خوای لێ بێت سەبارەت بە بەتاڵ کردنەوەی سیحر "کە لەو کاتە باو بوو" ئەویش فەرمووی: (ئەو جۆرە لە کردەوەی شەیتانەکانە).
دەفەرمووێت: پرسیار لە ئەحمەد کراوە فەرمووی: ابن مسعود ھەموو ئەمانەی پێ باش نەبوە.
ڕاڤەی وشەکانی فەرموودەکە:
"سئل رسول اللە صلی اللە علیە وسلم" واتە: پرسیار کرا لە پێغەمبەری خوا دروود و سەلامی خوای لێ بێت.
"عن النشرة" واتە: بەتاڵ كردنەوەی سیحر، ال للعھدە، واتە: ئەوە سیحر بەتاڵ كردنەوەی زانراوه لەسەردەمی نەزانین.
''من عمل الشیطان" واتە: لە کردەوەی شەیتانە و شەیتان وەحیان بۆ دەنێرێت.
"يكره" وشەی کەڕاھەت پێشینەکان زۆريان بەكار دەھێنا مەبەستیان حەڕامی بوو، ھەندێک جاریش بۆ کەڕاھەت بوو.
سـوودەکـانی فەرموودەکە:
١- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە نەزان دەبێت پرسیار بکات لەئەھلی عیلم، بە تایبەتی بابەتی عەقیدە.
٢- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە سیحر و بەتاڵ كردنەوەی سیحر ھەبووە لە سەردەمی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لێ بێت، چونکە ال للعھدە، واتە پرسیاری ئەو سیحر بەتاڵ كردنەوەیان لە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت کرد کە زانراو بوو له سەردەمی نەزانین.
٣- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە بەتاڵ کردنەوەی سیحر بە سیحر لە کردەوەی شەیتانە، چونکە ال للعھدە لەسەردەمی نەزانین سیحریان بە سیحر بەتاڵ دەکردەوە.
٤- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە بەتاڵ کردنەوەی سیحر بە سیحر تاوانێکی زۆر گەورەیە و لە گەڵ حەڕامکراوەکانی تر جیاوازە و تووندترە، چونکە فەرموویەتی کردەوەی شەیتانە.
٥- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە حەڕام کردن حصر ناکرێت تەنھا لەوەی بە وتە بڵێت: حەڕامە یان دروست نییە، بەڵکو ئەگەر سزا بۆی دانرا یان درایە پاڵ شەیتان بەڵگەیە کردەوەکە حەڕامە.
٦- ئیمام ئەحمەد لەسەر وتەی ابن مسعودە کە دەڵێت نشرة مەکروھە، بەڵام فەرموودەی "باب" ئیمام ئەحمەد ڕیوایەتی کردووە، بۆچی فەرموودەی ھەڵنەبژاردووە و نەی گوتووە حەڕامە؟
وەڵام: چەند وەڵامێک ھەیە لەوانە:
- لەوانەیە کەڕاھەت مەبەست پێی حەڕامی بێت.
- لەوانەیە ئەو کاتەی کە وەڵامی داوەتەوە فەرموودەی پێ نەگەیشتبێت، دوای وەڵام دانەوە فەرموودەی پێ گەیشتبێت.
- لەوانەیە فەرموودەی پێ صحیح نەبێت، بۆیە وتەی صحابی ھەڵبژاردوە.
- لەوانەیە پرسیارکەر زانی بێتن کە فەرموودە لەم بابە ھەیە، بەڵام پرسیاری ئەوەی لێ کردبێت وتەیەکی تر ھەیە.
٧- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە بەتاڵ کردنەوەی سیحر بە سیحر دروست نیە تەنانەت له کاتی پێویستیش.
صالح ال الشیخ خوا بیپارێزێت دەفەرمووێت: (ھەندێ زانا بۆ ئەوە چوون دروستە سیحر بەتاڵ بكرێت بە سیحر لەکاتی پێویستی، ئەم وتەیە ڕاست نییە بەڵکو وتەیەکی ھەڵەیە، چونکە زەرووریات دروست نيه بەوەی دین و تەوحیدی لەسەر دابنێیت لەبری، ئەوەی زانراو بێت پێنج شتە زەروورەکان شەریعەت پێی ھاتووە بۆ پاراستنی، یەکەمیان پاراستنی دینە). التمھید لاپەڕە ٣١٨.