پرسیار: مانای ئەم فەرموودەیە چییە: (فَإِنَّ حَقَّ اللّهِ عَلَى الْعِبَادِ أَنْ يَعْبُدُوا اللّهِ وَلاَ يُشْرِكُوا بِهِ شَيْئاً. وَحَقُّ الْعِبَادِ عَلَى اللّهِ عَزَّ وَجَلَّ أَنْ لاَ يُعَذِّبَ مَنْ لاَ يُشْرِكُ بِهِ شَيْئاً)؟
عَنْ مُعَاذِ بْنِ جَبَلٍ - رضي الله عنه - قَالَ: كُنْتُ ردیف رَسُولِ اللّهِ صلى الله عليه و سلم عَلَى حِمَارٍ قَالَ: فَقَالَ: (يَا مُعَاذُ! أَتَدْرِي مَا حَقُّ اللّهِ عَلَى الْعِبَادِ وما حقُّ العبادِ عَلَى الله؟) قَالَ قُلْتُ: الله وَرَسُولُهُ أَعْلَمُ. قَالَ: (فَإِنَّ حَقَّ اللّهِ عَلَى الْعِبَادِ أَنْ يَعْبُدُوا اللّهِ وَلاَ يُشْرِكُوا بِهِ شَيْئاً. وَحَقُّ الْعِبَادِ عَلَى اللّهِ عَزَّ وَجَلَّ أَنْ لاَ يُعَذِّبَ مَنْ لاَ يُشْرِكُ بِهِ شَيْئاً) قَالَ قُلْتُ: يَا رَسُولَ اللّهِ! أَفَلاَ أُبَشِّرُ النَّاسَ؟ قَالَ: (لاَ تُبَشِّرْهُمْ. فَيَتَّكِلُوا). متفق علیە: أخرجە البخاري (٥٩٦٧)، ومسلم (٣٠).
واتە: موعازی کوڕی جەبەل خوا لێی ڕازی بێت دەفەرمووێت: لەگەڵ پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم سواری پشتی گوێ درێژێک بوو بووین، منیش لە دوای ئەوەوە بووم ، فەرمووی: (ئەی موعاز ئایا دەزانیت کە حەقی خوا لەسەر گشت بەندەکانی چییە؟ وە حەقی بەندەکان لەسەر خوا چییە؟).
وتم: خوا و پێغەمبەرەکەی دەزانن.
فەرمووی: (حەقی خوا لەسەر بەندەکان ئەوەیە کە عیبادەتی بۆ بکەن و ھیچ شەریکی بۆ دانەنێن، وە حەقی بەندەکانیش لەسەر خوا ئەوەیە سزای کەسێک نادات کە ھیچ شەریکی بۆ دانەنابێت).وتم ئەی پێغەمبەری خوا، ئایا مژدە بدەم بەو خەڵکە "بەم مزگینیە خۆشە" یان بێ دەنگ بم؟ فەرمووی: (مژدەیان پێ نەدەی، ئەگەر نا خراپ حاڵی دەبن و پشت دەبەستن بەم وتەیە و پاڵ دەدەنەوە و لە کردەوەی چاک سارد دەبنەوە.)
سـوودەکانی فەرموودەکە:
١- حەقی خوا لەسەر بەندەکان ئەوەیە کە بیپەرستن و ھیچ شەریکی بۆ بڕیار نەدەن، کە ئەم حەقە گەورەترین حەقە و لە حەقی بەندەکان گەورەترە.
٢- حەقی بەندە لەسەر خوای گەورە ئەوەیە خوای گەورە سزای نادات ئەگەر عیبادەتی خوای گەورەی کردبێت و شەریکی بۆ بڕیار نەدابێت.
فەرموودەکە دەفەرمووێت: (وَحَقُّ الْعِبَادِ عَلَى اللّهِ عَزَّ وَجَلَّ أَنْ لاَ يُعَذِّبَ مَنْ لاَ يُشْرِكُ بِهِ شَيْئاً) واتە: حەقی بەندە لەسەر خوا ئەوەیە کە سزای نەدات ئەگەر شەریکی بۆی بڕیار نەدابێت.
پرسیار: ئەگەر کەسێک عیبادەتی خوا نەکات و شەریکی بۆ بڕیار نەدات سزا دەدرێت؟ فەرموودەکە دەلێت سزای نادات ئەگەر شەریکی بۆی بڕیار نەدابێت باسی عیبادەتی نەکردووە؟
وەلام: ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (تەقدیری ڕستەکە بەم شێوەیە: کەسێک خوای گەورە بپەرستێت و شەریکی بۆ بڕیار نەدات، باسی ئەوەی نەکردووە بپەرسترێت ، چونکە ڕوون و ئاشکرایە لە وتەی پێغەمبەر: (حق العباد) ھەر کەسێک وەسفی عابد بێت دەبێت عیبادەت بکات.
ھەر کەسێک عیبادەتی خوا نەکات و لەگەڵ ئەوەش شەریکي بۆ بڕیار نەدابێت، ئایا سزا دەدرێت؟
وەڵام: بەڵێ سزا دەدرێ، چونکە لە ڕستە شاراوە ھەیە، ماناکەی بەم شێوەیەيه: ئەوەی دەیپەرستێت و شەریکی بۆ بڕیار نەدات، دوو بەڵگە ھەیە بۆ ئەمە:
یەکەم: وتەی: "حق العباد" ھەر کەسێک وەسفی عابد بێت دەبێت عیبادەت بكات.
دووەم: وتەی "أن یعبدوە، ولا یشرکوا بە شیئا" دەزانرێت مەبەست بە وتەی: "لا یشرکوا بە شیئا" واتە شەریکی بۆ بڕیار نەدەیت لە عیبادەت دا). القول المفید.
٣- حەقی بەندە لەسەر خوای گەورە، ئەم حەقە خوای گەورە کردوويەتيه حەق لەسەر نەفسی خۆی بە فەزڵ و چاکە و ڕەحمی خۆی، نەک بەندە حەق لەسەر خوا دابنێت و بێ ئەدەب بێت بەرامبەری.
ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (ئەمە حەقە خوای گەورە لەسەر خۆی واجب کردووە، وە بۆ دروستکراوەکان نییە شتێک لەسەر خالق واجب بکەن). مجموعة الفتاوى (١/٣٤٠).
٤- وتنی: اللە و رسولە أعلم، ئەمەیان نابێتە شیرک و دروستە ئەگەر زیندوو بێت، ڕاستە فەرموودەی ابن عباس ھاتووە:
عن ابن عباس أن رجلا قال للنبي -صلى الله عليه وسلم- ما شاء الله وشئت فقال النبي: (أجعلتني لله ندا؟! بل ما شاء الله وحده). رواه أحمد والبخاري في الأدب الكبير، والنسائي في السنن الكبرى، وصحح إسناده العراقي (في تخريج الإحياء ٣/٢٠٠) وكذلك أحمد شاكر (في مسند الإمام أحمد ٣/٢٠٣) وصححه الألباني (في صحيح الأدب المفرد ٦٠١).
زانایان دەلێن بۆ زانستی شەرعی دروستە بلێی اللە و رسولە أعلم، چونکە پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت زانستی ھەیە، بەڵام بۆ کاروباری کەونی و قەدەری نابێت چونکە زانستی پێی نییە.
بەڵام زانایان دەڵێن دوای مردنی پێغەمبەر درود و سەلامی خوای لێ بێت نابێت بڵێیت: اللە و رسولە أعلم .
٥- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە لەسەر خۆ بە کەم دانانی پێغەمبەر دروود و سەلامی خوای لێ بێت، چونکە لەسەر پشتی گوێ درێژ سوار بووە.
ھەر کەسێک خۆی بە کەم دابنێت و لووت بەرز نەبێت ئیلا خوای گەورە بەرزی دەکاتەوە، ھەر کەسێکيش خۆی بە زۆر بزانێت و لووت بەرز بێت ئیلا خوای گەورە نزمی دەکاتەوە.
٦- دروستە زانست بشاریتەوە ئەگەر سوودی ھەبوو، چونکە ھەموو کەس ھی ئەوە نییە ھەموو شتی بۆی باس بکەیت، ھەیە بە ھەڵە لێی حاڵی دەبێت و گومڕا دەبێت، موعاز لەبەر ئەوە ئەم فەرموودەی باسکردووە چونکە نابێت زانست بشاریتەوە و دەبێت دین بە خەڵک بگەینیت.
٧- دروستە دوو کەس لەسەر پشتی گوێ درێژ سوار ببن ئەگەر لەسەری گران نەبێت و توانای ھەبێت.
٨- ئەم فەرموودەیە بەڵگەیە سونەتە مژدە بدەیت بە خەڵک.