سەردێری پرسیار: تا چەند دایک و باوک دەتوانن تەداخولی ژن هێنان کوڕی خۆیان بکەن؟ ئایا واجبە گوێڕایەڵییان بکەین ئەگەر ڕێگریان کرد؟

بەرواری دانان :2021-08-16 کۆدی پرسیار:2437

پرسیار:

پرسیار: تا چەند دایک و باوک دەتوانن تەداخولی ژن هێنان کوڕی خۆیان بکەن؟ ئایا واجبە گوێڕایەڵییان بکەین ئەگەر ڕێگریان کرد؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: هەموو زانایان یەک دەنگن دایک و باوک مافێکی گەورەیان هەیە بەسەر مناڵەکانیان، خوای گەورە دوای مافی خۆی باسی مافی دایک و باوک کردووە لە چەندین شوێن لە قورئانی پیرۆزدا، و دەتوانی بڵێی هەموو دایک و باوکێک یان زۆربەیان خێر و خۆشی بۆ مناڵەکانیان دەوێت، بۆیە نابێت مناڵ گومانی خراپ پێیان ببات و بە خراپە لێکی بداتەوە.

ڕاستە زۆرجار دایک و باوک ئاستی ڕۆشنبیریان باش نییە و بە گومانی خۆیان باشەیان بۆ مناڵی خۆیان دەوێت کەچی شەڕە بۆ مناڵەکەیان، بۆیە دەبێت کوڕ بە شێوەیەکی جوان و نەرم و نیان بۆیان ڕوون بکاتەوە، زۆرجار مناڵ سوود و بەرژەوەندی خۆیان نازانێت و دایک و باوکی دەزانن، و زۆرجاریش دایک و باوک سوودی و بەرژەوەندی کوڕەکەی خۆیان نازانن کوڕ خۆی دەزانێت بەرژەوەندی ئەو لەچی دایە، بۆیە دەبێت لێک تێگەیشتن هەبێت و بێ ڕێزی بەرامبەر دایک و باوک نەکرێت.

زانایان دەلێن ئەگەر دایک و باوک ڕێگری کوڕی خۆیان بکەن ئەم پێنج حالەتانەن:

یەکەم : کوڕ هەر کچێک هەلبژێرێت ئەوان ڕەت دەکەنەوە، لەم حالەتە کوڕ مافی خۆیەتی گوێڕایەڵیان نەکات.

دووەم: زۆری کردن لە کوڕ بۆ کچێک کە بەدڵی کوڕ نییە، لەم حالەتەش دروستە گوێڕایەڵیان نەکەیت.

سێیەم: دایک و باوک ناڕازین چونکە کچەکە باش نییە، دەبێت گوێرایەلیان بکات.

چوارەم: دایک و باوک ناڕازین لەسەر شتێکی دونیا یان شەخسی وەک ئەوە کە کچەکە جوان نییە، ئەگەر دڵی کوڕ پەیوست نەبێت بەو کچە بزانێت فیتنه دروست نابێت، دەبێت گوێڕایەلی دایک و باوک بکات، چونکە گوێڕایەلی دایک و باوک لەم کاتە لە پێشترە لە شتێکی ڕێگەپێدراو کە جوانی کچەکەیە.

پێنجەم: دایک و باوک ناڕازین لەسەر شتێکی دونیا یان شەخسی وەک ئەوە کچەکە جوان نییە ، ئەگەر دلی پەیوەست بێت بەو کچە بزانێت فیتنە دروست دەبێت واجب نییە لەسەری گوێڕایەلیان بکات لادانی فیتنە لەپێشترە.

ابن مفلح ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (بۆ دایک و باوک نییە کوڕی خۆیان ناچار بکەن بۆ ھێنانی ئافرەتێک کە حەز ناکات و نایەوێت، ابن تیمییە ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: بۆ دایک و باوک نییە کوڕی خۆیان ناچار بکەن و زۆری لێ بکەن بۆ ھێنانی ئافرەتێک نایەوێت، ئەگەر کوڕ بەگوێیان نەکات تاوانبار نابێت و لەو کەسانە نییە کە ئازاری دایک و باوکی داوە و تاوانبار بێت) الآداب الشرعية (١/٤٤٧).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام