پرسیار: حوکمی وەرگرتنی ڤاکسین چییە بۆ کۆڕۆنا؟ ئایا دروستە متمانەت بە کافرەکان بێ بۆ ڤاکسین؟
وەڵام: خەڵکانێک هەیە باوەڕیان بە هیچ نییە، کاتێک کۆڕۆنا هات باوەڕیان پێ نەبوو، بەچاوی خۆیان دەیان بینی خەڵک دەمرێت ئینکاری واقعیان دەکرد، کاتێک خۆیان تووشی کۆڕنا بوون ئەوکات باوەڕیان کرد، کەواتە موسڵمان دەبێت مام ناوەند بێت نەک بە هەموو شتێک باوەڕ بکات و نەک باوەڕی بە هیچ نەبێ.
کۆڕۆنا چ دروست کراو بێت یان خوای گەورە ناردبێت بۆ خەڵک ئەوە بۆ هەموو دەردێک دەرمان و خۆپارێزی هەیە، سەبارەت بە نەبوونی متمانە بە کافر بە هیچ شێوەیەک یان بە یەکجاری هەڵەیە، چونکە پێغەمبەری خوا صلی اللە علیە وسلم متمانەی بە کافر کردووە و لە ترسناکترین مەوقف داوای یارمەتی لێ کردووە و پشتی پێ بەستووە لە کاتی کۆچ کردن، چۆن موسڵمان هەیە جێگای متمانەیە و هەیە جێگای متمانە نییە، کافریش هەیە جێگای متمانەیە و هەیە جێگای متمانە نییە.
بۆیە موسڵمان دەبێت ئاگادار بێت نەگاتە ئەو ڕادەیە ئینکاری هەموو شتێک بکات و متمانەی بە کەس نەبێت هەتا موسڵمانانیش، لەم کاتە کەسانی شارەزا دکتۆر دەبێ قسەی لەسەر بکەن و ئیشی هەموو کەسێک نییە قسەی لەسەر بکات.
لەم واقعەی ئێستا کەسانی عاقل و شارەزا ڤاكسینیان وەرگرتووە و کەسانێکیش هەن وەریان نەگرتووە، خەڵک بە ئارەزووی خۆیەتی وەردەگرێت یان وەرناگرێت، ئەگەر خۆت وەرناگری ئەم هەموو خەڵکە بە نەزان لە قەلەم مەدە، ئەگەر خۆت وەردەگری ئەو خەڵکەی ڤاکسین وەرناگرێ بە نەزان لە قەلەم مەدە، دوعای شیفا و سەلامەت بوون بۆ یەکتر بکەن ئەمەیان سوودی هەیە، چونکە هەر شتێک خوای گەورە نووسی بێت چارەسەر وەرگری یان وەرنەگری هەردێت.
لەڕووی شەڕعەوە ئەم ڤاکسینە کە چارەسەر نییە بەڵکو تەنها خۆپارێزی یە واجب نییە لەسەر موسڵمان وەری بگرێت، جیاوازی هەیە لە نێوان زانایان سەبارەت بە حوکمی تداوی دوو وتە هەیە:
یەکەم: زۆربەی زانایان دەلێن تدوای سونەتە واجب نییە.
دووەم: هەندێک زانا دەلێن واجبە ئەگەر مرۆڤ ترسی ئەوەی هەبێت تیا بچێت.
سفارینی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (شیخ الاسلام ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت : واجب نییە لە لای زۆربەی زانایان، بەلکو کۆمەلێکی کەم لە هاوەلانی شافعی و احمد واجبیان کردووە) غذاء القلوب (١/٤٥٩).
خاوەنی تحفة المحتاج دەفەرمووێت: (قاضي عیاض ئیجماع نقل دەکات کە واجب نییە، بەڵام ڕەخنە لێی دەگیرێ لە ڕووێکەوە کە واجبە ئەگەر برین ترسی ئەوەی هەبوو تیا بچێت). تحفة المحتاج (٣/١٨٢).
زانایان دەلێن ئەسل وایە تەداوی ڕێگە پێدراوە بەلام حالەت بۆ حالەت دەگۆڕدرێ:
یەکەم: حالەت هەیە واجب دەبێت ئەگەر بە بەکار نەهێنانی ترسی تیاچوونی ئەندامێکی هەبێت یان تیاچوونی نەفسی خۆی هەبێت یان ترسی گواستنەوەی هەبێت بۆ کەسێکی تر.
دووەم: حالەت هەیە سونەتە ئەگەر تەنها لاشەی مرۆڤ لاواز بکات و ئەو زیانانەی حالەتی یەکەمی نەبێت.
سێیەم: حالەت هەیە مباحە ڕێگە پێدراوە ئەگەر ئەم دوو حالەتە یەکەم نەبێت .
زۆربەی زانایان دەلێن باشتر وایە تەداوی بکرێت نەک وازی لێ بهێنی.
ئەوانەی زۆر تووندیان کردووە دەبێت بیر لەوە بکەنەوە تەنها ڤاکسین لە ولاتی کافرەکانەوە بۆ ئێمە ناهێت، هەروەها زانایانی سەردەم کە زاناترینی خەڵکن و ژیرترینی خەڵکن ڤاکسینیان وەرگرتووە، ئەوەی گرینگ بێت ئەوەیە موسڵمان داوا لەخوا بکات بۆ سەلامەت بوون لەم دەردە.