سەردێری پرسیار: پیاوێک دوو ژنی بەجێ هێشتووە لەگەڵ مناڵ، ئایا بەشی ژنەکان چۆن دەبێت ئەگەر زیاتر بوو لە یەک ژن؟

بەرواری دانان: 2021-08-26 کۆدی پرسیار: 2440

پرسیار:

پرسیار: پیاوێک دوو ژنی بەجێ هێشتووە لەگەڵ مناڵ، ئایا بەشی ژنەکان چۆن دەبێت ئەگەر زیاتر بوو لە یەک ژن؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن ئافرەت میرات لە پیاو وەردەگرێت بە دیار کراوی "بالفرض" لەم دوو حالەتە:

یەکەم: ئەگەر پیاوەکەی بمرێت مناڵی لەپاش خۆی بەجێ نەھێشتبێت، لەم حالەتە ئافرەت چارەکی ماڵی پیاوی خۆی دەبات، و ئەگەر پیاوێک چوار ژنی ھەبێت لەم حالەتە چارەکی ماڵ بەسەر ھەر چوار ژنەکاندا دابەش دەکرێت.

نموونە: پیاوێک دەمرێت لە خێزانی خۆی و باوکی خۆی، ژنی پیاوەکە چارەکی میرات دەبات وە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ باوکییەتی. دووەم: ئەگەر پیاوەکە بمرێت مناڵی لەپاش خۆی بەجێ ھێشتووە، لەم حالەتە ئافرەت ھەشت یەکی میرات وەردەگرێت، ئەگەر پیاو چوار ژنی ھەبێت ئەو ھەشت یەکە بەسەر چوار ژنەکاندا دابەش دەکرێت بە یەکسانی.

نموونە: پیاوێک دەمرێت لە خێزانی خۆی و کوڕەکەی خۆی، خێزانی ھەشت یەک میرات وەردەگرێت و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ کوڕەکەیەتی. بەلگە: خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَلَهُنَّ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْتُمْ إِنْ لَمْ يَكُنْ لَكُمْ وَلَدٌ  فَإِنْ كَانَ لَكُمْ وَلَدٌ فَلَهُنَّ الثُّمُنُ مِمَّا تَرَكْتُمْ ). [النساء :12].

ابن کـثیر ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (جا یەک بەسەر چوار یان یەک بەسەر هەشت یەک ئافرەت بێ یان دوو بن یان سێ بن یان چوار بن، هەموویان هاوبەشن لەو بەشە میراتە). تفسير القرآن العظيم (٢/٢٢٩).

قرطبی ڕەحمەتی خوای لێ بێت ئیجماع نەقل دەکات لەسەر هاوبەشی ئافرەتەکان لەو بەشەی بۆیان دیارکراوە ئەگەر لە یەک زیاتر بوون. الجامع لأحكام القرآن (٥/٧٥).

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام