پرسیار: پیاوێک مردووە میراتگرەکانی ئەمانە: خێزانی پیاوەکەی و خوشک و برای پیاوەکە، میرات هەموو دابەش کراوە تەنها ئەوە نەبێت هەندێک قەرزی لەلای خەڵکە قەرزەکە دابەش نەکراوە، ئێستا قەرزەکە گەڕاوەتەوە بەڵام خێزانەکەی مردووە ئەو قەرزەی وەرگیراوە چی لێ دەکرێت و چۆن دابەش دەکرێت؟
وەڵام: زانایان دەڵێن ئەسڵ وایە میراتی مردوو دابەش دەکرێت بەسەر میراتگرە زیندووەکان، پاشان هەر کەسێک بمرێت پێش دابەش کردنی میراتەکە ئەوە بەشە میراتەکەی لەدەست ناچێت، بەڵکو بەسەر میراتگرەکانی دا دابەش دەکرێت.
زانایان دەڵێن میرات بەم شێوەیە دابەش دەکرێت:
یەکەم: ژنی پیاوی مردووەکە لە چوار بەشی میرات یەک بەش دەبات، چونکە مناڵی نییە، بەڵگە:
خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَلَهُنَّ الرُّبُعُ مِمَّا تَرَكْتُمْ إِنْ لَمْ يَكُنْ لَكُمْ وَلَدٌ) [ النساء: 12 ].
ئێستا ژنەکە مردووە ئەو قەرزەی گەڕاوەتەوە لە چوار بەش یەک بەش بەسەر میراتگرەکانی ئەم ژنە دابەش دەکرێت.
دووەم: خوشک و برا ڕاستەقینەکانی مردوو میرات وەردەگرن بە تعصیب٫ و کچ نیوەی کوڕ وەردەگرێت، بەڵگە:
خوای گەورە دەفەرمووێت: (وَإِنْ كَانُوا إِخْوَةً رِجَالًا وَنِسَاءً فَلِلذَّكَرِ مِثْلُ حَظِّ الْأُنْثَيَيْنِ) [ النساء: 176 ].