پرسیار: تێکەڵاوی کوڕ و کچ و پیاوان و ئافرەتان حەرامە؟ کەوایە بۆچی لەحەج تێکەڵاون؟
وەڵام: زانایان دەلێن تێکەلاوی کوڕ و کچ و ژن و پیاو و کارکردن و پێکەوە بوون لە قوتابخانە و کۆلێژ و شوێنی تر دەرئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە و تووشی فیتنە دەبن، لەوانە:
ـ تووشی بوون بە نەزەر، خوای گەورە فەرمانی بە ژن و پیاو کردووە چاویان بگرن لە حەڕام.
ـ سەر دەکێشیت بۆ دەست بەریەک کەوتن و تەوقە کردن کە ئەمەش حەڕامە.
ـ تێکەلاوی ئەگەری زۆری ئەوەی ھەیە کوڕ و کچ و ژن و پیاو بە تەنیا پێکەوە بمێننەوە، کە ئەم خەلوەتەش حەڕامە بەڵکو ترسناکترین ھەنگاوە بۆ تووش بوون بە فاحیشە.
ـ پەیوەست بوونی پیاو بە ئافرەتەوە و ئافرەتیش بە پیاوەوە، لەبەر ئەوەی ماوەیەکی زۆر پێکەوە دەبن، مرۆڤ لاوازە ئەگەر ماوەیەکی زۆر لەگەڵ کەسێک بێت پێکەوە معلق دەبن.
ـ تێک چوونی خێزان، چەند پیاو خێزانی خۆی پشت گوێ خستووە چونکە پەیوەست بووە بە ئافرتێک لەگەڵی دەوام دەکات یان کۆلێژ یان شوێنی تر؟! وە بە پێچەوانەش چەند ئافرتیش بە ھەمان شێوە؟! وە چەندینیان تووشی فاحیشە بووینە؟!
سەبارەت بە تەوافی ئافرەت دەبێت بەدوای پیاوانەوە بکەن بە تەنیا، یان لە شەودا تەواف بکەن بەجۆرێک هیچ پیاو لەوێ نەبێت.
سەبارەت بە واقعی ئێستا تێکەڵاوی ژن و پیاو پێچەوانەی شەرعە، بەردەوام زانایان ئینکاری ئەمە دەکەن و هەوڵی چاک بوونی دەدەن، بەڵام لەبەر ئەستەمی و زۆری ژمارەی خەڵک هەوڵدانیان ئەنجامی نەبووە، دەتوانی بڵێی مەجالی تێدایە ئەگەر پابەند بن بە نیقاب و مەحرەمیان لەگەڵ بێت و پابەند بن بە ئادابەکانەوە.
ابن عثیمین ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (تەوافی ئافرەت لەگەڵ پیاوان هیچی تێدانییە، ناکرێت قەدەغە بکرێت بەتایبەتی لەم سەردەمە، چونکە هەموو ئافرەتێک لەگەڵ مەحرەمی خۆیەتی، ئەگەر قەدەغەی ئافرەت بکرێت لەگەڵ پیاوان ئەوە ئافرەت پشت گوێ دەخرێت و شەڕی زیاتر دەبێت، بەڵام لە دوورەوە دوور لە پیاوانەوە تەواف بکەن وەک عائیشە ئەوە باشترە). شرح صحيح البخاري " كتاب الحج ، بَاب طَوَافِ النِّسَاءِ مَعَ الرِّجَال، الشريط السابع.
نوێژی ئافرەت لەگەڵ پیاوان چەند ضوابطی هەیە، لەوانە:
ـ دەبێت دەرگای داخل بوونی ئافرەتان جیاواز بێت لە هی پیاوان.
ـ ڕیزی ئافرەتان تایبەتە لە دواوەی پیاوانن هەتا ئەگەر یەک ئافرەتیش.
ـ ئارەزوو خستنەسەر ڕێزی دواوە بۆ ئافرەت و ڕیزی پێشەوەش بۆ پیاوان.
ـ نوێژی ئافرەت لە مالەوە باشترە لە مزگەوت هەتا ئەگەر مزگەوتی حەڕامیش بێت.
ـ پیاوان دەبێت هەندێک چاوەڕێ بکەن تا ئافرەتان بەخێرایی دەچن.
ـ پارێزگاری کردن لە نیقاب و خۆ داپۆشین کاتی دەرچوون بۆ مزگەوت و هاتنەوەی.
تێکەڵاوی ژن و پیاو لە مەککە نابێتە بەڵگە تێکەڵاوی دروستە.