پرسیار: بۆچی موسڵمانان جیهاد ناکەن و چەکە هەلناگرن دژی تاغوتانە؟
وەڵام: زانایان دەڵێن جیھاد تەنھا بە چەک ناکرێت، ئەگەر کراش مەرجی هەیە:
- دەبێت موسڵمانان توانایان ھەبێت و چەکیان ھەبێت.
- تەماشای سوود و زیان بکەن لەم جیهاد کردنە.
موسڵمان نابێت پەلە بکات لە کافر کردنی موسڵمانان بەجۆرێک بگاتە ئەو سنورە زۆربەی کاربەدەست و مامۆستایانی ئایینی کافر بکات و نوێژی بەدوایان نەکات، بابەتی کافر کردن ئیشی مناڵ و هەرزەکار نییە، ئەگەر مرۆڤ باش بێت خوای گەورە کاربەدەستی باش بۆیان دەنێرێت.
هاوەڵان لاواز بوون و ئارامیان گرت لەسەر ئازار و ناخۆشی یەکانی کافرەکان، سەرەتا چەکیان هەلنەگرتووە، موسڵمان دەبێت ژیرانە بیر بکاتەوە و ھەر کەسێک ئالایەکی بەرز کردەوە یان وتارێکی حەماسی گوێ لێ بوو پەلە نەکات و شوێنی نەکەوێت، بەتایبەتی لەم سەردەمە کە چەندین فلیم و پیلان دروست دەکرێن و دادەنرێن، موسڵمان بە ئاسانی دەکەوێتە تەلەکەوە و ئەنجامەکەش زیان گەیاندنە بە دین و بانگەوازی کردن.
ابن قیم ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (جیھاد چوار پلەیە: جیھادی نەفس و جیھادی شەیتان و جیھادی کافرەکان و جیھادی دووڕووەکان.
جیھادی نەفسیش چوار پلەیە:
یەکەم: جیھاد بکات لەسەر فێر بوونی ھیدایەت و ئەو حەقی یەی کە سەرکەوتن و خۆشی ناھێتە دی ئیلا بە ئەمە نەبێت، ھەر کاتێک لە دەستی بڕوات لە ھەردوو دونیا بەدبەخت و ڕیسوا دەبێت.
دووەم: جیھاد بکات لەسەر کردەوە پێ کردن دوای فێر بوون، ئەگەر تەنھا فێر بوون بێت ئەگەر چی زیانیشی بۆی نەبێت سوودی بۆی نیە.
سێیەم: جیھاد بکات بۆ بانگەوازی خەڵک کردن بۆی، ئەو کەسە فێر بکات ئەوەی نازانێت، ئەگەرنا لەوانە دەبێت کە ئایەتەکانی خوای گەورە کە دایبەزاندووە لە ھیدایەت و زانست دەشارنەوە، زانستەکەی سوودی بۆی نابێت و لە سزای خوا ڕزگاری ناکات.
چوارەم: جیھاد بکات لەسەر ئارام گرتن لەسەر ئازاری بانگەواز کردن و ئازاری خەلک تەحەمولی ئەم ھەموو شتانە بکات.
ئەگەر ئەم چوار پلانەی تەواو کرد ئەوا لە زانایە ڕەبانیەکانە، پێشینەکان ھەموویان یەک دەنگن لەسەر ئەوە کە زانا شیاوی ئەوە نیە پێی بلێی ڕەبانی ھەتا حەق دەزانێت و کردەوە پێی دەکات و خەلک فێر دەکات و ئارام دەگرێت لەسەر ئازاری بانگەوازی کردن.
جیھادی شەیتان دوو پلەیە:
یەکەم: جیھادی لادانی ئەو گومانانە بکات کە شەیتان بۆ بەندە دەھێنێت لە گومانی ئیمان.
دووەم: جیھادی لادانی ئەو ویستانە بکات کە شەیتانە بۆ مرۆڤ دەیھێنێت لە شتی خراپ و وەسواس.
جیھادی یەکەم دوای یەقینە و جیھادی دووەم دوای ئارام گرتنە، خوای گەورە دەفەرمووێت: ﴿وَجَعَلْنَا مِنْهُمْ أَئِمَّةً يَهْدُونَ بِأَمْرِنَا لَمَّا صَبَرُوا وَكَانُوا بِآيَاتِنَا يُوقِنُونَ٢٤﴾ [السجدة: 24]، خوای گەورە خەبەری داوە پێشەوایەتی دین بەدەست دێت بە یەقین و ئارام گرتن، ئارامی شەھەوات و ویستە خراپەکان لادەدات، وە یەقین گومان و شوبھەکان لادەدات.
جیھادی کافر و دووڕووەکان چوار پلەن:
دڵ و زمان و مال و نەفس.
جیھادی کافرەکان تایبەت ترە بە دەست، وە جیھادی دووڕووەکان تایبەت ترە بە زمان.
بەلام جیھادی زولم و بیدعە و خراپە سێ پلەیە:
یەکەم جار بە دەست دەکرێت، ئەگەر نەیتوانی بەزمان دەکات، ئەگەر نەیتوانی بە دڵ). زاد المعاد (٣/٩ـ١١).
عبدالرحمن بن ناصر السعدی ڕەحمەتی خوای لێ بێت دەفەرمووێت: (باشترین جیھاد ڕێگا فێربوون و فێر کردنە، ئەگەر کەسێک خۆی سەرقال بکات نیەتی پاک بێت، ئەوە ھیچ کردەوەیەک بەرامبەر ئەم کردەوەیە نیە، چونکە زیندوو کردنەوەی زانست و دینی تێدایە بە ڕێنموویی کردنی نەزانەکانی). فتاوی السعدیە لاپەرە (٤٥).
موسڵمان دەبێت ئاگادار بێت و زمانی خۆی بگرێتەوە لە قسەی تووند و نەشیاو، وە نەرم و نیان و حەکیم بێت لەگەڵ خەڵک و ببێتە ڕەحمەت بۆ ئیمانداران و کافرەکان، دوعا بۆ ئیماندار و کافرەکان بکە بۆ ئەوەی خوای گەورە هیدایەتیان بدات، ئەمە ڕێبازی پێغەمبەری خوا بووە لەگەڵ کافرەکان، خەریک بوو خۆی لەناو ببات لەتاو خەم خواردن بۆ کافرەکان و بە پەرۆشی بۆیان، لەلایەکی تریشەوە لە هەندێک هەلوێست تووند بووە بەرامبەر کافرەکان، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی خۆی و بانگەوازەکەی ڕەحمەت بووە بۆ تێکڕای خەڵک.