پرسیار: حوکمی خۆش نەویستنی موسڵمان؟
وەڵام: زانایان دەڵێن خۆشنەویستنی موسڵمان دوو حاڵەتە:
یەکەم: ئەگەر موسڵمانێکی خۆش نەوێت لەبەر هۆیەکی شەرعی، وەک ئەوەی تاوانێک دەکات، یان دەست درێژی کردۆتە سەری، یان مافی خواردووە، لەم حالەتە لەسەریەتی ئامۆژگاری بکات و بیترسێنێت بە خوای گەورە و سزاکەی بەڵکو بگەڕێتەوە، وە تاوانباریش نابێت لەسەر خۆشنەویستنی، بەڵام نابێت سنور ببەزێنێت لە خۆشنەویستنی بەجۆرێک برایەتی ئیمان لەبیربکات و بێ ئینساف بێت بەرامبەری.
دووەم: ئەگەر موسڵمانێکی خۆش نەویست بێ هۆکاری شەرعی، ئەگەر خۆش نەویستنەکە نەفسی بێت، یان لەبەر نەخۆش بوونی دڵ و ئیمان لاوازی بێت، یان لەبەر حەسوودی بێت، ئەوە لەسەریەتی لێپرسینەوە لەگەڵ نەفسی خۆی بکات و چارەسەری بکات، چونکە پتەوترین گرێی ئیمان ئەوەیە کەسێکت خۆش بوێت لە ڕێگەی خوا.
پێغەمبەری خوا (ﷺ) دەفەرمووێت: (ناچنە بەهەشت هەتا ئیمان دێنن، ئیمانتان نەهێناوە هەتا یەکترتان خۆش دەوێت، ئایا شتێکتان پێ بڵێم ئەگەر ئەنجامی بدەن خۆشەویستی دەکەوێتە نێوانتان، سەلام بڵاوبکەوە لەنێوان خۆتاندا).