سەردێری پرسیار: چی بکەین لە مانگی ڕەمەزان و چۆن ئەم مانگە بەڕێ بکەین؟

بەرواری دانان: 2022-04-03 کۆدی پرسیار: 2486

پرسیار:

پرسیار: چی بکەین لە مانگی ڕەمەزان و چۆن ئەم مانگە بەڕێ بکەین؟

دەقی وەڵام:



وەڵام: زانایان سەبارەت بە مانگی ڕەمەزان دەڵێن:

١- دەبێت موسڵمان تەوبە بکات لەم مانگە، چونکە تەوبە واجبە لەسەر هەموو مرۆڤێک، داوای لێخۆش بوون بکات لەنێوان خۆی و خوای گەورە، وە لەنێوان خۆی و بەندەکانی، ئەگەر مافی کەسێکی لەلای بوو یان دڵی کەسێکی شکاند بوو. موسڵمان یان کەسێکی باشە و تەقوای خوا دەکات، یان کەسێکی خراپە و سەرپێچی خوا دەکات، لەسەر هەردووکیان واجبە تەقوای خوا گەورە بکەن، چونکە موسڵمان چەند باش بێت کەم و کوڕی هەیە لە عیبادەت و گوێرایەڵی خوای گەورە.

٢- زۆر دوعا و خێر و کردەوەی باش ئەنجام دان و کات بەفیڕۆ نەدان و مامەڵەی باش کردن لەگەڵ خەڵک، گرینگی دان بە نوێژی جەماعەت و تەڕاویح ئەنجام دان لەگەڵ ئیمام، گرینگی دان بە شەو قەدر و ئیعتکاف، گرینگ لە کردەوە ئەوەیە باش بێت نەک زۆر بێت، واتە بە پاکی بۆ خوا بێت و موافقی شەرع بێت.

٣- خۆ شارەزاکردن لە ئەحکامەکانی ڕۆژوو و هەڵوەشێنەرەکانی و فەزلی.

٤- دانیشتن لەگەڵ ماڵەوە و مناڵ و خێزان، فێرکردنی ئەحکامەکانی ڕۆژوو و هاندانی مناڵەکان.

٥- خوێندنەوەی قورئان بە (تدبر)، تدبر: بیرکردنەوە و ووردبوونەوەیە لە شتێک بە قولی.

(تدبر) لە قورئان سێ ڕووی هەیە:

یەکەم: (تدبر) لە دەقەکان بە زۆر خوێندنەوە و جوان خوێندنەوە و لەبەرکردن.

دووەم: (تدبر) لە ماناکەی، تێگەیشتن و لێ ووردبوونەوە و سوود دەرهێنان و پەند و ئامۆژگاری لێ وەرگرتن.

سێیەم: جێ بەجێکردنی ئەحکامەکان و کردەوە پێکردنیان. ووردبوونەوە لە قورئان و سوود دەرهێنان بێ کردەوە پێکردن، هیچ سوودی بۆ خاوەنەکەی نییە، بەڵکو دەبێتە حوجە لەسەر خاوەنەکەی.

٦- گوێ گرتن لە وتاری ئایینی و خوێندنەوەی تەفسیری قورئان و کتێبی ئایینی بەسوود و خۆ بەدوور گرتن لەو شتانەی کاتی مرۆڤ بەفیڕۆ دەدەن.

٧- خۆپاراستن لە غەیبەت، چونکە غەیبەتی هەر کەسێک بکەیت، چاکەکانی تۆ بۆ ئەو کەسە دەڕوات کە تۆ غەیبەتی ئەوت کردووە، بۆچی ئەوەندە خۆت ماندوو دەکەیت و لە کۆتاییدا بە ئاسانی چاکەکانی خۆت بە خەڵک دەدەیت؟!

٨- گرینگی دان بەو عیبادەتەی کە مرۆڤ لەسەری سوورە و حەزی لێیەتی، موسڵمانان لێک جیاوازن، هەیە زۆر نوێژ ئەنجام دەدات و هەیە زۆر قورئان دەخوێنێتەوە، هەیە زۆر دوعا دەکات، هەر کەسێک بە شتێک دەچێتە بەهەشت.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام