سەردێری پرسیار:پەیامتان چییە بۆ ئەو کەسەی یان ئەو بانگخوازەی جنێو بە زانایان دەدات؟ نموونە بە (هیئة کبار العلماء) دەڵێن: (هیئة حمار العلماء)؟

بەرواری دانان :2022-04-21 کۆدی پرسیار:2490

پرسیار:

پرسیار: پەیامتان چییە بۆ ئەو کەسەی یان ئەو بانگخوازەی جنێو بە زانایان دەدات؟ نموونە بە (هیئة کبار العلماء) دەڵێن: (هیئة حمار العلماء)؟

دەقی وەڵام:

وەڵام: زانایان دەڵێن جنێودان بە زانایان کەمترین شت ئەوەیە فاسقی یە، هەروەک فەرموودە هاتووە ئاماژەی بۆ ئەمە کردووە، هەروەها جنێودان بە زانایان زیانەکەی تەنها بەسەر زاناکە نییە، بەڵکو لەسەر زانستەکەشیەتی، چونکە بەجنێو پێدان پلەی نزم دەکرێتەوە لای خەڵک، خەڵک زانستەکەی وەرناگرن و زیان بە شەریعەت دەکەوێت.

ئەوانەی غەیبەتی زانایان دەکەن، یان گالتەی پێ دەکەن، یان  جنێوی پێ دەدەن، ترسی ئەوەیان هەیە کۆتاییان باش نەبێت و لەسەر خراپە بمرن، (محمد بن عبداللە الزبیدي) یەکێکە لەو کەسە بەناوبانگانەی کە (التنبیە)ی شەرح کردووە لە ۲٤ بەرگدا، زۆر قوتابیشی هەبووە و پێگەیاندووە، (جمال المصری) دەفەرمووێت: لەسەرە مەرگ لەلای بووم نەیدەتوانی وشەی شایەتومان بهێنێت، ئەوان وایان دەبینی کە هۆکاری نەتوانینی وتنی وشەی شایەتومانی ئەوە بوو کە زۆر زەمی ئیمام (النووي) دەکرد ڕەحمەتی خوا لە هەردووکیان بێت.

پێویست ناکات موسڵمان ڕقی لەدڵ بێت بەرامبەر زانایایەک یان چەند زانایەک، بەڵکو دەتوانی بە جوانی و ڕێزەوە باسی هەڵەی بکات و دوعای ڕەحمەت بۆی بکات، حیکمەتی خوای گەورە وایە زانا چەند زانا و بەرز بێت تووشی هەڵە دەبێت، بۆ ئەوەی خەڵک بزانن ئەمە بەندەیە و معصوم نییە و خوا نییە و زیادەڕەوی تێیدا نەکەن.

ئەگەر وردبیتەوە لە وتەی زانایان یان کتێبەکانیان،  هەیە تووشی شیرک و کوفر بووە، وە هەشە تووشی هەڵەی گەورە بووە لە بیروباوەڕدا، لەگەڵ ئەوەش زانایان کافریان نەکردووە، بەڵکو هەیانە لە بازنەی ئەهلی سوننەشیان دەرنەکردووە، بەڵام بەشێوەیەکی جوان هەڵەیان باسکردووە، لەگەڵ ئەمەش پێیان باش نەبووە کتێبێکی سەربەخۆ لەسەر هەڵەی ئەو زانایانە بنووسن کە کتێبەکانیان بەناوبانگن لەناو ئومەتی ئیسلامی، نەوەک هەیبەتی ئەو زانایانە لە دڵی موسڵماناندا نەمێنێت، یان خەڵک دوورکەوێتەوە لە خوێندنەوەی کتێبەکانیان.

بۆیە موسڵمان دەبێت ئاگادار بێت گۆشتی زانایان ژەهرە، هەر کەسێک بۆنی بکات نەخۆش دەکەوێت، هەر کەسێکیش بیخوات دەمرێت.

زانایان (هیئة کبار العلماء) زانای بەڕێزن دەبێت موسڵمان هەست بە فەزل و ڕێزیان بکات، چونکە بەڕاستی خزمەتێکی گەورەیان کردووە و سوودێکی زۆریان گەیاندووە بە ئوممەت، گریمان هەڵەشیان هەبێت نابێت بەم شێوەیە وەسفیان بکرێت.

بانگخواز پێشەوای خەڵکە و خەڵک سەیری قسە و کردەوە و ڕەوشتی دەکات، بۆیە دەبێت ئاگادار بێت هەموو قسەیەک نەکات لە سومعەی ئیسلام بشکێتەوە بەتایبەتی لەم سەردەمە، هەروەها جنێودان ڕەوشتی بانگخواز نییە و لە کەسایەتی کەم دەبێتەوە.

لیستی بەشەکانی پرسیار و وەڵام